"هەموو کەسێک دەتوانێت لە ساڵێکدا ٢٥ لتر پلازما ببەخشێت"
02:23 - 07/07/2020
"زهمهن" –ههولێر
سیستمی بەرگریی کەسێک
کە تووشبووبێت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، جۆرێک لە بەرگری دروست دەکات و پێی دەگوترێت دژەتەن،
ئەم دژەتەنە توانای ناسینەوەی ڤایرۆسەکەی ھەیە و لەگەڵی دەجەنگێت، ھەر بۆیەش پلازمای
خوێن لە کەسێکی چاکبووەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەردەگیرێت و دەدرێت بە کەسێکی تووشبوو بۆ
ئەوەی ئەم دژەتەنە بتوانێت رووبەڕووی ڤایرۆسەکە ببێتەوە و بهسهریدا زاڵ بێت.
پلازمای خوێن لەڕێگای
ئامێرێکی تایبەت وەردەگیرێت کە خوێنی کەسەکە دەکێشێتە ناو ئامێرەکە و لەوێ پلازماکە
جیا دەکاتەوە و پێکهاتەکانی دیکە دەگەڕێنێتەوە ناو جەستەی بەخشەرەکە و بڕی پلازمای
وەرگیراویش له كهسێكهوه بۆ كهسێكی دیكه جیاوازه، بۆیهش لە هەندێک کاتدا بۆ
زیاتر لە یەک نەخۆشیش بەکاردێت.
بەڕێوەبەری پزیشکیی
لە بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن، هونەر عومەر دڵپاک ئاماژە بەوە دەکات کە وەرگرتنی پلازما،
وەک هەر پڕۆسەیەکی خوێنبەخشین ئاساییە و کاریگەری خراپی نییە لەسەر کەسی بەخشەر، ئەوەیش
دەخاتەڕوو کە بڕی پلازماکە بەپێی قەبارە و کێشی کەسی بەخشەر، دەگۆڕێت و بڕی تێچووی
وەرگرتنی هەر پلازمایەک، پێنجسەد هەزار دینار دەکەوێت.
هونەر عومەر دڵپاک سەبارەت چۆنیەتی و شێوازی پلازمای خوێن، وتی:
"بە گشتی خوێن لە دوو بەش پێکدێت، بەشێکیان شلەی خوێنە، واتا پلازمای خوێن، بەشێکی
دیکەش خانەکانی خوێنە کە ئەوانیش سێ جۆرن، خڕۆکەی سوور، خڕۆکەی سپی و خەپلەکانی خوێن،
بۆیە پلازمای خوێن پێکهاتەیەکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی خوێن، بەشی زۆری خوێن بریتییە
لە پلازماکەی و هیچ زیانێک بە کەسی بەخشەر ناگات، هەر کەسێک پلازما ببەخشێت دەتوانێت
دوای هەفتەیەکی دیکە جارێکی دیکە پلازما ببەخشێت و ئەمەش هاوکار دەبێت لە چاکبوونەوەی
نەخۆشێک".
هونەر عومەر دڵپاک
وتیشی: "پێکهاتەکانی خوێن جیاوازە، هەندێک نەخۆش هەیە، پێویستی بە خڕۆکەی سوور،
یان سپی هەیە، هەندێکیشیان پێویستیان بە پلازمای خوێن هەیە، پلازما بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت
کە کێشەیان هەیە لە هۆکارەکانی خوێن مەیین، بێگومان ئەمە بەشێوەیەکی گشتیییە، بەڵام
لەئێستادا ئەو باسە گەرمەی لەسەر پلازما هەیە بابەتی کۆرۆنایە، یەکێک لەو هۆکارەی کە
لە دونیادا باسی لێوە دەکرێت وەکو چارەسەر، بریتییە لە بەکارهێنانی پلازمای ئەو کەسانەی
کە پێشتر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و چاکبوونەتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە ئێستا نەخۆشن،
بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە بارودۆخی تەندروستییان ناجێگرە یان دەچن بەرەو دۆخی ناجێگیریی،
هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە ئەو کەسانەی تووشبوون و چاکبوونەتەوە بەرگری لەشیان دژەتەن دروست
دەکات دژی ئەو ڤایرۆسە، چونکە هەر کەسێک کە تووشی ئەم ڤایرۆسە بێت ئەوا بەرگری لەش
دەست دەکات بە شەڕکردن لەگەڵ ئەو ڤایرۆسە و دژەتەن".
