144 کوردستان

بودجەی هێزی پێشمەرگە زیادکرا

12:27 - 14/09/2025

زەمەن _ هەواڵ

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا هاوکارییەکانی بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق و هەسەدە، کەم دەکاتەوە و بۆ هێزەکانی پێشمەرگەش زیاتر دەکات. 

 ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا تەرخانکراوی دارایی وەزارەتی جەنگی (وەزارەتی پێشووی بەرگری) بۆ ساڵی ٢٠٢٦ پەسەند کرد. 

بودجەی ساڵی داهاتووی وەزارەتەکە بە نزیکەی ٩٦١.٦ ملیار دۆلار دیاریکراوە و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەخۆ دەگرێت.

لە بودجەی ساڵی داهاتووی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا، تەرخانی دارایی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە زیاترە لەوەی بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق دیاریکراوە. 

هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە

لە بودجەی ساڵی داهاتووی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا، بڕی ٦١.٠١٤ ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردن و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە تەرخان کراوە. ئەم بڕەش بەراورد بە تەرخانکراوی ساڵی ٢٠٢٥، ٤.٧ ملیۆن دۆلار زیادیکردووە.
لەو ژمارەیەش ١١ ملیۆن و ٨٠ هەزار دۆلاری بۆ چەک، پێنج ملیۆن و ٣٢١ هەزار دۆلاری بۆ تەقەمەنی، ٢٧ ملیۆن و ٥٠٦ هەزار دۆلاری بۆ ئۆتۆمبێلی سەربازی، ١٧ ملیۆن و ١٠٦ هەزار دۆلاری دیکەشی بۆ جلوبەرگ و کەرەستەی دیکەیە. 

هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانی عێراق 

پێنتاگۆن ٤٨ ملیۆن و ٤١٩ هەزار دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی وەزارەتی بەرگریی عێراق تەرخان کردووە. ئەو بڕەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٥، ١٤١ ملیۆن دۆلار کەمی کردووە.

لەو ژمارەیەش بە بەهای ١٢ ملیۆن دۆلار ١٠٠ مووشەکی هێڵفایەر دەداتە وەزارەتی بەرگریی عێراق. `١٣ ملیۆن دۆلاریشی بۆ سیستم و ئامێری پەیوەندیکردن.

 هاوکاریی دەزگای دژە تیرۆری عێراق

لە بودجەی ٢٠٢٦، ٦٥ ملیۆن و ٥٩٥ هەزار دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی دژە تیرۆری عێراق تەرخان کراوە. ئەمەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ٥٦ ملیۆن دۆلار زیادی کردووە. لەو بڕەش 32 ملیۆن دۆلار بۆ راهێنان و ٣٣ ملیۆن دۆلاری دیکەش بۆ چەک و کەرەستەی سەربازی.  

هاوکاریی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)

ئەمەریکا بۆ ٢٠٢٦ لە هاوکارییەکانی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەردەوام دەبێت و وەزارەتی جەنگ ١٣٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو هاوکارییانە تەرخان کردووە و بەراورد بە ٢٠٢٥، ١٧ ملیۆن دۆلار کەمی کردووە. 

لەو ژمارەیەش ٦٥ ملیۆن دۆلار بۆ مووچە، ١٥ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دۆلار بۆ راهێنان و چەک، ٣٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دۆلاریش هاوکاریی لۆجستی و ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار دۆلاری دیکەش بۆ چاککردنەوە و وەرشە. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن