* لە پانتەیۆنی پاریسەوە تا شێرکۆ بێکەس: پێشانگای ڕەزا *
6/29/2025 5:12:00 PM
بەختیار ئەمین
ئەمڕۆ بە ڕێکەوت لە پاریسی پایتەخت ، بەلای مۆنومێنتی پانتەیۆن (گوڕستانی گەورە پیاوان) دا تێپەڕیم، پێشانگایەکی زۆر سەرنجڕاکێشم لە بەردەم مۆنومێنتەکە بەرچاو کەوت.
ئەم مۆنومێنتە لە نێوان ساڵانی ١٧٥٨-١٧٩٠ لە لایەن نیگارکێش و تەلارساز ژاک ژێرمان سوفلۆوە لەسەر وەسیەتی شا لویسی پانزەهەمی فەرەنساوە بە تەنیشت زانکۆی سۆربۆنەوە دروستکراوە، لەسەرەتادا بۆ ئاسەوار و پاشماوەی تەرمی ژن چاکێکی پیرۆز سانت جێنێڤیەڤ کە بە قەدیسی پیرۆزی پارێزەری شاری پاریس دەژمێررێت وەک کڵێسایەک دروستکرا، هەڵبەتە نە شا لویس و نە تەلارسازەکەش ئەم کەڵە مۆنومێنتەیان لە ژیاندا نەبینی و لە ساڵی ١٧٩١ پاش ئەوەی شۆڕشی فەرەنسای بەسەردا هات ، بە بڕیای ئەنجومەنی نیشتمانی فەرەنسا لەسەر مۆدێلی پانتەیۆنی رۆما کرا بە ماوزەلەیۆم بۆ گەورە ناودارانی فەرەنسا و گۆڕی گەورەشۆڕشگێرانی وەک میرابۆ و ژان پۆل مارا ، و فەیلەسوف و نوسەر و هونەرمەند و زۆر کەسایەتی ناوداری بە تێپەڕبوونی ساڵ گرتە خۆ و لەوێ نێژران هەر لە ژان ژاک روسۆ، ڤۆڵتێر و ڤیکتۆر هوگۆ و ئێمیل زۆلا و ژان مۆنێ و رێنێ کاسان و ژان ژۆرێس و ژان پێران و پێر کوری و مەدام ماری کوری و ئاندرێ مالرۆ و سیمۆن ڤەی و جۆسیفین بەیکەر و میساک مانوکیانی ئەرمەنی و مێلینێ مانوکیانی خێزانی و هتدی لێیە، کە سەرجەم پتر لە ٨٠ گەوەرە پیاو و ٧ گەورە ژنی تێدا نێژراوە کە بۆ ڕێزلێنان و سپاسگوزاری نیشتمانی فەرەنسا بۆ ئەم ناودارانە لە سەدەی هەڤدەهەمەوە دروستکراوە. ڕۆژانە بە هەزاران کەس لە خەڵکی فەرەنسا و دونیا سەردانی ئەم مۆنومێنتە دەکەن.
هەرکەسێکیش بۆ سەردانی مۆنومێنتەکە بێت و بەو گوزەرەدا تێپەڕێت پێشانگا کاتیەکەی بەردەمی وەک موگناتیس دەیگرێت و سەرنجی ڕادەکێشێت و سەختە بتوانێ تەماشای یەکە بە یەکەی وێنە و تابلۆ زۆر دەربڕێنەر و زۆر سەرسامکەر و لە ڕادەبەدەر جوانەکانی فۆتۆگرافەری جیهانی بە ڕەگەز ئێرانی (ڕەزا) نەکات. ڕەزا فۆتۆگرافەرێکی پرۆفێشناڵی جیهانی، ئایدیالیست و مرۆڤپەروەر زۆر ناسراوی ئاژانسی فۆتۆگرافی گاما یە و کارەکانی لە گۆڤاری ناشناڵ جەیۆگرافیک و چەندین گۆڤار و ڕۆژنامە و ئاژانس و میدیای جیهانی دیکە بڵاو کردۆتەوە و دەکات و پێشانگاشی لە گەلێک لە وڵاتانی جیهان نمایشکردووە و خاوەنی چەندین خەڵاتی ئەوروپی و جیهانییە.
