562 عیراق

عێراق: وەزیری بەرگری توركیا بەبێ رەزامەندی ئێمە هاتوەتە خاكەكەمانەوە

06:39 - 03/05/2021

زەمەن_عێراق


حكومەتی عێراق، نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی گەیاندە توركیا، لەسەر هاتنی خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا بۆ هەرێم.

ئەمڕۆ دووشەممە، نزار خەیروڵا، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بانگهێشتی كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی توركیای لە بەغدا كردووە بۆ بینای وەزارەتی دەرەوەو یاداشتێكی ناڕەزایی پێداوە.

لە یاداشتەكەدا بە توندی سەركۆنەی هاتنی حولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا كراوە بۆ خاكی عێراق، بەبێ رەزامەندی پێشوەختەی لایەنی پەیوەندیداری عێراق، بۆ بەسەركردنەوەی هێزەكانی توركیا لە ناو خاكی عێراق كە "بە شێوەیەكی نا شەرعی" ماونەتەوە.


هەروەها حكومەتی عێراق، سەركۆنەی لێدوانی وەزیری ناوخۆی توركیای كردووە بۆ دروستكردنی بنكەیەكی سەربازی هەمیشەیی لە باكوری عێراق.

بریكاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئاماژەی بەوەشكردووە، وڵاتەكەی بە تەواوەتی پێشێلكارییە بەردەوامەكانی سەروەری خاكی عێراق لەلایەن هێزەكانی توركیاوە رەتدەكاتەوە.

وتیشی: بەردەوامبوونی پێشێلكارییەكان لەگەڵ پەیوەندی دۆستانە و دراوسێیەتی و یاسای نێودەوڵەتی ناوگونجێن.

دوێنێ یەكشەممە، خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا، بەبێ رەزامەندی لایەنی عێراقی سەربازگەیەكی وڵاتەكەی لە پارێزگای دهۆك بەسەركردەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن