پەرلەمانتارێک: ئەم هەفتەیە هەرێم و بەغداد ڕێکبکەون مووچە دێت
02:47 - 06/09/2025
زەمەن _ هەواڵەکان
پەرلەمانتارێک لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، سبەی و دووسبەی كۆبوونەوەكانی نێوان شاندی دانوستانکاری هەرێم و بەغداد دەستپێدەکاتەوە و ئەگەر بگەنە ڕێککەوتن مووچە دێت.
ئەمڕۆ شەممە، ٦ی ئەیلولی ٢٠٢٥، شوان كەلاری، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی ڕایگەیاند: هەرچەندە پێنجشەممە شاندی دانوستاندنكاری هەولێر و بەغدا، لە شاری بەغدا كۆبوونەوە و نەگەیشتنە ڕێككەوتن، بەڵام كۆبوونەوەكان كۆتاییان نەهاتووە و ئەم هەفتەیەش چەند كۆبوونەوەیەكی دیكە لەنێوان شاندی باڵای هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ بەڕێوەدەچێت.
وتیشی: ڕاستە لە كۆتا كۆبوونەوەیان شاندی هەولێر و بەغدا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن بەڵام بۆچوونی هەردوولا سەبارەت بە یاسای كارگێڕیی دارایی خراوەتە ڕوو و زۆر دوور نین لەیەكتر و لەسەر زۆر خاڵیش لەیەك نزیكن و هاوبۆچوونن، وا بڕیارە سبەی و دووسبەی كۆبوونەوەكانی نێوان دەستپێبكەنەوە بۆ ئەوەی بگەن بە چارەسەری كۆتایی.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا، كە تەوەری گفتوگۆكان زیاتر داهاتی نانەوتییە بەڵام داواكاریی كۆمپانیاكانی نەوتیش بەشێكە لە گفتوگۆكان و كۆمپانیاكان داوای گەرەنتی دەكەن كە ئەمەش تاوەكوو ئێستا بەربەستە لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.
شوان كەلاری ڕوونیشی كردەوە كە دەبێت بۆ سێشەممە كە وا بڕیارە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوە بچێت، شاندی دانوستاندنكار ڕاپۆرتیان ئامادە بێت و بخرێتە بەردەم سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی لەسەر بكرێـت و بخرێتە دەنگدانەوە و بڕیاری كۆتایی لێبدرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەهۆی ڕێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدا، تاوەكوو ئێستا چارەنووسی مووچەی مانگەكانی حەوت و هەشت و دواتر نادیارە، بەپێی زانیارییەكان ئەگەر ئەم هەفتەیە هەردوولا لەسەر پرسی داهاتی نانەتی و هەناردەكردنی نەوت بگەنە ڕێككەوتن چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان یەكلا دەبێتەوە.