737 کوردستان

وەزیری ئاوەدانكردنەوە: پلانی وەزارەت بەجووتسایدكردنی رێگەی پارێزگاكانە

04:39 - 24/09/2021

زەمەن-

وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن رایدەگەیەنێت، پێویستیان بە نزیكەی یەك ترلیۆن دینار هەیە بۆ تەواوكردنی رێگە دووسایدەكان و بەپێی پلانی ستراتیژی وەزارەتیش رێگەی نێوان پارێزگاكان هەمووی جووت سایدە.
 

دانا عەبدولكەریم، لە چاوپێكەوتنێكی (رووداو) رایگەیاندوە، لە كابینەی نۆیەم هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژییان بە راستەوخۆ نەداوەتە هیچ بەڵێندەرێك، بۆ پرۆژەی هێڵی ئاسنی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، بەجێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە هەرێمی كوردستان لە رووی ئابوورییەوە دەچێتە قۆناخێكی دیكە.

سەبارەت بە رێگەی دەرەوەی نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كە رۆژانە قوربانی زۆری لێدەكەوێتەوە، دانا عەبدولكەریم رایگەیاندووە، بەپێی پلانی ستراتیژی وەزارەت رێگەی نێوان پارێزگاكان هەمووی دوو سایدە، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە هیچ رێگەیەكی نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان نەمێنێت كە دوو سادید نەكرێت. ئێستاش بەشی زۆری ئەو پلانە جێبەجێكردندایە، بەشێكی تەواو بووە و بەشێكیشی لەژێر ئەنجامداندایە. هەندێك رێگەش ماوە بۆ تەواوكردنی ئەو دوو سایدانە لە داهاتووێكی نزیكدا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. 

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "دەتوانم بڵێم ئاستی رێگەوبانەكان و ئاستی ئەو گلەییانەی لەسەر رێگەوبانەكان هەیە جۆرێك لە ماف و راستی تێدایە، چونكە رێگەوبانەكانی هەرێمی كوردستان لە ئاستی وڵاتانی دراوسێی خۆماندا نییە، ئەمە یەكێكە لەو گرفتانەی كە پێویستە چارەسەری بكرێت. رێگەوبانەكان بڕبڕەی پشتی ئاوەدانی وڵاتن، واتە هەر وڵاتێك رێگەوبانەكانی بەشێوەیەكی زۆر باش بونیاد نەنابێت و سەلامەت نەبێت، ئەو وڵاتە لە رووی پێشكەوتنەوە ئاستەنگی لەبەردەمدایە. چونكە رێگەوبانەكان پێشكەوتنەكانی بواری كشتوكاڵ، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، گەشتوگوزار و هەموو بوارەكانی دیكە بەیەك دەبەستێتەوە. واتە بەبێ رێگەوبان هیچ كام لە سێكتەرەكانی دیكە ناتوانێت وەك پێویست بە ئەركی خۆی هەستێت".
 
دەربارەی ئەوەی بۆچی تاكو ئێستا رێگەی نێوان پارێزگاكان وەكو رێگەی نێوان سلێمانی- هەولێر وێرانە، سلێمانی- گەرمیان، سلێمانی -دەڤەری راپەڕین، وەزیری ئاوەدانكردنەوە روونیكردۆتەوە "لە كابینەكانی پێشووش پلان دانراوە، چووەتە بواری جێبەجێكردنیشەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی قەیرانە یەك لەدوای یەكەكان نەتوانراوە ئەو پلانە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت. ئەمە دوو هۆكار هەبووە، هۆكارێكیان پەیوەندیدارە بە ئەو قەیرانانەی كە بە دەر بووە لە ئیرادەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هۆكاری دیكە پەیوەستە بە پلان و ئیرادەی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆیەوە. هەندێك لەو پرۆژانەی ئاماژەتان پێدا، بۆ نموونە دوو سایدی نێوان سلێمانی كەلار كە بەشێكی دەربەندیخان كەلارە یان سلێمانی هەولێر یان دوكان چوارقوڕنە، یان هەولێر كۆیە، ئەمانە بەشێكی زۆریان گرێبەستەكانیان لە ساڵی 2011 و 2012 كراوە و چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، واتە نزیكەی 9 بۆ 10 ساڵ پێش ئێستا. بەشێكی زۆری ئەو پرۆژانە دەبوو لە ساڵەكانی 2016-2017 و 2018 تەواو بوونایە، بەڵام بە داخەوە بەهۆی ئەو دوو هۆكارەی كە باسمكرد نەتوانراوە تەواو بكرێت. لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمیش ئێمە سەرنجێكی تەواومان لەسەر ئەوە كردووە كە ئەو رێگەوبانانە تەواو بكەین، بەڵام ئێمە چەند مانگێك دوای دەستبەكاربوونمان لە كابینەی نۆیەم، بە داخەوە پەتای كۆرۆنا یەخەی هەرێمی كوردستان و هەموو جیهانی گرت، ئەمە وایكرد كە داهاتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزێت. خۆتان دەزانن داهاتی سەرەكی هەرێمی كوردستان نەوت و ناوخۆو خاڵە سنوورییەكانە. ئەمە وایكرد لە ساڵی 2020 ساڵێكی تەواو لە هەموو حكومەت لەدەستبچێت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، ئەوان لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەكە لە ساڵی 2019، دەرخستەیەكیان ئامادەكردووە بە سێ قۆناخ بۆ ئەوەی هەموو رێگەوبانەكانی هەرێمی كوردستان نۆژەن بكەنەوە، قۆناخێكیان لە ساڵی 2019 جێبەجێ بكەن، قۆناخی دووەم لە ساڵی 2020، قۆناخی سێیەم لە ساڵی 2021. 