بە وتەی هونەر عومەر
دڵپاک، پلازما لە کەسێک وەردەگیرێت کە پێشتر تووشی ڤایرۆسەکە بووبێت و چاکبووبێتەوە
و لە کەسێکی ئاسایی وەرناگیرێت، لەبارەی هۆکارەکەیشی دەڵێت "ناتوانین پلازما لە
کەسێکی ئاسایی وەرگرین، دەبێت ئەو کەسەی پلازما دەبەخشێت، پێشتر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا
بووبێت، ئینجا پلازمای لێ وەردەگیرێت، ناتوانین لە کەسێکی ئاسایی پلازما وەربگرین،
هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە کەسی بەخشەر، بەهۆی بەرگرییەوە دەتوانێت لەگەڵ ئەو ڤایرۆسە بکەوێتە
شەڕکردن".
هەرچەندە بەخشینی
پلازما وەک هەر خوێنبەخشینێکی ئاساییە، بەڵام زۆرجار لە دیدی کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە
دەگۆڕدرێت و جۆرێك ترسی هزری خهڵك دروستكردووه، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری پزیشکی لە
بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێنی هەولێر وتی: "دەستکەوتنی ئەم پلازمایە هیچ ئەستەم
نییە، وەک هەر خوێنبەخشینێکی ئاساییە، جیاوازییەکەی ئەوەیە کە لەکاتی خوێنبەخشین، خوێنەکە
لە دەماری خوێنبەخشەکە راستەوخۆ دەچێتە کیسەیەکەوە، بەڵام بۆ وەرگرتنی پلازما، خوێنبەخشەکە
دەخەینە سەر ئامێرێکی تایبەت، پێی دەڵێن سێل سەپرەیتەر، بەخشەرەکە لەسەر ئەو ئامێرەیە
و خوێنەکە رادەکشێت و لەناو خۆیدا پلازماکە جیا دەکاتەوە و بەشەکانی دیکە دەگەڕێنێتەوە
ناو جەستەی بەخشەرەکە، واتا خڕکۆکەکان دەگەڕێنەوە ناو جەستەی بەخشەرەکە و ماوەی ٤٥
خوولەکیش دەخایەنێت".
هەموو کەسێک ناتوانێت
پلازما ببەخشێت ئەوانەیشی دەتوانن بیبەخشن دەبێت پێشتر لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی چارەسەری
کۆرۆنا، بەڵگەنامەی پێویستی هەبێت کە تووشی کۆرۆنا بووە و چاکبووەتەوە، ئینجا بانکی
خوێن دەتوانێت پلازماکەی لێ وەربگرێت و سەبارەت بە مەرجەکانی پلازما بەخشینیش، هونەر
عومەر دڵپاک وتی: "ئێمە هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا و بەڕێوەبەرایەتی
تەندروستیی خۆپارێزی، دەبێت ئەو کەسانەی پلازما دەبەخشن لە رێگای ئەو شوێنانەوە سەردانمان
بکەن، بە پێچەوانەوە ناتوانین پلازمای لێ وەرگرین، هەروەها مەرجە ماوەی چاکبوونەوەی
نەخۆشەکە لەگەڵ بەخشینی پلازماکە، ١٤ رۆژ کەمتر نەبێت".
بەڕێوەبەرایەتی بانکی
خوێنی هەولێر، ئەگەرچی شوێنێکی مەترسیدارە بەهۆی ئەوەی کارمەندی شوێنەکە زۆرترین بەرکەوتەیان
لەگەڵ نەخۆشییە گوازراوەکاندا هەیە و رۆژانە چەندین کەس بە مەبەستی پلازما یان خوێنبەخشین
سەردانی ئەو ناوەندە دەکەن و بەڕێوەبەری پزیشکیی، هونەر عومەر دڵپاک رایدەگەیەنێت کە
لە میانی داواکارییەکانی نەخۆشخانەی کۆرۆنا بۆ پلازما، تا ئێستا ٣٢ بەخشەری پلازمایان
وەرگرتووە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە هیچ کێشەیەکی کەمیی پلازما لە بانکی خوێندا نیە.
بڕی پلازما بەپێی
کێش و قەبارەی کەسی بەخشەر جیاوازە و هەر نەخۆشێکیش پێویستی بە بڕی ٢٠٠ میلی لیتر پلازما
هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە دۆخە تەندروستییەکە دەربازی بێت و لەمبارەیەوە دکتۆر هونەر
عومەر دڵپاک وتی: "هەر نەخۆشێک پێویستی بە ٢٠٠ ملل پلازما هەیە و لانیکەم ٤٠٠
ملل پلازما لە هەر کەسێک وەردەگرین، ئەگەر بەخشەرەکە جەستەیەکی گەورە و باڵایەکی بەرزی
هەبێت دەتوانرێت زیاتری لێ وەربگیرێت، هەر نەخۆشێک پێویستی بە ٢٠٠ ملل پلازما هەیە،
واتا ئەگەر ٦٠٠ ملل پلازما لە کەسێک وەرگرین، ئەوا دەتوانین بیدەین بە سێ نەخۆش".
لە چەند رۆژی رابردوودا،
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە ھەرێمی کوردستان لەبارەی فرۆشتنی پلازمای خوێن بە تووشبوانی
کۆرۆنا رایگەیاند کە وەرگرتنی پارە بەرامبەر بەخشینی پلازما حەرامە و بەڕێوەبەری پزیشکیش
لە بانکی خوێن جەخت لەوە دەکاتەوە ئەگەر هەر حاڵەتێکی مامەڵەکردن هەبێت ئەوا رێکاری
یاسایی بەرامبەر دەگرنەبەر و لەمبارەیەوە گوتی: "مامەڵەکردن بە پلازما ناگاتە
لای ئێمە، بەڵام بە دڵنیایییەوە ئەگەر ئێمە هەستی پێبکەین ئەوا وەک تاوان مامەڵەی لەگەڵدا
دەکەین و رێکارەکانی بەرامبەر دەگرینەبەر و داوای لەسەر تۆمار دەکەین و دەردرێتە دادگا،
ئەگەر هەر مامەڵەیەک کرابێت ئەوا هەڵەی کەسوکاری نەخۆشەکەیە، چونکە پلازما دەست دەکەوێت
و خەڵکێکی زۆر دێن پلازما دەبەخشن و بە هیچ شێوەیەک کێشەی کەمی پلازما نییە".
هەر کەسێک دەتوانێت
لە ساڵێکدا چەند جارێک پلازمای خوێن ببەخشێت و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری پزیشکیی لە بەڕێوەبەرایەتی
بانکی خوێنی هەولێر، هونەر عومەر دڵپاک دەڵێت: "هەر کەسێک دەتوانیت لە ساڵێکدا
٢٥ لتر پلازما ببەخشێت، بەڵام نابێت نێوان هەردوو بەخشین هەفتەیەک کەمتر بێت، ئەگەر
بەخشینەکەش گەیشتە ٢٥ لتر، ئەوا ناتوانێت ئیتر پلازما ببەخشێت تا دەگاتە ساڵێک و دواتر
دەتوانێت دەست بە بەخشین بکاتەوە".
لە بانکی خوێندا
ئەگەر کەسێک زیاتر لە ٢٠٠ ملل پلازمای لێ وەربگیرێت، ئەوا دەکرێت بە دوو یان سێ بەشەوە
بە شێوەیەکی داخراو و تەندروست، بۆ ئەوەی زیاتر لە یەک کەس سوودی لێ ببینێت و لەبارەی
تێکچووی وەرگرتنی هەر پلازمایەک، بەڕێوەبەری پزیشکی لە بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێنی
هەولێر وتی: "بۆ هەر پلازمایەک سێتێکی نوێ دەخرێتە ناو ئامێرەکەوە، بۆیە تێچووی
وەرگرتنی هەر پلازمایەک کە تەنها سێتێک بە ٣٥٠ هەزار دینارە و بە گشتی ٥٠٠ هەزار دینار
تێچووی یەک وەرگرتنە".
هەموو ئەو کەسانەی
بە مەبەستی بەخشینی پلازما سەردانی بانکی خوێنیان کردوو، رەگەزی نێر بوون و لەبارەی
جیاوازی رەگەزیشەوە بۆ بەخشینی پلازما، هونەر عومەر دڵپاک وتی: "بۆ بەخشینی پلازما،
رەگەزی نێر گونجاوترە، رەگەزی مێ ئەگەر دووگیان نەبووبێت دەتوانرێت وەریگرین، بەڵام
ئەگەر ئافرەتێک دووگیان بووبێت لە رابردوو، ئەوا ناتوانین وەریگرین چونکە لەکاتی دووگیانییدا
هەندێک تێکەڵاوی لەنێوان دایک و کۆرپەلە دروست دەبێت و ئەمەیش کاریگەری لەسەر تەندروستی
کەسەکە دروست دەکات".