78 جیهان

ترەمپ هەڕەشەی بۆردوومانکردنی عومان دەکات

11:08 - 18/08/2026

زەمەن - هەواڵ

دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی تووند دەداتە عومان و هەڕەشەی بۆردوومانکردنی ئەو وڵاتە دەکات، هاوکات ڕایدەگەیەنێت کە پەلەی نییە لە کۆتاییهێنان بە ململانێکان لەگەڵ ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ئاشکرای کرد، ئیدارەکەی کەناڵێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران دامەزراندووە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پەلەی نییە لە کۆتاییهێنان بە ململانێکانی نێوان واشنتن و تاران.

 
حەماس بە مەرجی چەکدانان ڕازی بووە و ئیسرائیلیش واژۆکردنی پلانی ئاشتیی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە.
حووسییەکانی یەمەن هێرشیان کردووەتە سەر چوار بەلەمی سەربازیی سعوودیە لە نزیک گەرووی بابولمەندەب.
دۆناڵد ترەمپ بە زمانێکی زبر هێرشی کردووەتە سەر عومان و وادەی 60 ڕۆژەی دانوستاندنی لەگەڵ ئێران بێ ئەنجام کۆتایی هاتووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەگەر عومان ڕێگری بکات، وەک مانگی ئایاری ڕابردوو هەڕەشەی لەنێوبردنیان لێ دەکات و بۆردوومانیان دەکەن.
ترەمپ جەختی کردەوە کە کۆتاییهاتنی وادەی 60 ڕۆژەکە بۆ ئەوان گرنگییەکی نییە و هیچ کاتێکی دیاریکراویان بۆ ڕێککەوتن نییە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کەمکردنەوەی هەڕەشەکان دەکات و دەڵێت هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ کێشەکە لە ئارادا نییە.

ئێران و عومان:
تاران و مەسقەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی هاوبەش بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز؛ بە جۆرێک کەشتییەکان لە ڕێڕەوی نزیک ئێرانەوە دەچنە ژوورەوە و لە نزیک عومانەوە دەچنە دەرەوە. ئەمریکا مەرجی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی بەستووەتەوە بە کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی نێودەوڵەتی.

کەرتی غەززە و حەماس:
جارێد کوشنەر دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتیی حەماس لە میسر، لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو کۆبووەوە. حەماس ڕەزامەندی لەسەر پلانی ١٥ خاڵیی ئەمریکا نیشانداوە کە چەکدانانی بزووتنەوەکە لەخۆدەگرێت، بەڵام ئیسرائیل واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە ڕەتدەکاتەوە و داوا دەکات پێش کشانەوەیان، حەماس بە تەواوی بێچەک بکرێت. وە لەلایەکیکەشەوە حووسییەکان ڕایانگەیاندووە کە لە نزیک گەرووی بابولمەندەب هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەک و چوار بەلەمی سەربازیی سعوودیە و بەتەواوی سووتاندوویانن. تائێستا لایەنی سعوودی هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەو هێرشە و زیانەکانی بڵاونەکردووەتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن