29 عیراق

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دەستیپێکرد

02:22 - 11/04/2026

زەمەن - هەواڵ

بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دەستیپێکرد.

سروە محەممەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد: "بە ئامادەبوونی 223 پەرلەمانتار، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دەستیپێکرد".

بەوتەی بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی وتیشی،" 260 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کردووە".

بەگوێرەی دەستووری عێراق، بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە پێویستی بە ئامادەبوونی 220 ئەندامە لە 329 ئەندامەکەی پەرلەمان.

کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان تەنیا یەک خاڵ لەخۆدەگرێت کە ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە. هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هۆشداری داوە کە ناوی ئەو پەرلەمانتار و فراکسیۆنانە بۆ ڕایگشتی بڵاودەکاتەوە کە نابنە بەشێک لە تەواوکردنی هەنگاوە دەستوورییەکان. بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە، پێویستە ڕێژەی دوو لەسەر سێی ئەندامان ئامادە بن، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 230 پەرلەمانتار واژۆیان بۆ بەشداریکردن کردووە.

کاندیدەکان و ناکۆکیی نێوان یەکێتی و پارتی

سەرەڕای ئەوەی 10 ڕۆژ مۆڵەت بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درابوو بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە. یەکێتی نزار ئامێدی و پارتی فوئاد حوسێنی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر کردووە و هەردوولا بە جیا دەچنە کێبڕکێی ناو هۆڵی پەرلەمانەوە.

هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ رایگەیاند: "رێژەی یاسایی ئامادەبوون بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق تەواو دەبێت و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتی بە سەرۆککۆماری عێراق هەڵدەبژێردرێ".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن