دامەزراوەی ڤیژن؛ بەچالاكیەك دەستی بە كاركردن كرد
02:39 - 06/11/2024
زەمەن – هەرێمی كوردستان
دامەزراوەی ڤیژن بۆ توێژینەوەی ستراتیجی (VFSS) رۆژی سێشەممە (٠٥/١١/٢٠٢٤) گفتوگۆیەکی کراوەی بۆ نوێنەری لایەنە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەکادیمیان و رۆشنبیران، دەربارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رێکخست.
لەو گفتوگۆ کراوەیەدا، باس لە هۆکارەکانی دواکەوتنی بەردەوامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کەمپینی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندن بۆ رێکارەکانی رێگریکردن لە ساختەکاری و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە كرا.
ئایا دەکرێ کاتێکی جێگیر بۆ هەڵبژرادنەکانی هەرێم دابنرێت؟
یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆكە كە لە ئۆفیسی (ڤیژن فاوندەیشن) لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا، بریتی بوو لە تەوەری (ئایا دەکرێ کاتێکی جێگیر بۆ هەڵبژرادنەکانی هەرێم دابنرێت؟)
لەو تەوەرەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە دەبێ رۆژژمێرێکی جێگیری هەڵبژاردن هەبێت و تیایدا چوار ساڵ جارێک لە مانگ و رۆژێکی دیاریکراودا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. هەروەها ئاماژە بەوەکرا کە نابێ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بخرێتە نێو بازنەی بەرژەوەندیەکانی هیچ لایەنێکی سیاسیەوەو ناشبێ چاوەڕوانی مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم بێت.
لەو گفتوگۆیەدا باس لەوەکرا کە دەبێ یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوەو کاتی ئەنجامدانی خولەکانی پەرلەمان تیایدا دیاری بکرێت، کە ئەمەش هەم بۆ سەقامگیری سیاسی هەرێم گرنگەو هەمیش بۆ ئەوەی لایەنە سیاسیەکان وکۆمسیۆنی هەڵبژاردن و کاندیدەکان و هاوڵاتیان پێشوەخت لە کات و ساتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئاگادار بن و ئامادەکاری خۆیان بکەن.
بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردنی داهاتوو گفتوگۆی کرا
لە گفتوگۆ کراوەدا ئەکادیمیان و نوێنەرانی لایەنە سیاسیەکان و ئەندامانی پەرلەمان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، گفتوگۆیان کرد دەربارەی کێشەو کەموکورتییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
بەشداربووان، هۆکارەکانی دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان شرۆڤەکرد و هەڵسەنگاندنیان کرد بۆ کەمپینی هەڵبژاردن و رێکارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ رێگرتن لە ساختەکاری، لەو روانگەیەشەوە بەشداربووان چەندین مەترسیان خستەڕوو، کە پێشبینی دەکریت لە هەڵبژاردنی داهاتوو دووبارە ببێتەوە.
بەشداربووان تیشکیان خستەسەر چەندین گرفتی یاسایی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەروەها زۆر بە ووردی باسیان لەو پێشێلکاریانە کرد کە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و رۆژانی دەنگداندا ئەنجام دراون، تیشکیشیان خستەسەر گرفتە تەکنیکیەکان و نەبوونی زانیاری پێویست دەربارەی ئەو سۆفتوێرەی کە کۆمپیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاری پێدەکات لە پڕۆسەی دەنگداندا.
دامەزراوەی ڤیژن بۆ توێژینەوەی ستراتیجی (VFSS)، ماوەی مانگێكە لە شاری سلێمانی دامەزراوەو مۆڵەتی فەرمی لە بەغداو حكومەتی هەرێم هەیە.