دانا عەبدولكەریم وتویەتی "خۆشبەختانە قۆناخی یەكەممان لە ساڵی 2019 جێبەجێكرد بە 43 ملیار دینار، توانیمان پێش كۆتایی ساڵی 2019 تەواوی بكەین و ئەو پرۆسەیە بە سەركەوتوویی كۆتایی پێهات، هەموو رێگەوبانەكان ئەوانەی لە قۆناخی یەكەمدا دەرخستەیان بۆ كراوبوو لە زاخۆوە تاوەكو دەچینە گەرمیان نۆژەنكرانەوە. قۆناخی دووەم بڕیاربوو لە ساڵی 2020 جێبەجێ بكرێت، بەداخەوە بەهۆی ئەو باردۆخەو كۆرۆنا و دابەزینی ئاستی دارایی هەرێمی كوردستان نەتوانرا جێبەجێ بكرێت. ئێستا قۆناخی دووەممان ناردووەتە ئەنجوومەنی وەزیران، بەو هیوایەین لە ئاییندەیەكی نزیكدا رەزامەندی لەسەر بدرێت، بۆ ئەوەی قۆناخی دووەم كە بەنیازبوون لە ساڵی 2020 جێبەجێی بكەین لەم چەند مانگەی داهاتوودا فریا بكەوین جێبەجێی بكەین. ئەگەر ئەمە رەزامەندی لەسەر بدرێت كە ئەویش زیاتر لە 40 ملیارە بە دڵنیاییەوە دەتوانین قۆناخی دووەمی ئەو نۆژەنكردنەوانە بكەین. قۆناخی سێیەمیش دەچێتە ساڵانی دوایی. ئەمە وەكو نۆژەنكردنەوەی رێگەوبانەكان. بەڵام بۆ تەواوكردنی رێگە سەرەكییەكان بە تایبەتی رێگە دوو سایدەكان، ئەمە تێچووێكی زۆر زیاتری پێویستە، دەتوانم بڵێن نزیكەی یەك ترلیۆن دینارمان پێویست دەبێت بۆ تەواوكردنی ئەو بەشانەی رێگەكان كە ماون یان ئەوانەی ئێستا لەژێر جێبەجێكردندان بە توونێلەكانەوە".
 
سەبارەت بە رێگەی دوكان راپەڕین، كەلار دەربەندیخانیش كە زۆر بە خاوی كارەكانی بەڕێوەدەچێت، وەزیری ئاوەدانكردنەوە باسی لەوەكردووە، لە راستیدا كاركردن لەو رێگایانە وەستابوو لەو كابینەیەوە كاركردن تێیاندا دەستیان پێكردووەتەوە، رێژەیەكی باش لە كارەكان بەرەو پێشەوە چووە، راستە هەست بە هەبوونی ئامێری كەم بكرێت، بەڵام ئەگەر بەراوردی بكەن بە دوو بۆ سێ مانگ لەمەوبەر گۆڕانكارییەكی گەورەی تێدا روویداوە، بەشێكی زۆر كارەكان تەواو بووە، راستە بەشەكانی دیكەشی ماوە، چونكە رێگەكە كە قۆناخی دووەمیەتی نزیكەی 25 كیلۆمەترە. ئومێدەوارن ئەگەر كورتهێنانی پارە نەبێت، پلانەكە وایە تاوەكو كۆتایی ساڵی داهاتوو قۆناغی دووەم تەواو بكرێت. 

هەروەها وتویەتی "رێگەی نێوان دوكان چوارقوڕنە سێ قۆناغە، یەكەمیان لە چوارقوڕنە بۆ پردی هیزۆپە 93٪ی تەواو بووە كە زیاتر لە 20 كیلۆمەترە، هەفتەی پێشوو سەردانی پرۆژەكەم كرد ئیشی باشی تێدا كراوە لە قۆناغەكانی تەواوكردنی پرۆژەكەداین. قۆناغی دووەم كە لە هیزۆپ تاوەكو خەلەكانە 45٪ی تەواوكراوە، قۆناغی سێیەم هێشتا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، نووسراومان بۆ نووسینەگەی بەڕێز سەرۆكی حكومەت كردووە كە لە ئاییندەیەكی نزیكدا رەزامەندی لەسەر بدات بۆ ئەوەی ئەو قۆناخەش لەم چەند مانگەی دهاتوو بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەو بەشە دەبێتە بەشێك لە رێگەی دوو سایدی نێوان سلێمانی هەولێریش، چونكە تاوەكو دەگەینە مەفرەقی بێستانە لەوێ تونێلی هەیبەت سوڵتانمان هەیە، تونێلی هەیبەت سوڵتان دروستبكرێت بچینە دیوی كۆیە، لە كۆیەش دوو سایدی نێوان هەولێر كۆیەمان هەیە".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن