زۆر سوپاس KNN
6/30/2025 8:03:00 PM
هێمن حەسەن
ئەم کەناڵە خزمەتێکی گەورەی لە بواری رۆژنامەگەری کوردی و هۆشیاربوونەوەی خەڵکی کوردستان کرد، کەناڵێک بە کەموکوڕی و هەڵە و پەڵەکانییەوە، مێژوویەکی جوان و سەرکەوتووی تۆمار کرد، هەرگیز ناتوانی باسی رۆژنامەگەری کوردی بکەیت بەتایبەت لە باشووری کوردستان ئەگەر باسی کەناڵی کەی ئێن ئێن نەکەی.
ئەم کەناڵە لەو کاتانەشی کە حزبەکەی لە حکومەتدا بوو هەواڵێکی زۆر درا کە بێدەنگ بکرێت و لە زمان بخرێت، بەڵام هەمیشە لەبەرەی خەڵکدا مایەوە و بەرەی خەڵکی چۆڵ نەکرد.
من هەرگیز بۆ ساتێکیش لەو کەناڵەدا کارم نەکردوە، ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠١٠ وە داوای زۆرم لێدەکرا کاری تێدا بکەم، بەڵام هەرگیز نەچووم و کارم تێدا نەکرد، بەڵام تا ئەم ساتەش پێموایە لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریکردن بووە لە خەڵک، زیادەڕەویکردن نییە ئەگەر بڵێم زۆرینەی کۆمەڵگەی ئێمە لە ڕێگەی ئەم کەناڵەوەی هۆشیاری سیاسی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی خۆی وەرگرت، ئەم کەناڵە بوو وایکرد خەڵک بزانێت ئەرک و مافی چییە و چۆن داواکاری خۆی لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات.
ئەم کەناڵە کە ئێستا دادەخرێت بە ڕووسووری و فەخرەوە مەیدانەکە چۆڵ دەکات، ئەوانەی ساڵانێکە لەم کەناڵە یەک دوای یەک کاریان کردوە دەتوانن فەخەر بکەن کە بە دەستی بەتاڵەوە لێی دەرنەچوون، بەڵکو کارێکی گەورە و مێژووییان بۆ خۆیان بۆ بواری رۆژنامەگەری جێهێشت.
ئەم کەناڵە بۆ رۆژنامەنووسانیش سەرچاوەیەکی سەرەکی و باوەڕپێکراو بوو، بۆ کەناڵەکانی تری راگەیاندن سەرچاوە بوو، میمبەریکی جوانیش بوو بۆ رۆشنبیران و ئازادیخوازان و سەربەخۆکان و هەموو کەسێک.
لە کۆتاییدا دەڵێم زۆر سوپاس KNN
هێمن حەسەن