1029 عیراق

كۆمسیۆن: زیاتر له‌ 24 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌

12:55 - 19/07/2021

زه‌مه‌ن_عێراق


کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە بەپێی ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە پەسەندکراوە، ٢٤ ملیۆن و ٢٩٩ ھەزار و ٢١ دەنگدەر مافی دەنگدانیان لە دەنگدانی گشتیدا ھەیە.


جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەنجومەنی کۆمسیاران، ژمارەی کۆتایی دەنگدەران بۆ دەنگدانی گشتیی پەسەندکردووە و وتی:" ٢٤ ملیۆن و ٢٩٩ ھەزار و ٢١ دەنگدەر مافی دەنگدانیان لە دەنگدانی گشتیدا ھەیە."

جومانە غەلای وتیشی: "ھەروەھا بەپێی ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسارانەوە پەسەندکراوە، ژمارەی دەنگدەرانی لە دایکبووی ساڵانی ٢٠٠١، ٢٠٠٢ و ٢٠٠٣، گەیشتووەتە ٩٨٨ ھەزار و ٤٣٥ کەس".

باسی لەوەشکردووە کە ھەروەھا ژمارەی دەنگدەران بۆ دەنگدانی تایبەت لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە کە ھێزە ئەمنییەکانی سەربە وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگریی و دەزگای دژەتیرۆری عێراق، ھەروەھا ھێزەکانی سەربە وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە گەیشتووەتە، یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئەوەیشی خستووەتەڕوو، ژمارەی ئەو ئاوارانەی کە لە سیستمی بایۆمەتری تۆمارکراون و مافی دەنگدانیان ھەیە گەیشتووەتە ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ کەس کە دەتوانن لە ٨٦ ناوەندی دەنگدان دەنگ بدەن و وتی:"ژمارەی کۆتایی ناوەندەکانی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە پەسەندکراوە کە ھەشت ھەزار و ٢٧٣ ناوەندە".

جومانە غەلای راشیگەیاندووە کە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە ھەشتی مانگی تشرینی یەکەمی داھاتوو و دەنگدانی گشتیش لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داھاتوو ئەنجام دەدرێن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن