14 کوردستان

بەپەلە.. دوای هەڵبژاردن شاندێکی هەرێم بۆ مووچەی ئەو مانگانەی ماون دەچنە بەغداد

03:28 - 08/11/2025

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

 

 ڕێباز حەملان ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە و نەناردنی مووچە لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵییەوە پاساوی سیاسی لەپشتە و ستەمکردنە لە خەڵکی کوردستان.

 ئەمڕۆ شەممە، ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، ئاشکرایکرد، "هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشان داوە، ١٢٠ ملیار دیناری دیکە بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندنیی عێراق، ئەگەر بەغدا پێش هەڵبژاردن بڕیاری خەرجکردنی مووچەکە بدات، بەڵام بڕیارەکەی نەداوە."

یاریدەدەرەکەی سەرۆکی حکوومەت پاساوەکانی بەغدا بۆ نەناردنی مووچەی ڕەتکردەوە و وتی: "ئەوەی دەگوترێت قەیرانی دارایی هەیە ڕاست نییە، چونکە عێراق مانگانە هەشت ترلیۆن دینار بۆ مووچەی وەزارەتەکانی خەرج دەکات، لەکاتێکدا کۆی مووچەی هەرێمی کوردستان تەنها 960 ملیار دینارە، کە نزیکە لە بودجەی مووچەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە تەنیا."

ڕێباز حەملان جەختی کردەوە: " هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لەنێوان هەولێر و بەغدا نەماوە و لیستی مووچە و میزانی پێداچوونەوە ڕەوانە کراون. ئەوەی لە بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت سیاسییە و ستەم و زوڵمە بەرامبەر خەڵکی کوردستان."
ئاماژەی بەوەشداوە، "زیاتر لە حەوت ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشراوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی مانگانە بڕی ١٢٠ ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا دەکات، کە ئەم بڕە لەوە زیاترە کە بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵی داواکراوە."

لەبارەی چۆنییەتی چارەکردنی کێشەکە، ڕێباز حەملان ئەوەی خستەڕوو، ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، شاندێکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بابەتی مووچە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن