یاسای مۆڵەتی بێ مووچە هەمواردەکرێتەوە
03:55 - 11/10/2026
زەمەن_هەواڵ
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، سێ پێشنیاز بۆ هەموارکردنەوەی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران تاوتوێ دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، د. رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاندووە،، لیژنەکەیان سەرقاڵی تاوتوێکردنی سێ پێشنیازی یاساییە بۆ ئەوەی یاسای مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران هەموار بکرێتەوە و بەشێکی هەمواری یاساکە تایبەت دەبێت بە پرسی خانەنشینیی فەرمانبەران.
ئاشکرای کردووە، یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە مۆڵەتی پێنج ساڵ بە تەواوی مووچەی بنەڕەتییەوە بە فەرمانبەر بدرێت، بەڵام بۆ جاری دووەم ئەگەر هەمان فەرمانبەر داوای مۆڵەتی بێ مووچە بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە بکاتەوە، تەنیا نیوەی مووچەی بنەڕەتیی پێدەدرێت. لە بەشێکی دیکەی پێشنیازەکەدا هاتووە فەرمانبەر دەتوانێت داوای مۆڵەتی شەش مانگ بێ مووچە بکات.
سەرۆکی لیژنەی یاسایی باسی لەوە کرد، فەرمانبەر دەتوانێت لە نیوەی مۆڵەتە پێنج ساڵییەکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی بکات و بگەڕێتەوە سەر کارەکەی و تەواوی مووچەکەیشی پێدەدرێت.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ماوەی مۆڵەتەکە بۆ خزمەت و خانەنشینی هەژمار دەکرێت پاش دانەوەی بڕە پارەی خانەنشینی، لەگەڵ رێگەدان بە کارکردن لە کەرتی تایبەتدا، بەڵام بڕوانامەی خوێندن لە کاتی بەدەستهێنانیدا لە ماوەی مۆڵەتەکەدا بە فەرمی هەژمار ناکرێت.