نمایشکردنەکەی ئەمڕۆی ڕەزا بریتییە لە 14 تابلۆی چوار ڕوویی وێنە و قسەی گەورە شاعیران و ناودارانی دونیا، دە نێویاندا: هۆمێر (یۆنان)، مارگریت یورسەمەر (بەلجیکا) ، پابلۆ نیرودا (شیلی)، حافیز (ئێران) ، رۆمی (بەڵخ-ئەفغانستان/ئێران)، تێ سێ ئیلیۆت (بەریتانیا) ، رابیندراناس تاغور (هیندستان)، مەحمود دەروێش (فەلەستین)، سەید بەهائودینی مەجروح (ئەفغانستان)، ئانا ئاخماتۆڤا (سۆڤیەت) ، راینار ماریە ریلکێ (ئەڵمانیا) ئامادو هامپاتێ با (مالی)، چینوا ئاچەبێ (نایجیریا)، ئۆڤید (ئیمپراتۆریەتی رۆمانی)، ستێفان زڤایگ (ئوتریش/نەمسا)، ئاماندا گورمان (ئەمریکا)، ماری ئوگوای (کەنەدا)، ماری نیزێت (بەلجیکا)، سیمۆن دو بوڤوار (فەرەنسا)، خۆرگێ لویس بۆرخێس ( ئەرجەنتین)، ئاندرێ شەدید (لوبنان)، مارتا مێدێرۆس (بەرازیل)، ماری کوری (پۆڵونی-فەرەنسی)، ماتسووا باشۆ (ژاپۆن)، ئانتییە "ئانکی” کرۆگ (ئەفریکای باشور)، ئامیناتا سووا فاڵ (سێنەگاڵ)، ویلیام وردسورز ( ئینگلستان)، ئیڤ بۆنفوا (فەرەنسا)، فرانسوا چەنگ (چینی-فەرەنسی)، زبیگنیو هێربێرت (پۆڵەندا).
لە نێو تابلۆکاندا تابلۆیەکی گەورەش وەک ئەوانی دی بۆ گەورە شاعیری کورد خوالێخۆشبوو شێرکۆ بێکەس تەرخانکراوە ، تێیدا وتەیەکی بە فەرەنسی و بە ئینگلیزی لەسەر تاراوگە، لێی دەپرسن: تاراوگە چییە؟ دەڵێت چتان پێ بڵێم؟ بڵێم: ئەوینە لە نێوان وڵات و خەونەکان؟
فۆتۆیەکیش وەک پاشخان بۆ قسەکەی شێرکۆ بێکەس دانراوە کە ئاپورایەکی کوردانی دیاسپۆرایە کە گەورە ناودارێکی کورد لە «گۆڕستانی پێر لاشیز» لە ڕۆژێکی باراناویدا دەنێژن.
ئەم گۆڕستانەش بووە بە سیمبۆلێک لە مێژووی سەردەمی کورددا کە کۆمەڵێک لە کەسایەتی سیاسی و هونەرمەندی کوردی لە پاڵ سەدان سەرکردەی کۆمونی پاریس و ناوداری فەرەنسی و جیهانیدا نێژراون. ئەو گۆڕستانەیە کە یڵماز گونەی و شەهیدان دکتۆر عەبدولرەحمانی قاسملۆ و عەبدوڵای گادری ئازەر و دکتۆر سادقی شەرەفکەندی و فەتاحی عەبدولی و ئەحمەد کەیا و دکتۆر عەلی بابە خان و ئەحمەد کارلی و هومایون ئەردەڵان و ئازاد ئاجەر و رەسول شەرەفکەندی تێدا نێژراوە ، یادیان بە خێر و رۆحیان بە بەهەشت شاد بێت.
کە بە نێو پیشانگاکەدا تێدەپەڕیت وشە و ڕستەگەل و گوتەی کاریگەر و قوڵت بەرچاو دەکەوێت کە ئاوێتەی فۆتۆ بێ ئەندازە جوانەکانی ڕەزای فۆتۆگرافەر بوونە و گەشتێکی سیحراوی پڕخەیاڵ و جوانی بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی دەکەیت بە نێو گوتەکانی کۆمەڵێک لە گەورە شاعیر و نوسەر و ناوداران لە سەدە جیاوازەکاندا هۆنیویانەتەوە و وەک مروارین بە گەردنی مێژووەوە و تاجە گوڵینەن بۆ ڕێزگرتن لەم کۆمەڵە گەورە ناودارانە و وانەیەکی دەوڵەمەند و نەمریشن تا هەتایە بۆ پەند لێوەرگرتنیان.
ئەمانەی خوارەوە مشتێکی خەرواری گوتە و دەربڕینەکانن کە لەگەڵ وێنە جوانەکانی ڕەزادا تەواوکەری یەکدین و بە هەردووک تابلۆکانیان ڕازاندۆتەوە:
* کاتێک پیرە پیاوێک دەمرێت، کتێبخانەیەک دەسوتێت (ئامادو هامپاتێ با)
* مرۆ وەک ژن لە دایک نابێت ، دەبێ بە ژن (سیمۆن دو بوڤوار)
* شاعیران دەمانگوێزنەوە بۆ جیهانێک کە یان گەورەتر و زۆر جوانترە، یان زۆر بە جۆشتر و شیرینترە (مارگرێت یورسەنار)
* ئێمە کتێب دەنوسین تەنها بۆ ئەوەی پاش مردن بمێنێتەوە بۆ خەڵکی (ستێفان زڤایگ)
* من ڕێبواری نیوەشەوم، دەمێکە ماوە و مرۆڤم جێهێشتووە، جیهانی نیشتەجێ/ئاوەدانی ، وڵاتی وێران و بێدەنگی و تەنیاییم بڕیوە (سەید بەهائودینی مەجروح)
* هەوڵبدە خودی پرسیارت خۆشبوێت، وەک ژووری داخراو و وەک کتێب گەلێکی کە تازە بە زمانێکی بیانی زۆر نامۆ نووسرابن ( راینار ماریا ریلکە)
* تا شێر مێژوونووسی خۆی نەبێت ، مێژووی شکار هەمیشە هەر بە شانوباڵی ڕاوچیدا هەڵدەدات (چینوا ئاچەبێ))
* ئەستێرەکان تەنها ئەرکێکیان هەبوو ، فێریان کردم چۆن بخوێنمەوە (مەحمود دەرویش)
* هەمیشە بە خەیاڵمدا دەهات کە بەهەشت دەبێ جۆرێک بێت لە کتێبخانە (خۆرگێ لویس بۆرخێس)
* ئەو کەسەی دار دەڕوێنێ دەزانێت هەرگیز لە ژێر سێبەرەکەی دانانیشێ ، بەلایەنی کەمەوە دەست پێدەکات کە تێبگات مانای ژیان چییە ( تاغور)
* من تیرم، من کەوانم ، من پیرم، من لاوم ، هەردووک جیهان لە ناو مندان ( نەسیمی)
* زانین میراتی سروشتی و مافی جێگیرمانە (ویلیام وردسورز)
* خواژن، کچی زەیوس، لە کوێوە پێتخۆشە دەستپێبکە ، مێژوومان بۆ بگێڕەوە (هۆمێر)
* لە ڕێگای گۆرانیەوە ڕێگای خۆم دەکەمەوە بە زمانێک کە هی من نییە (ئانتیە "ئانکی” کروگ)
* بێدەنگی ڕاستەقینە لە کۆتایی وشەکاندا دێت، بەڵام وشە ڕاستەکان لە ناوەندی بێدەنگیدا لە دایک دەبن ( فرانسوا چێنگ)
* ئەگەر شار کەوت و تەنها کەسێکی تێدا بە زیندوویی مایەوە ئەو کەسە دەبێ شارەکە لە نێوخۆیدا لەسەر ڕێگای ئاوارەیی هەڵبگرێت و ببێتە شارەکەی (زبیگنیو هێربێرت)
* ئەگەر مرۆڤێک فێربکەی ئەوا تەنها کەسێک فێر دەکەی، بەڵام ئەگەر ژنێک فێر بکەی ئەوا نەتەوەیەک فێر دەکەی (ئامیناتا سۆو فاڵ)
* کوا دانایی کە لە زانیندا ونمان کردووە؟ کوا زانین کە لە زانیاریدا ( ئەنفۆرماسیۆندا) ونمان کردووە؟ (تێ سێ ئیلیۆت)
* ئەگەر هەر ڕۆژێک بکەوێتە ناو هەر شەوێکەوە. ئەو شوێنە بیرێک بێت کەواتە رۆشنایی بەند دەکرێت (پابلۆ نیرودا)
* زانست گوڵە لە باخی رۆحدا چرۆ دەکات (حافیز)
* هەڵسە لە خەو پەپولە ، چەندین میلمان لەبەرە پێکەوە بیبڕین (ماتسوا باشۆ)
* هەڵمبژارد کە لە نێو خەونەکانمدا لە هەمبێزت گرم، چونکە دەنێو خەونەکانمدا کۆتاییت نییە (رومی)
* کات هەموو شتێک دەسڕێتەوە ، سەدە ماڵیکراوەکان تێدەپەڕن، بەڵام نوسینەکان لە چارەنوس هەڵدێن (ئۆڤید)
لە نێو تابلۆکاندا ڕەزا وێنەی کچێکی کوردی شاخاوی داناوە لەگەڵ گوتەیەکی هۆمێرۆسی یۆنانی
(ڕەزا دیقەتی) لەدایک بووی ساڵی ١٩٥٢ ی شاری تەورێزی ئازەربایجانی ئێرانە ، مرۆڤێکی کورد دۆست و ئینسان دۆستە و هاوسۆز و هاوڕێی میللەتان و ئینسانی ستەمدیدەیە. ئەفغانستان و ئێران و کوردستان و ڕۆژهەڵات بە گشتی جێگەیەکی تایبەتیان هەیە لە خولیا و کار و پێشانگاو بڵاوکراوەکانیدا . هەر بۆیش ئەم پێشانگایەی ناو ناوە داستانەکانی ڕۆژهەڵات.
نەهامەتیەکانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتەوە کرد بە بەڵگە. بە هاوکاری بەندە کتێبێکی فۆتۆگرافی کە ژێر نوسەکانیم بۆ نوسیوە و لەگەڵ پێشەکیەکی خانمی میتەران و بە زمانەکانی فەرەنسی و ئەڵمانی لە نەوەدەکاندا بڵاوکردەوە. وێنەکانی زۆربەی بەشەکانی کوردستان دەگرێتەوە و بەتایبەتش کوردستانی ڕۆژهەڵات و نەهامەتی و جینایەتەکانی ئەو سەردەمەی جیهاد دژ بە کورد و ڕەشەکوژی و تیربارانەکانی لاوانی کورد لە شار و دێ و مەیدان و گۆڕەپان و شەقامەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لەو سەروبەندەدا ڕەزا وێنەکانی بە دزییوە گرتبوون دەیناردنە دەرەوە و لە تەواوی میدیا و ئاژانسە جیهانیەکان بڵاو بوونەوە و کەسیش ئەو دەمە نەیدەزانی فۆتۆگرافەری ئەم وێنانە کێیە . خۆشبەختانە یەکترمان ناسی و ئاشنای یەکتربووین و وێنەکانمان کرد بە پرۆژەیەک و هاوکاریم لە مێدیکۆ ئینتەرناسیۆناڵی پارتی سەوزەکانی ئەڵمانی بۆ وەرگرت و چاپ و بڵاو کرایەوە.
ڕەزا پاش هێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردستانی باشور و قەتڵ و عام و ژێنوسید کردنی کوردانی ئێزدی پەیوەندی پێوەکردم و ویستی بچێتە نێو کامپەکانی ئاوارەکانی شەنگاڵ و دەڤەرەکە بەڵام نەیدەویست بە دەستی خاڵی بڕوات گوتی من کامێراکەم هەیە و هەوڵدەدەم پارە کۆبکەمەوە کۆمەڵێک کامێرا لەگەڵ خۆم دەبەم بۆ ناو کامپەکان و مناڵانی کوردی نێو کامپەکان فێرە وێنەگرتن دەکەم بۆ ئەوەی ژیانی خۆیان بکەنە بەڵگە فۆتۆ. ئەم کارە مرۆڤانە بەرزەی ئەنجامدا و پاشانیش چەندین جار لە وڵات و شاری جیاوازی ئەوروپا و شوێنی دیکە وێنەی ئەو ئاوارە کوردە ئێزدیانە و تەنانەت ئاوارەکانی کوردانی ڕۆژئاواشی لە چەند شار و وڵاتدا نمایشکرد، هەڵبەتە ڕەزای جوامێر و کورد دۆست دەرفەت نییە وێنەی نەهامەتی و ستەمدیدەیی کورد و جوانی کوردستان و مرۆڤی کورد پیشان نەدا.
دەسخۆشی و سپاسگوزاری لە ڕەزای هاوڕێم دەکەم بۆ ئەم پێشانگا زۆر واتادارەی، هەروەک هەمیشە ڕایهێناوین، گشت کارەکانی شاکار و سەرسوڕهێنەر و دڵخۆشکەرن و لە ترۆپکی ئێستیتیکدان. ڕەزا بە بەردەوامی لە زۆر بۆنەدا بەکارەکانی کورد و کوردستان بەسەردەکاتەوە. ئێمەش دەسخۆشی و پیرۆزبایی و پێزانین و خۆشەویستیمان بۆ فۆتۆگرافەری مەزن ڕەزا دوپاتدەکەینەوە. هیوادارین کە وەزارەتی ڕۆشنبیری کوردستان و دەزگا فەرهەنگیەکانی وڵاتەکەمان کورد ئاشنا بکەن بە کارەکانی ڕەزا . پیشانگای فۆتۆگرافی بۆ ڕەزا لە کوردستاندا بکەنەوە.
خۆزیا کوردیش وەک فەرەنسی و ئیتاڵی و خەڵکانی دی ماوزێلێومێکی شیاوی بۆ ناوداران و گەورە پیاوانی خۆی بونیاد دەنا وەک سمبۆلێکی بەربەچاو و شایستە بۆ قەدر بڵندی ڕاگرتن و رێزلێنانی نەتەوەی کورد لە سەرکردەو هونەرمەندان و نوسەران و روناکبیرانی و لە گەورە پیاوان و ژنانی نیشتمانەکەی و بۆ ئەوەی بە هەمیشە بە نەمری پیشانی کورد و نەوەکانی داهاتوو و سەردانیکەرانی کوردستان بدرێن.
چەند وێنەیەکی پانتەیۆنی پاریس کە جێگەیەکیشی بۆ شاعیری گەورەی کورد، شێرکۆ بێکەسی تێدا دانراوە..
29/06/2025






