دیارترین كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران
04:46 - 15/05/2021
زەمەن_جیهانی
دیارترین كاندیدەكانی هەڵبژاردنی
سەرۆكایەتی كۆماری ئیسلامی ئێران دەركەوتوون، كە بڕیارە 18ی مانگی داهاتوو
بەڕێوەبچێت.
لەسەرووی هەموویانەوە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری و
ئەندامی "لیژنەی مەرگ" كە سزای لە سێدارەدانی بە كۆمەڵی لەسەر
گیراوانی سیاسیدا لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو سەپاند، هەر یەكە لە عەلی
لاریجانی سەرۆكی پێشووی پەرلەمان و مەهدی هاشمی رەفسنجانی، كوڕی سەرۆك كۆماری پێشوو
هاشمی رەفسنجانی كە
ئێستا سەرۆكی شارەوانی تارانە.
بەپێی میدیای ئێران، بەیانی ئەمڕۆ شەممە ژمارەیەك كەسایەتی دیكە
خۆیان كاندید كردووە لەوانە؛ شەمسەدین حسێنی وەزیری پێشووی دارایی، ئەبوحەسەن
فەیروز ئابادی، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای سیبرانی، عەباس ئاخوندی وەزیری رێگاوبان و
گەشەپێدانی شارستانی لە حكومەتی یەكەمی حەسەن رۆحانی، مەسعود پزیشكان وەزیری
تەندروستی لە حكومەتی خاتەمی.
هاوكات عیزەت ئەڵڵازەر غامی، سەرۆكی پێشووی رادیۆو تەلەفزیۆن و
مستەفا كەواكبیان ئەندامی پەرلەمان.
كاندیدانی سوپای پاسداران لەم هەڵبژاردنەدا ئامادەیی گەورەیان
هەیە، عەلی رەزا ئەفشار، فەرماندەی پێشووی بەسیج، فەرەیدون عەباسی ئەندامی
پەرلەمان و سەرۆكی پێشووی دەستەی وزەی ناوەكی، لەگەڵ سەعید محەمەد فەرماندەی
پێشووی سەربازگەی خاتەم الئەنبیا، لەگەڵ حسێن دهقان وەزیری پێشووی بەرگری،
دیارترین كاندیدەكانن.
هەروەها ژمارەیەك لە ریفۆرمخوازەكان گەڕاونەتەوە كە پێشتر لە
كێبڕكێ دوورخرابوونەوە، لە نمونەی مستەفا تاجزادە، وەزیری ناوخۆ لە حكومەتی محەمەد
خاتەمی، كە چەند ساڵێك لە هۆی بزوتنەوەی سەوزەوە لە زیندان بوو.
بەپێی رێنمایی نوێی ئەنجومەنی دەستوور،
هەموو ئەوانەی پێشینەی تاوانیان هەیە یاخود چوونەتە زیندان ئەگەر بە هۆكاری سیاسیش
بێت لە هەڵبژاردن دووردەخرێنەوە.
لەسەر ئەم بنەمایە تاجزادە لە ریفۆرمخوازان دوورخرایەوە، هاوكات
ریفۆرمخوازان چەند كاندیدێكیان پێشكەشكردووە لەوانە موحسین مهر عەلیزادە و هاوكاری
پێشووی خاتەمی، مەحمود سادقی، پەرلەمانتاری پێشووی ریفۆرمخواز، لەگەڵ رامین
مهمانپەرست، وتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوە.
لە رۆژانی رابردووشدا
مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆك كۆماری پێشوو، خۆی كاندید كرد، هەروەها محەمەد حەسن
نامی كەسایەتی جێی مشتومڕ و وەزیری پێشووی گەیاندن، كە دكتۆرانی لە كۆریای باكوری
بەدەستهێناوە خۆی كاندید كرد.
سادق خەلیلیان وەزیری پێشووی
كشتوكاڵ و ئەمیر حسێن قازی زادە هاشمی جێگری یەكەمی سەرۆكی پێشووی پەرلەمان، رۆستم
قاسمی یاریدەدەری فەیلەقی قودس خۆیان كاندید كردووە.
زۆربەی چاودێرانی رەوشی ئێران پێیانوایە ئاستی بەشداری لە
هەڵبژاردندا بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی كوشتووبڕ و گرتن
و بێ هیوابوون لەوەی ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانكاری بكات، سەرباری ئەوەش قەیرانی دارایی
كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر بێ كاری و هەژاری.