وەزیری تەندروستی: کێشەی نەخۆشخانەکانى سلێمانی چارەسەر دەکرێت و دووبارە نابێتەوە
09:21 - 13/09/2025
زەمەن پرێس:
وەزیری تەندروستی حکومەتى هەرێم رایدەگەیەنێت، کێشەی نەخۆشخانەکانى
سلێمانی چارەسەر دەکرێت و دووبارە نابێتەوە و دەشڵێت: تەنیا لە سلێمانی کیشەی
نەختینەیی پارەمان نییە، لە شوێنەکانی دیکەش ئەو کێشەیەمان هەیە.
دوای ئەوەی د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتى تەندروستى سلێمانی
رایگەیاند، لەم هەفتەیەوە نەشتەرگەری گشتى لە نەخۆشخانە حکومییەکانى سلێمانی
ڕادەگیرێت، ئەمە کاردانەوەى فراوانی لێکەوتەوە.
ئەمشەویش بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاوی کردەوە، شەممە
١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٥، کە کێشەی نەشتەرگەری و دەرمان و نەبوونی کەرەستەی پزیشکی لە
سلێمانی تا کۆتایی ئەمساڵ چارەسەرکرا.
هاوکات ئەمشەو د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی بە کەناڵ ٨ی
ڕاگەیاند، بودجەى پێویست بۆ کەرتى تەندروستى تەرخان کراوە گرفتمان لەگەڵ پارەى
نەختینەیی هەیە، تەندروستی سلێمانی توانیویەتى تەنیا پێنج ملیار دینار لە بەشە
بودجەکەیان خەرج بکەن.
وەزیری تەندروستی
داوای لە وەزارەتى دارایی کرد هاوکارییان بێت لە دابینکردنى دەرمان بۆ
نەخۆشخانەکان.
دەشلێت: تەنیا لە سلێمانی
کیشەی نەختینەیی پارەمان نییە، لە شوێنەکانی دیکەش ئەو کێشەیەمان هەیە، ئەو
کێشەیەی لە سلێمانی هەبوو چارەسەر دەبێت و دووبارە نابێتەوە.