67 جیهان

ئەمریکا و قەتەر گرێبەستێکى 1.2 ترلیۆن دۆلارییان واژۆکرد

08:29 - 14/05/2025

زەمەن - جیهانى

 

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا سەردانى قەتەرى کرد و لەلایەن تەمیم بن حەمەد ئال سانى میرى قەتەرەوە پێشوازییەکى شاهانەى لێکرا، هەردوولا گرێبەستێکى مێژووییان بە قەبارەى یەک ترلیۆن و 200 ملیار دۆلار واژۆکرد.

 

دۆناڵد ترەمپ دوو رۆژە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە، دوێنێ لە سعودیە گرێبەستێکى بە قەبارەى 600 ملیار دۆلار لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەى جێنشینى سعودیە واژۆکرد، ئەمڕۆش لە قەتەر گرێبەستێکى لەگەڵ قەتەر بە بەهاى 1.2 ترلیۆن دۆلار واژۆکرد، بڕیاریشە بچێتە ئیمارات و گرێبەستێکى گەورەش لەگەڵ ئەوان واژۆ بکات.

 

لە گرنگترین رێککەوتنەکان لە گرێبەستەکەى ئەمریکا لەگەڵ قەتەر کردوویەتى، گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکانی بۆینگ و جی ئی ئێرۆسپەیس بوو لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی قەتەر ئێیەر وەیز، کە رێککەوتنێکی 96 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی نزیکەی 210 فڕۆکەی بۆینگی 787 دریملاینەر و 777 ئێکس کە بە بزوێنەرەکانی جی ئی ئێرۆسپەیس کار دەکەن. ئەمەش گەورەترین رێککەوتنە لە مێژووی بۆینگدا. ئەم رێککەوتنە مێژووییە ساڵانە پشتگیریی 154 هەزار هەلی کاری ئەمریکی دەکات، کە بەگشتی دەکاتە زیاتر لە یەک ملیۆن کار لە ماوەی بەرهەمهێنان و گەیاندنی ئەم رێککەوتنەدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن