كارتی نیشتمانی خزمەتگوزارییەكی نوێ هەیە
11:55 - 06/09/2025
زەمەن - هەواڵ
حكومەتی عێراق بیری لەوەكردۆتەوە كە دەرهێنانی
كارتی نیشتمانیی گۆڕانكاری بەسەردابێ و دەتوانرێت منداڵ دوای لەدایكبوونی، دەستبەجێ
كارتی نیشتمانی بۆ دەربهێنرێت.
لە لێدوانێكیدا لیوای مافپەروەر ئەحمەد حەدید،
بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە و زانیاریی شارستانیی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی ئەلعێراقیەی ڕاگەیاندووە،
لە سەرەتای ساڵی داهاتوو، سیستمی نوێی دەرهێنانی كارتی نیشتمانیی پەیڕەو دەكرێت كە
كۆمەڵێك تایبەتمەندیی نوێ لەخۆدەگرێت.
بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە و زانیاریی شارستانیی عێراق
ڕوونیشی كردەوە، لە سیستەمە نوێیەكەدا، خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان بەردەست
دەخرێت، لەوانەش؛ زیادکردنی ناوی منداڵی تازە لەدایكبوو، كە دوای دەركردنی بەڵگەنامەی
لەدایكبوون دەتوانرێت دەستبەجێ كارتی نیشتمانی بۆ دەربهێنرێت، پێچەوانەی سیستمی ئێستا
كە ناتوانرێت منداڵی خوار 12 ساڵ تۆمار بكرێت.
کارتی نیشتمانی جێگرەوەی پێناسی باری شارستانی
و ڕەگەزنامەی عێراقییە، ماوەی چەند ساڵێکە هەوڵدراوە ئەو کارتە ببێتە شوێنگرەوەی ئەو
دوو پێناسەی دیکە و ببێتە هۆی ئاسانکاری زیاتر و تۆمارکردنی هەموو هاووڵاتییان لە
سیتمێکی ئەلکترۆنی لەسەرتاسەری عێراق.