25 عیراق

وەزیری نەوتی عێراق: عێراق رۆژانە 300 هەزار بەرمیل بەهۆی هەرێمی کوردستانـەوە زیانی پێ دەگات

04:30 - 12/07/2025

زەمەن _ عێراقی

 

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند: کێشەی سەرەکی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕی بەکاربردنی نێوخۆییە.و عێراق رۆژانە 300 هەزار بەرمیل لە پشکی ئۆپیک بەهۆی هەرێمـی کوردستانـەوە زیانی پێ دەگات."

ئەمڕۆ شەممە، ١٢ی تەمووزی ٢٠٢٥، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی عێراق لەبارەی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە ئاشکرایکرد و وتی: "حکومەتەکانی فیدراڵی و تورکیا ئامادەن، بەڵام چاوەڕێی رادەستکردنی نەوتەکەن لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە."

وتیشی، "یاسای بودجە، هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە بە رادەستکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە کۆمپانیای سۆمۆ، بە مەبەستی هەناردەکردنی لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیاوە."

حەیان عەبدولغەنی ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ خێراکردنی پرۆسەکە، یاسای بودجە هەموار کرایەوە و بڕیاردرا ١٦ دۆلار وەکو پێشەکی بۆ هەر بەرمیلێکی بەرهەمهێندراو بدرێتە هەرێمی کوردستان.

وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەشکردووە، "ئەم رێککەوتن و هەموارکردنەوەیە خرایە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و رەزامەندیی هەموو لایەنەکانی لەسەر بوو، چونکە لە پەرلەمان خرایەڕوو و هەموو ئەندامانی پەرلەمان رەزامەند بوون."

سەبارەت بە هۆکاری جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنەکە، وەزیری نەوتی عێراق وتی: "یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ئەوەیە کە بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان، بڕی پاڵاوتن یان بەکاربردنی نێوخۆیی بە ٤٦ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا خەمڵێندرا، بەڵام ئێستا هەرێمی کوردستان داوا دەکات ئەو بڕە ٦٥ هەزار بەرمیل بێت، ئەمەش پێشێلکاریی یاسای بودجەیە."

حەیان عەبدولغەنی دەشڵێت: "ئێمە وەکو حکومەتی فیدراڵی، لایەنی تورکی و لایەنی کوردیمان ئاگادار کردووەتەوە کە ئامادەین بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە نەوتە و هەناردەکردنی. لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیاش کۆبوومەتەوە و تورکیا ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، بەڵام چاوەڕێی ئەوەین براکانمان لە هەرێم ئەو بڕە نەوتە رادەست بکەن."

وەزیری نەوتی عێراق وتی، "حکومەتی فیدراڵی ئێستا نزیکەی 300 هەزار بەرمیل زیان دەکات، چونکە ئەو بڕەی لەلایەن هەرێمەوە بەرهەم دێت، لەسەر پشکی عێراق لە ئۆپیک هەژماردەکرێت، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی فیدراڵی سوودی لێوەرناگرێت."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن