بەغدا.. خۆپیشاندەرێک گیانی لەدەستدا
05:40 - 26/10/2020
"زەمەن"
لە کاتی هەوڵی هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی
خۆپیشاندەران لە ناوەڕاستی بەغدا، روبەڕوبوونەوە و پێكدادان لەنێوان هەردوولادا
روویدا و لە پێکدادانەکاندا یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان لەسەر پردی کۆماری نزیک مەیدانی
تەحریر کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا.
نەقیب حاتم جابری، ئەفسەر لە پۆلیسی بەغدا، بە
میایاکانی رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، دووبارە روبەڕوبوونەوە و پێكدادان لەنێوان خۆپیشاندەران
و هێزە ئەمنییەكاندا لە پردەكانی كۆماری و سینەك، ناوەڕاستی بەغدا روویداوە.
دەشڵێت، روبەڕوبوونەوە و پێكدادان لەو كاتەدا
روویداوە كە هێزە ئەمنییەكان هەوڵیانداوە بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن.
لەئێستادا، سەدان خۆپیشاندەر لە ناوەڕاستی شاری
بەغدا بە تایبەتیش لە گۆڕەپانی تەحریر گردبوونەتەوە و داوا دەكەن ئەو داواكارییانەیان
كە لە خۆپیشاندانەكانی رابردوودا، پێشكەشیان كردبوو، جێبەجێ بكرێن.
پێشتر، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە خۆپیشاندانەكانی
دوێنێ یەكشەممە، ٤٣ كارمەندی ئەمنی لە بەغدای پایتەخت برینداربوون.
دوێنێ، لە ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی
٢٠١٩، هاوڵاتییان لە مەیدانی تەحریر گردبوونەوە و ئەمڕۆش خۆپیشاندانەکان بەردەوام
بوون.
لە یەکی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا خۆپیشاندان لە عێراق
دژبە گەندەڵی و دەستوەردانی دەرەکی دەستیپێکرد و لە ٢٥ی تشرینی یەکەمدا، گەیشتە لوتکە
و لەژێر فشاری شەقامدا، عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە
کرا.