خۆپیشاندەران وێنەكانی كازمی لە ناوچەی سەوز لێدەكەنەوە
10:00 - 20/10/2021
"زەمەن"
لایەنگرانی ئەو هێز و قەوارە سیاسییانەی کە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق رەت دەکەنەوە، وێنەی مستەفا کازمییان لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا لێکردەوە، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق دەڵێت: "دەربڕینی ناڕەزایەتیی مافێکی رێگەپێدراوە لە چوارچێوەی یاسادا".
شایەتحاڵەکان رایانگەیاند: دەیان خۆپیشاندەری ناڕازیی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، وێنەکانی مستەفا کازمییان لە دیوارەکانی نزیک ناوچەی سەوز لێکردەوە.
ناوچەی سەوز کە دەکەوێتە ناوەڕاستی بەغدا و باڵەخانەی حکومەت و پەرلەمان و نێردە دیپلۆماتییەکان لەخۆدەگرێت، لە رووی ئەمنییەوە تەواو پارێزراوە.
هێزە سیاسییە شیعەکان و گرووپە چەکدارەکان، حکومەتەکەی کازمی و لایەنی بیانی (مەبەستیان ئەمریکایە) بە ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەخت تۆمەتبار دەکەن و داوای دووبارە ژماردنەوەی دەستی دەنگی سەرجەم دەنگدەرانی عێراق دەکەن.
لە بەرامبەردا حکومەت و چاودێرانی ناوخۆیی و بیانی ئاماژە بەوە دەدەن کە هەڵبژاردنی پێشوەخت کە لە ١٠ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بووە.
لای خۆیەوە حەسەن نازم وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە دوای کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرنی عێراق ئەنجامیدا، وتی: "ناڕەزایی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەیە، ئەوانە مافی خۆیانە ناڕەزایەتییان هەبێت بەڵام پێویستە لە چوارچێوەی یاسادا بێت".
چاوەڕێ دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ دیارییکردنی ئەندامانی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران رابگەیەندرێت.
بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە، هاوپەیمانی سائیرون باڵی سیاسیی رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بووە بە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە و لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجومەنی نوێنەران، ٧٣ کورسی بەدەستهێناوە.
هاوکات لیستی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی ٣٨ کورسی و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، نوری مالیکی ٣٤ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەدەستهێناوە.
هاوپەیمانی فەتح کە چەتری سیاسیی گرووپە چەکدارەکانە، تەنها ١٦ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەستهێناوە لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا بە بەدەستهێنانی ٤٨ کورسی بووە براوەی دووەمی هەڵبژاردنەکە.
سەرچاوە: A.A