سودانی: بەرگرییەكی ئاسمانی گونجاومان نەبو بۆ رێگری لە تێپەڕبونی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل
07:01 - 30/06/2025
زەمەن
پرێس:
محەمەد
شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی سیستمێكی بەرگریی ئاسمانی
گەتجاوی نەبوە بۆ بەرپەرچدانەوەی تێپەڕبونی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بە ئاسمانی
عێراقدا لەكاتی هێرشكردنە سەر ئێران.
محەمەد
شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی بی بی سی
فارسی رایگەیاند"هۆكاری ئەوەی نەمانتوانی رێگری لە هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی
ئیسرائیل بكەین كە ئاسمانی عێراقیان بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكاردەهێنا، ئەوە بو
كە سیستمێكی بەرگریی ئاسمانی گونجاومان نەبو."
ئاماژەى
بەوەشکردوە، نزیكەی 48 سەعات بەر لە دەستپێكردنی جەنگەكە، هەمو هەڵسەنگاندنە ئەمنی
و سیاسی و تەنانەت میدییاییەكانیش باسیان لەوە دەكرد كە رودانی كردەیەكی سەربازی
نزیكە.
سودانی
وتوشیەتی"ئێمە لە دۆخێكی بەمشێوەیەدا بوین، هاوكات ئێمە بە گفتوگۆی بەردەوام
لەگەڵ دۆستان و هاوپەیمان و دراوسێكانی عێراقدا، لەبارەی مەترسییەكانی
دەستدرێژییەكی لەمشێوەیە هۆشداریمان دەدا. راپۆرتە ئەمنییەكان بەزاندنی ئاسمانی
عێراقیان پشتڕاستكردەوە، هەواڵەكان باسیان لە دەستدرێژیكردنە سەر ئێرانی دراوسێمان
كرد."
لەبارەی
ئەوەی چ هەنگاوێكیان گرتۆتەبەر بۆ بەرگرتن لە پێشێلكردنی ئاسمانی عێراق، سەرۆك
وەزیران سودانی ڕوونیکردەوە، پێشێلكردنی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە،
پێشێلكردنی سەروەریی وڵاتێكی سەربەخۆی ئەندامی نەتەوە یەكگرتوەكان و پیشێلكردنی
پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانە و هەروەها هەڕەشەیە بۆ سەر سوپاو ئاسایش و هاوڵاتیانی
عێراق.
سەرۆک
وەزیرانی عێراق جەحتیشی كردۆتەوە كە دەستوری عێراق بەكارهێنانی ئاسمانی وڵاتەكە بۆ
دەستدرێژكردنە سەر وڵاتانی دیكەی قەدەغەكردوە، بۆیە ئەو دەستدرێژییە، پێشێلكردنی
یاساكانی ئێمەشە، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە بە پێشكەشكردنی سكاڵای رەسمی بە
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رێكاری یاساییمان گرتەبەر.
سەبارەت
بە بەزاندنى ئاسمانی عێراق، سودانی ڕایگەیاندوە"بەداخەوە بەهۆی چەند
ئاڵۆزییەكی زۆرەوە كە لە رابردودا بەهۆی بونی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە
عێراق، بونیان هەبو و هەروەها كەمتەرخەمی كابینەكانی پێشوی حكومەتی عێراق لە
دابینكردنی سیستمێكی بەرگریی ئاسمانی، ئێمە بەرگرییەكی گونجاومان نەبو كە لەڕوی
تەكنەلۆژییەوە پێشكەوتو بێت و بتوانێت روبەڕوی ئەو پێشێلكارییانە ببێتەوە."
سەرۆك
وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەوەش جەختی كردۆتەوە "ئێمە دەمانەوێت سیستمی بەرگریی
ئاسمانی عێراق بەهێز بكەین كە لە سەرەتای حكومەتەكەی منەوە دەستمان بەو كارە كردوە."