بەدواداچونی پەرلەمانتارێك: چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ مووچە بنێردرێت
12:55 - 01/07/2025
زەمەن - هەواڵەكان
شێروان دووبەردانی،
ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: شاندی هەرێمی کوردستان شەوی
ڕابردوو گەڕاوەتەوە هەولێر و ڕێککەوتنێک کراوە کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی
وەزیرانی عێراق بابەتی ڕێککەوتنی نیوان هەولێر و بەغدا باس بکرێت، هاوکات پێشبینی
دەکرێت هەر ئەمڕۆ لەو کۆبوونەوەیە دا بڕیار لە تەمویلکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی
کوردستان بۆ مانگی پێنج بدرێت.
وتیشی: هەرێمی
کوردستان ئامادەیی تەواوی نیشانداوە پابەندبێت بە تەواوی بابەتە دەستوورییەکان کە
لە نێوان هەردوولا هەیە ئەوەی دەمێنێتەوە کە بەغدا پابەند بێت بە بڕیارەکانی خۆیەوە.
دوای زیاتر لە
دوو ساڵ مشتومڕ و کێشمەکێش لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت و کێشەی مووچەی خەڵکی
کوردستان، هەفتەیەکە هەردوو حکومەتی عێراق
و کوردستان بەچڕی دەستیان بە دانوستان کردووە و خواستێکی جددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی
کێشەکان، هەردوولا ڕێککەوتنی سەرەتاییان کردووە و تەنیا واژۆکردن و ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی
کۆتایی ماوە، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەو بابەتەش باس بکرێت.
وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی لە لیستی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشی
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواو کردووە و تەنها ماوە بڕیاری خەرجکردنی بۆ دەربچێت.