کوردستان

سەرۆكی هەرێم نامەیەكی بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان نارد

08:04 - 19/04/2021 72 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن_هەرێمی كوردستان



لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و هه‌ر یه‌که‌ له‌ وڵاتانى ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان چەند داواکاریییەکى ئاراستەی کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی کرد.


لە نامەکەدا سەرۆكی هەرێم داوا دەکات نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەسەڵاتی زیاتری پێبدرێت و ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە نێوەندگیریی نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەتی جێبەجێکردنی ماددەی (140)ى دەستوور و کێشەی نەوت و دابەشکردنی داھات.


هەروەها پشتگیری لە داواکارییەکەی حکومەتی فیدراڵى عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات بۆ زیاترکردنی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان لە عێراق و دڵنیابوون لەوەی کە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بە باشی و دوور لە پێشێلکاری بەڕێوە بچێت.



 نێچیرڤان بارزانى هەروەها داوا دەکات لە دەقی پرۆژەبڕیاری نوێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا دەربارەی عێراق، پشتگیریی فەرمیی ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى هەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکوومەتی فیدراڵى عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی بودجە و دانوستان لەسەر تەواوى پرسە ھەڵپەسێردراوەکان.


لە خاڵیکى دیکەى نامەکەیدا داوای هاوکاریی مرۆیی و پشتگیریی زیاتر دەکات بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی ژیانیان لەنێو کامپەکاندا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement