عیراق

ئەمڕۆ ١٨ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر ئەنجامدانی یەکەم ھەڵبژاردنی گشتی دوای رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق

11:18 - 30/01/2023 82 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن_عێراق

 ١٨ساڵ لەمەوبەر و بەدیارییکراوی لە رۆژی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥دا، یەکەم ھەڵبژاردنی گشتی دوای رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق ئەنجامدرا، ئەوەیش بە ئامانجی گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی و پێکھێنانی حکوومەتێکی راگوزەر.


دوای داگیرکردنی ئەمریکا بۆ عێراق ساڵی ٢٠٠٣، پۆل برێمەر لە پۆستی فەرمانڕەوای مەدەنیی ئەمریکا لە عێراق دەست بەکاربوو کە لە میانیدا بڕیاری قەدەغەکردنی پێدانی پۆستی بە ئەندامانی حزبی بەعسی ھەڵوەشاوە دەرکرد و دواتریش سوپای عێراق و ھێزە ئەمنییەکانی سەردەمی سەدام حوسێنی ھەڵوەشاندەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٤دا، ئەنجوومەنی حوکم پێکھێندرا و دواتر دەستووری نوێی عێراق بە بەشداری نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان نووسرایەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٥ رەشنووسی دەستووری عێراق خرایە راپرسییەوە و بە زۆرینەی دەنگی ھاووڵاتییان پەسەند کرا و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، فیدڕاڵییەتی ھەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا جێگیرکرا.

دوای پەسەندکردنی دەستووری نوێی عێراق، بڕیاردرا رۆژی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ یەکەم ھەڵبژاردنی گشتیی ئەنجام بدرێت.

لە٣٠ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٥دا، یەکەم ھەڵبژاردن لەدوای رووخاندنی رژێمی پێشوو بەڕێوەچوو کە لایەنە شیعەکان و کورد بەشدارییان کرد و سوننەکان بایکۆتی ھەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسییان کرد.

لایەنە سوننەکان لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ گەڕانەوە نێو پڕۆسەی سیاسیی و بەشدارییان لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵانی ٢٠١٠، ٢٠١٤، ٢٠١٨ و ٢٠٢١دا کرد.

- لە میانی بەڕێوەچوونی یەکەم پرۆسەی ھەڵبژاردنی گشتییدا، ٤٤ کەس کوژران

لە میانی بەڕێوەچوونی یەکەم ھەڵبژاردنی گشتیی لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا، زنجیرەیەک پەلاماری تیرۆریستی لە ژمارەیەک ناوچەی ئەو وڵاتە ئەنجامدرا.

پەلامارە تیرۆریستییەکان لە نزیک بنکەکانی دەنگدان لە بەغدای پایتەخت و ژمارەیەک ناوچەی عێراق ئەنجامدران کە لە ئاکامدا، ٤٤ کەس کوژران.

- بەردەوام لایەنە شیعەکان براوەی ھەڵبژاردنەکان بوون

لە میانی نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراقدا، کورد سێ مەرجی بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و ھەڵبژاردنەکاندا دانا کە بریتیی بوون لە "شەراکەت، ھاوسەنگی و سازان" کە ھەریەک لە شیعە و سوننە پێی رازی بوون.

لە سەرجەم ھەڵبژاردنەکاندا، کورد و شیعە، ھەروەھا سوننە و پێکھاتەکانی دیکە تیایدا بەشداربوون، بەڵام بەردەوام لایەنە شیعەکان براوەی ھەڵبژاردنەکان بوون و حکوومەتیان پێکھێناوە.

لە دوای یەکەم ھەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ساڵی ٢٠٢١، حکوومەتە یەک لەدوایەکەکان بەسازان لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا پێکھێنراون.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.

- رێژەی بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنە گشتییەکاندا

لە ساڵی ٢٠٠٥وە تا ساڵی ٢٠٢١ ھەر چوار ساڵێک جارێک ھەڵبژاردنە گشییەکان لە عێراق ئەنجامدراون کە زۆرترین رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠ بووە و گەیشتبووە ٦٢،٤ لەسەدا.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە ئاژانسی ئانادۆڵو کۆی کردوونەتەوە، رێژەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکاندا بەشێوەیە بووە؛ لە ساڵی ٢٠٠٥دا، ٥٩ لەسەدا؛ لە ساڵی ٢٠١٠دا، ٦٢،٤ لەسەدا؛ لە ساڵی ٢٠١٤دا، ٦٠ لەسەدا؛ لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٤٤،٥٢ لەسەدا و لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٤٠ لەسەدا.

لەو ئامارانەیش ئەوە دەردەکەویت، هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن رێژەی دەنگدان رووی لە دابەزین کردووە، ھۆکارەکەیش بۆ ناڕەزایەتیی ھاووڵاتییان لە حکومڕانی پارتە دەسەڵاتدارەکان دەگەڕێتەوە.

پێشتر شارەزا لە کاروباری ھەڵبژاردنەکان، ئەحمەد یاسری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاندبوو "کەمبوونەوەی رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکاندا، ئاماژەیە بۆ سزادانی پارتە دەسەڵاتدارەکان لەلایەن گەلەوە، چونکە گەل سیستەمی سیاسیی ئێستا رەت دەکاتەوە".

ئەحمەد یاسری ئاماژەی بەوەیشدابوو کە چاوەڕان کرابوو، رێژەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکاندا کەم ببێتەوە، ئەوەیش بەھۆی خراپی رەوشی ئابووریی، ھەروەھا ئەو خۆپیشاندانانەی کە ناوە ناوە دژبە پارتە دەسەڵاتدارەکان ئەنجام دەدرێن.

- ھیچ کام لە حکوومەتەکانی عێراق نەیان توانیوە کۆتایی بە نەھامەتی عێراقییەکان بھێنن

دەنگدەرە عێراقییەکان ھەر چوار ساڵ جارێک بە ئامانجی گۆڕینی حکومڕانی و کۆتایی ھێنان بە نەھامەتییەکانیان دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام تا ئێستا ھیچ کام لەوانەیان بۆ بەدی نەھاتووە.

نەھامەتی عێراقییەکان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەجۆرێک گەیشتووەتە لووتکە کە ناوە ناوە لە ناوچە سوننەنشینەکان، بەنھێنی دروشمی نووسراو بۆ پاڵپشتیکردن لە رژێمی بەعس لە شوێنە گشتییەکاندا ھەڵدەواسرێت.

ھەروەھا گەندەڵی لە زۆربەی دامەزراوەکاندا بڵاوبووەتەوە کە ئەوەیش ھاووڵاتییانی زۆر نیگەران و بێزار کردووە، تەنانەت ھەر کەسێک ھاتووەتە سەر دەسەڵات نەیتوانیوە گەندەڵی بنبڕ بکات.

جگە لەوەیش ئەو حکوومەتانەی کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ پێکھێنراون، نەیانتوانیوە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دابین بکەن، ئەوەیش وای کردووە ناوەناوە خۆپیشاندان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەتایبەت لە وەرزی ھاویندا کە عێراقییەکان دژبە نەبوونی کارەبا دەرژێنە سەر شەقامەکان و دژبە حکوومەت خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.

- ھەڵبژاردنەکانی عێراق دوور نەبوون لە دەستوەردانە دەرەکییەکان

ئەو ھەڵبژاردنانەی کە ھەر چوار ساڵێک لە عێراق ئەنجامدراون، دوور نەبوون لە دەستوەردانە دەرەکییەکان و بەردەوام ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەستیان لە ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا وەرداوە، بە تایبەتی ئەمریکا و ئێران.

واشنتۆن و تاران بەجیا ھەوڵیانداوە کە لایەنە نزیکەکانی خۆیان، دەسەڵات و حکومڕانی لە عێراق بگرنە دەست.

سەرچاوە: ئاژانسى ئەنادۆڵو

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن