بەپەلە.. كوڕێك دایك و باوكی كوشت و ژنێكیش مێردەكەی
12:51 - 17/02/2025
زەمەن:-
لە بەغداد پیاوێک لەکاتی خەودا، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، برای کوژراوەکە دەستی لە تاوانەکەدا هەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٧ی شوباتی ٢٠٢٥، سەرچاوە ئەمنییەکان بەمیدیا ناوخۆییەکانی عێراقیان ڕاگەیاند: "لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە برای کوژراوەکە دەستی لە تاوانەکەدا هەبووە، چونکە دانی بەوەدا ناوە کە هاوکاریی براژنەکەی کردووە بۆ ئەوەی براکەی بکوژێت، بەڵام هۆیەکەی ئاشکرا نەکردووە."
ئاماژەیان بەوەش کردووە "هێزە ئەمنییەکان تۆمەتبارەکانیان دەستگیر کردووە، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی زیاتر لەسەر ڕووداوەکە و پاڵنەرەکانی پشت ئەو ڕووداوە."
ئەوەشی خستەڕوو "ئەو پیاوەی لەلایەن ژنەکەیەوە کوژراوە، کارمەندی وەزارەتی کارەبا بووە. ڕووداوەکەش لەو کاتەدا بووە، ئەو پیاوە لە ماڵەکەی خوێدا لە ناوچەی ئەلئەمین نوستبوو و ژنەکەی بە دەمانچە کوشتوویەتی."
هاوکات، بەیانی ئەمڕۆ، کوڕێک لە شارى بەسرە دایک و باوکى دەکوژێت و هەڵدێت. پۆلیسى شارەکە دەڵێت، "رووداوەکە بەهۆى کێشەى خێزانییەوە بووە."
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسی بەسڕە رایگەیاند، "ئەو کوڕە دەستڕێژى لە دایک و باوکى کردووە و کوشتوونى، دواتر هەڵاتووە، ئێستا هێزە ئەمنییەکان بەدوایدا دەگەڕێن بۆئەوەى دەستگیرى بکەن."
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسی بەسرە وتى، "بەپێى زانیارییە سەرەتاییەکان، کوشتنەکە بەهۆى کێشەى خێزانییەوە بووە لەنێوان ئەو کوڕە و دایک و باوکى، بەڵام دواى دەستگیرکردنى تۆمەتبارەکە زانیارییەکان روونتر دەبنەوە."