محەمەدی حاجی مەحمود بۆ چارەسەری نەخۆشی لە ئەڵمانیایە
03:02 - 10/09/2025
زەمەن _ هەواڵ
محەممەد حاجی مەحموود، نەخۆشە و بۆ چارەسەر چووەتە ئەڵمانیا و وتەبێژی حیزبەکەی دەڵێت: "بۆ پشکنین و چارەسەری برینی کۆن چووە"، بەڵام هەندێک سەرچاوەش دەڵێن: تووشی نەخۆشیی دڵ بووە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٠ی ئەیلولی ٢٠٢٥، فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە ڕایگەیاند: "کاک محەممەدی حاجی مەحموود، بۆ پشکنین چووەتە ئەڵمانیا، چونکە لە پێشمەرگایەتیدا حەوت جار بریندار بووە و بە چەکی کیمیاییش پێکراوە، بۆیە جارجار بۆ پشکنین ناچارە بچێتە ئەڵمانیا."
هاوکات، هەندێک سەرچاوەی تر باس لەوە دەکەن، محەممەد حاجی مەحموود بۆ چارەسەری نەخۆشیی دڵ چووەتە ئەڵمانیا و تووشی نەخۆشیی دڵ بووە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە، بەڵام قۆناخی مەترسیی تێپەڕاندووە.
محەممەد حاجی مەحموود، ساڵی ١٩٥٣ لەدایکبووە، سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانە و وەزیر و ئەندامی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بووە.