363 عیراق

كۆرۆنا بوه‌ته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی هاوکارییەكانی ئێران بۆ گروپە شیعەکانی عێراق

06:42 - 03/07/2020

"زه‌مه‌ن"

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیتەرز، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی، هاوکات لەگەڵ سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا لەسه‌ر ئێران، بوونەتە هۆی کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی هاوکاریی دارایی ئێران، بۆ میلیشیا شیعەکانی نزیک لەو وڵاتە، بەجۆرێک ئێستا ئێران لە رێگای سوپای پاسدارانەوە مانگانە نزیک بە 2 بۆ 3 ملیۆن دۆلار بە میلیشیاکانی عێراق دەدات، لەکاتێکدا پێشتر هاوکارییە داراییەکان نزیکبووە لە 15 ملیۆن دۆلار.


راپۆرتەکەی رۆیتەرز، پشتدەبەستێت بە لێدوانی سێ فەرماندەی باڵای میلیشیا شیعەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، کە راستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە پشتگیریی دارایی و سەربازییان دەکرێت، هاوکات لێدوانی بەرپرسێکی ناوچەیی، کە ئاگاداری هاوکارییەکانی ئێرانە بۆ میلیشیاکانی عێراق.

بەپێی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، هاوکاری دارایی بۆ هێزەکانی وەکو کەتائیبی حیزبوڵڵا، گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هاتووە، بەجۆرێک، کە بەر لە کۆرۆنا 4.5 بۆ 5 ملیۆن دۆلار بووە بۆ مانگێک، لەکاتێکدا ئێستا دابەزیوە بۆ 2 بۆ 3 ملیۆن دۆلار، ئەوەش دووەم کەمکردنەوەی بودجەی ئێرانە بۆ ئەو هێزانە و بەر لە سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا، هاوکارییەکان لەنێوان 12 بۆ 15 ملیۆن دۆلار بووە.

برایان هووک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئێران، بە رۆیتەرزی وتووە، کە راپۆرتە هەواڵییەکە جارێکی دیکە پشتڕاستی دەکاتەوە، کە سزاکانی ئیدارەی ترەمپ، لە دژی ئێران کاریگەریی خۆی هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی توانای ئێران بۆ هاوکاریکردنی کار و چالاکیی سەربازیی گرووپەکانی سەر بە تاران لە دژی نەیارەکانی، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئامادە نەبووە بڕی زیانەکان ئاشکرابکات.

ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ژمارەیەکی زۆر تووشبووی کۆرۆنای هەیە و نزیک بە 11 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، وەکو رێکارێکی خۆپارێزی، وڵاتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش هەر زوو لە سەرەتای ساڵی 2020 سنوورەکانیان بەڕووی ئێراندا داخست، هاوکات سنوورەکانی نێوان عێراق و وڵاتی سووریا کە ئێران بوونێکی سەربازیی بەهێزی تێیدا هەیە، داخراوە.

فەرماندەکانی میلیشیاکانی سەر بە حەشدی شەعبی وتوویانە، کە رێکارەکانی کۆرۆنا بەربەستی دروستکردووە و ناتوانن وەکو جاران هاوکاریی دارایی لە ئێران وەربگرن، هاوکات ناشتوانن وەکو پێویست چەکدارەکانیان بۆ سوریا رەوانە بکەن تاوەکو مەشق  و راهێنانی سەربازییان پێبکرێت، لەوانە لەسەر شەڕی کۆڵان بە کۆڵان.

وەکو چارەسەرێک بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی هاوکاریی دارایی، ئێستا ئەو گرووپانە هەوڵدەدەن بە شێوازی جیاواز بۆ خۆیان ببنە خاوەن بەرژەوەندی ئابووری.

فەرماندەکانی ئەو گرووپانەی سەر بە ئێرانن، بەو ئاژانسەیان وتووە، کە هاوکارییە داراییەکان بەکاردەهێنرێن بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی دژ به‌ئێران، لەوانە بەئامانجکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا.

هەرسێ فەرماندەکەی حەشدی شەعبی و بەرپرسە ناوچەییەکە و دیپلۆماتێکی ئێرانی، کە قسەیان بۆ ئاژانسەکە کردووە، هاوکات ئاماژەیان بەوەشداوە، کە کوشتنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس لەلایەن ئەمریکاوە لە سەرەتای ساڵی 2020 کاریگەری هەبووە لەسەر گەیاندنی هاوکاری بە میلیشیاکان لە عێراق و هەروەها لەسەر چالاکییە سەربازییەکانی ئەو گرووپانە.

لەبەرامبەردا، وتەبێژێک بە ناوی پەیوەندیەکانی سوپای پاسداران رەتیکردۆتەوە، ئێران هاوکاری دارایی پێشکەش بە گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراق کردبێت و رایگەیاندووە، وڵاتەکەی تەنیا لە رووی مەعنەوەییەوە پشتیوانی لەو گروپانەی ناوچەکە دەکات، کە دژی بوونی هێزەکانی ئەمریکان لە وڵاتەکانیان.

 

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن