تەیف سامی سێ مەرجی بۆ ناردنی مووچە هەیە
02:14 - 07/08/2025
زەمەن _ هەواڵەکان
تەیف سامی لە کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و بەغداد سێ مەرجی بۆ ناردنی مووچە بۆ هەرێم ئاشکراکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٧ی ئابی ٢٠٢٥، ، نزیکەی دوو کاتژمێرە کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتیی دارایی هەرێم لەگەڵ تەیف سامی لەسەر پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بەردەوامی هەیە و تیایدا چەند بابەتێک یەکلادەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی چڕ لەسەر سێ تەوەر دەکەن کە ئەگەر چارەسەر بکرێت تەیف سامی مووچە دەنێرێت، تەوەری یەکەم ئەوەیە عێراق داوایکردووە لەسەر هەژماری من بانکەکانی رەشید و رافیدەین بەشداریی لە پڕۆژەکەدا بکەن، هەرێمی کوردستانیش رەزامەندی دەربڕیوە بە مەرجی جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی هەژماری من.
هاوکات تەوەری دووەمیش تەجاوزاتی ئەو خەرجیانەیە لە بودجەی تەشغیلی داوا دەکات، تەوەری سێیەمیش تایبەتە بە بابەتی داهاتی ناوخۆ کە بەغدا داوای سەدا 50ی تەواوی داهاتی ناوخۆ دەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەم داواکارییە بە پێشێلی دەستور ناودەبات و دەبێت بەپێی ماددەی 21ی دەستور جێبەجێبکرێت.