کوردستان

ئەمریکا لە بارەی کەوتنەخوارەوەی دوو ھێلیکۆپتەرەکەی ھەسەدە روونکردنەوە دەدات

10:35 - 22/03/2023 780 جار خوێندراوەتەوە

زه‌مه‌ن – هه‌رێمی كوردستان

 

 پێنتاگۆن رایگەیاند، وڵاتەکەی ھیچ پەیوەندییەکی بە رووداوی کەوتنەخوارەوەی دوو ھێلیکۆپتەرەکەی ھەسەدەوە نەبووە، کە بەھۆیەوە نۆ شەڕڤانی لەسنوری دھۆک شەھیدبوون.

شه‌وی رابردوو ژەنڕاڵ پاتریک، رایدەر وتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەکرد، ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە ھێزێکی سەربەخۆیە و سوپای ئەمریکا ھاوکاری بووە لە شەڕی دژی داعش، بەڵام ئەمریکا و ھاوپەیمانان ھیچ پەیوەندییەکانیان بەو دوو ھێلیکۆپتەرەوە نەبووە کە لە عێراق کەوتنەخوارەوە، ھەروەھا ئاگاداری ئەوەش نەبوون کە بۆ چ ئەرکێک جوڵەیان کردووە.

باسی لەوەشکرد، ئەوان لە جێگەی ھەسەدە وەڵامی ئەو پرسیارە نادەنەوە کە ئەو ھێزە بۆ چ مەبەستێک چووە بۆ عێراق، بۆیە ئەوان ناچنە ناو وردەکاری ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لایەنی دیکە ئەنجامیدەدەن.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو 15ی ئادار، لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک پاشماوەی هێلیکۆپتەرێکی تێکشکاو دۆزرایەوە. دوو رۆژ دواتر هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، "دوو هێلیکۆپتەر بوون و نۆ شەڕڤانمان شەهید بوون."

پێشتر مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە رایگەیاندبوو، ئەو نۆ شەڕڤانەی ئێوارەی ١٥ی ئەم مانگە لە سنوری دھۆک ھەلیکۆپتەرەکەنیان کەوتەنەخوارەوە، لە رێگەدابوون بۆ ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە بەرنامەیەکی ھاوبەشی دژی داعش.

دواتر 1 2 3 4 5 6 7 پێشتر 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن