12وتار

ئایفۆنی ١٧ ت بۆچییە، برالە؟

9/11/2025 7:42:00 PM
لوقمان غه‌فوور


تایبەتمەندی، نەوە لە دوای نەوەی ئایفۆن بۆ زیادبوونی ئەو بەرنامانە دەگەڕێتەوە کە مرۆڤی خاوەن پیشەو دیارتر پێداویستی رۆژانە بەکاریدەهێنێت. ئەگەرنا مەسەلەی قسەکردن و فەیسبووک و ڤایبەر و وەتس ئەپ بێت، ئەو کارەی بە ئایفۆنی ١٧ دەکرێت ، هەمان ئایفۆنی ٧یش بۆت ئەکات. من پرسیارێک ئەکەم ؛ لە کوردستان ، چەند کەس ئەپی بانک و کریدت کارت لەسەر سکرینی فۆنەکەیەتی.
 بۆ نموونە جاری وایە کەسێک لە ئەمریکا، تا ١٢ ئەپی بانک و کریدت کارت لەسەر سکرینی فۆنەکەیەتی. چەند کەس ئەپی وەک (ADP) خشتەی کارکردنی رۆژانەی لەسەر سکرینی فۆنەکەیەتی، کاتێک ئەچێتە سەر کار ، لەرێی ئەپەکەوە (in day) دەکات و کە کارەکەی کۆتایی هات لە رێگەی ئەپی سەر سکرینەکەوە (out day) دەکات. چەند کەس ئەپی indeed بۆ دۆزینەوەی هەلی کارکردن بەکاردەهێنێت! یان چەند کەس ئەو ئەپانە بەکاردەهێنێت کە هەلی کاری فلێکسەبڵن بۆ نموونە من دەمەوێت کارێکی سەربەخۆ بکەم وەک شۆفێری تاکسی، ئەبێت ئەپی (UBER) دابەزێنم لەسەر سکرینی مۆبایلەکەم، ئەوکات ئەو ئۆفەرانەم بۆدێت، واتە کەسێک چاوەڕێی تاکسی دەکات و من دەچم بۆ ئەو شوێنە.
دەیان ئەپی کارکردنی وەک ئوبەر هەیە. لە کوردستان چەندی وا هەیە. وەک کوردێک لە کوردستان چەند ئەپت دابەزاندووە کە تۆ خۆتت تێدا ناونووس کردووە و هەلی کارت بۆ دەدۆزێتەوە. وەک کوردێک چەند ئەپی وەک Zillow ت دابەزاندووە ئەگەر سبەی خانوو بکریت ، نووسینگە بە نووسینگە نەگەڕێیت، لە رێگەی ئەو ئەپانەوە تۆ خانوو بەکرێ بگریت یان بیکڕێت.
 وەک کوردێک چەند کەس لەرێی ئەپێکەوە پارەی کارەباو خزمەتگوزاری ئەدات. وەک کوردێک چەند کەس کە گەشت ئەکات بە فرۆکە لەرێگەی ئەپێکەوە بلیتی فرۆکە ئەبرێت. دەیان ئەپی جۆراو جۆری تر کە بۆ کارکردن و بڕکردن و خزمەتی رۆژانە ی مرۆڤ دانراوە، نەوە لە دوای نەوە مۆبایلەکان لەگەڵ خزمەتگوزارییەکان گۆڕانیان بەسەردێت.
کەواتە ، بەراستی پێم سەیرە خەڵک ئەچێت ١٥٠٠ دۆلار ئەدات بە مۆبایلێک کە ئەرکەکەی لای ئەو تەنیا قسەکردن و سەیرکردنی فەیس بووک و چەشنەکانی بێت.ئەوە بەراستی غەدرێکی گەورەیە لە بودجەی خۆی و منداڵەکانی دەیکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن