286 جیهان

18 كه‌سایه‌تی و 19 دامه‌زراوه‌ی ئێرانی خرانه‌ لیستی سزاكانه‌وه‌

02:38 - 24/01/2023

"زەمەن"

 

بەهۆی رۆڵیان لە سەرکوتکردنی ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی سه‌ریانهه‌ڵدا، وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا، بڕیاری جێبەجێ کردنی سزای لەسەر ١٨ کەسایەتی و ١٩ دامەزراوەی ئێرانی دەرکرد.

کۆنسەی یەکێتی ئەورووپا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژە بەوە کردوە کە سزاکان بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە جێبەجێ دەکرێت.

هەریەک لە سەید حەمید سەجادی وەزیری وەرزش و لاوانی ئێران، ژمارەیەک پەرلەمانتار، پارێزگاری چەند پارێزگایەک، کارمەندانی میدیاکانی دەوڵەت و چەند بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران لەنێو ئەو کەسانەن کە سزاکان دەیانگرێتەوە.

هەروەها لیستەکە، یەکەی چەند ناوچەیەکی سوپای پاسداران لە وڵاتەکە و هێزی پۆلیسی تایبەتی ئێران و چەند کۆمپانیایەک ئەمنی لەخۆدەگرێت.

لەگەڵ دوایین سزادا ژمارەی ئەو کەسایەتییە ئێرانییانەی کە یەکێتی ئەورووپا رێوشوێنی سنووردارکردنی لەسەر جێبەجێ کردوون بۆ ١٦٤ کەسایەتی و ژمارەی دامەزراوەکان بۆ ٣١ بەرزبوویەوە.

سزاکان، پێکدێت لە قەدەغەی گەشتکردن بۆ یەکێتی ئەورووپا، بلۆککردنی سەروەت و ماڵ و قەدەغەی دابینکردنی پارە و تەمویلکردنی ئەو کەسایەتی و دامەزراوانە. جگە لەوە فرۆشتنی هەندێک لەو پێداویستییانەی کە دەکرێت وەکو فشار بۆسەر خەڵک بەکاربهێندرێت و ئامێرەکانی چاودێری قەدەغە دەکرێت.

له‌به‌رامبه‌ردا ئێران رایگەیاند کە بەرپەرچی بڕیارەکانی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا دەداتەوە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی و دامەزراوەی ئێرانیدا.

به‌پێی ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی باسی لە دوایین سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا کردووە کە بەسەر تاراندا سەپاندوویانە.

ناسر کەنعانی باسی لەوە کرد کە سەرکۆنەی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیایان کردووە و رایگەیاند: ''ئەم کارەی یەکێتیی ئەورووپا و رژێمی بەریتانیا نیشانەی سەرلێشێواوییانە بەرامبەر دەسەڵاتی ئێران و بێتوانایی دەروونیان لە تێگەیشتنی تەواو لە راستییەکانی ئێران''.
وتیشی: ''ئێران مافی خۆیەتی وەڵامی ئەو جۆرە سیاسەتە شکستخواردووانە بداتەوە و لە کاتێکی نزیکدا لیستێکی نوێی سزاکان رادەگەیەنێت دژبە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا و پشتیوانیکردنیان لە تیرۆر''.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن