دیمەنی هەرێم لەدیمەنی ڤێتنامو ئەفغانستان دەچێت
9/3/2025 3:06:00 PM
سهرتیپ جهوههر
ئەو دۆخەی ئێستای هەرێم پێیدا تێدەپەڕێت زۆر خراپترە لەوەی لەمیدیاكان دەخرێتەڕوو، رۆژ دوای رۆژ پاشەكشەی زیاتر دەبینین، ماوەیەكیشە زەنگی ئاگاداركردنەوە لەچەندین لاوە دەبیستین، بێئەوەی دەسەڵاتدارو حوكمڕانانی ئەم هەرێمە راچڵەكێنێت، بگرە رۆژ دوای رۆژ روو لەدۆخێكی نادیارتر دەكەین.
ئەم هەرێمەی ئێمە توانای خۆپارێزیی و بەرگەی سەربازیی و ئابوریی نییە. حوكمڕانان لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و شەخسیی رێگربوون لەبنیاتنانی ژێرخانێكی ئابوریی سەقامگیرو سەربەخۆ، هێزێكی سەربازیی یەكگرتووی نیشتیمانیی، بنیاتنانی دامەزراوەی راستەقینەی حوكمڕانیی.
لەماوەی 34 ساڵی رابردوو حوكمڕانانی هەرێم نەك نەیانتوانی، بگرە رێگر بوون لەبەردەم بنیاتنانی دامەزراوەی دەستوریی و دروستبوونی زەمینەی گەشەكردنی دیموكراسی! خۆ ئەگەر بوونی ئەمریكا لەناوچەكە نەبووایە، بەدڵنیاییەوە بارودۆخێكی دیكە دەبوو كە كەسمان خۆزگەی پێناخوازین، بەڵام ئەوەی دەیبینین هەرێم بەم بارودۆخەی هەیەتی، زۆر خراپتر دەبێت. وەك چۆن جێنین پلاسخارت بەر لەسێ ساڵ حوكمڕانانی هەرێمی لەم دۆخە ئاگاداركردەوە و گوتی "وامەزانن ھەرێمی کوردستان بە پارێزراوی دەمێنێتەوە" بۆیە هەركاتێك ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتیەی كە زۆر لاوازبووە نەمێنێت یان ئەمریكا بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی بدات، بەدڵنیاییەوە هەرێم بەرگەی كزەبایەكیش ناگرێت بەتایبەت ئێستا كە هیچی بەسەر هیچەوە نەماوە!
لەمێژووی چ میللەتێكی چەوساوە بووە لەماوەی 34 ساڵی حوكمڕانیەكەی، هەڵبژاردنێك لەماوەی خۆیدا نەكرابێت! پەرلەمانی نەبێت و حكومەتێكی شەرعیی و دامەزراوەیەكی دادوەریی دوور لەدەستوەردانی حزبی نەبێت؟! چ مەنتقێك رێگە بەوە دەدات ساڵێكە هەڵبژاردن كراوە كەچی هیچ ئاسۆیەك دیار نییە كەی حكومەت دروستدەكرێت! نەبووەو نەكراوە وڵاتان مانگانە بودجەیەك بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بكەن لەپێناو یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، كەچی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیان و حزب بەقسەیان نەكەن؟!
ساڵی 1968 گفتوگۆی نێوان ڤێتنامی باكورو ڤێتنامی باشور (هانۆی و سایگۆن) بەنێوانگری ئەمریكا دەستیپێكرد، بەجۆرێك ئاڵۆز بوو ساڵی 1970 ماوەی 10 هەفتە لەپاریس هەردوولا گفتوگۆیان كرد تەنها لەسەر ئەوەی شێوەی ئەو مێزەی گفتوگۆی لەسەر دەكەن چۆن بێت؟! لەكۆتایی رێككەوتن مێزێكی گەورەی خڕ بێت و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان یەكسان بەرامبەر یەكتر دانیشن؟!
ئەمریكا لەدۆخی گفتوگۆكان زۆر ناڕەحەت بوو، زۆر بێهیوابوو لەگەیشتنەرێككەوتنی هەردولا، بۆیە لەژێرەوە بەبێ پرسكردن بەڤێتنامی باشور (هاوپەیمانەكەی) دەستیكرد بەگفتوگۆ لەگەڵ ڤێتنامی باكور (شیوعیەكان) و سەرئەنجام بێ گوێدانە چارەنوسی ڤێتنامی باشور لەساڵی 1975 دەستی بەكشانەوە كرد. دوای كشانەوەی ئەمریكا، خێرا حكومەتی باشور كەوت و هەزاران هاوڵاتی روویان لەباڵیۆزخانەی ئەمریكا كرد بۆ راكردن، دەیان هەزاریش لەڕێی بەلەم و كەشتی و لەسنورەكانەوە روویان لەدەرەوە كردو ئاوارەو سەرگەردان بوون.
لەئەفغانستان دوای نزیكەی 20 ساڵ مانەوەی هێزی سەربازیی ئەمریكا، بەڵام بێهیوابوون لەبەرەو پێشچوونی دۆخی سیاسی و سەقامگیریی، لەكۆتایی ئابی 2021 بێ گوێدانە هیچ لێكەوتەیەك، ئەمریكا لەئەفغانستان كشایەوە! دیمەنی خۆ هەڵواسین و خۆبەفرۆكەوەكردنی هاوڵاتیانی ئەفغانستان دووبارەبوونەوەی هەمان دیمەنی سایگۆن بوو كە لەساڵی 1975 كاتێك هاوڵاتیانی ڤێتنام لەترسی هاتنی شیوعیەكان خۆیان بەفرۆكەی ئەمریكا هەڵدەواسی بەڵكو رزگاریان ببێت.
خولاسە، ئەوەی لەهەرێم دەگوزەرێت لەهەمان دیمەنی ڤێتنام و ئەفغانستان دەچێت كە ئەمریكاو وڵاتان هاوكارییەكی زۆریان پێشكەشكرد، بەڵام ئەنجامێكی تراژیدیی و خراپی هەبوو، حوكمڕانانیان نەك نەیانتوانی میللەتەكەیان بگەیننە كەناری ئارام، بگرە بوونە مایەی هەشبەسەریی و ماڵوێرانیی. لەگەڵ رۆیشتنی خۆیان ئومێدو هیوای گەلێكیان لەناوبرد.
بەكورتی ئەوانەی گرەو لەسەر مانەوەی ئەمریكا دەكەن بۆ پارێزراویی و پشتیوانی ئەم قەوارەیە هەڵەیەكی گەورە دەكەن، چونكە نە ئەمریكاو نەهیچ وڵاتێكی دیكە ئامادەیە تاسەر پشتیوانی قەوارەیەك بكات كەچی بەڕێوبەرانی قەوارەكە هەست بەبەرپرسیارێتی نەكەن و خەمی وڵاتەكەی خۆیان نەبێت!