315 عیراق

هۆشداریی لە داڕمانی رەوشی تەندروستیی بەندیخانەکان دەدرێت

10:18 - 03/07/2020

"زەمەن"


کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق هۆشداریی دا لە داڕمانی رەوشتی تەندروستی لە بەندیخانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، و سەرۆکی بەرەی رزگاری نیشتمانی عێراق، ئوسامە نوجێفی داوای گرتنەبەری رێکاری بەپەلە دەکات بۆ ئازادکردنی گیراوان ئەمەش لە پێناو پاراستنی سەلامەتییان.


عەلی بەیاتی ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، رایگەیاند "چەندین تووشبووی کۆرۆنا لەنێو بەندیخانەکاندا هەن، هەروەها ژمارەیەک فەرمانبەری چاکسازییەکانیش تووشی ڤایرۆسەکە بوونە".

عەلی بەیاتی ئاماژەی بەوەشکرد کە مەترسی ئەوە هەیە ژمارەی تووشبووان لەنێو بەندییەکاندا روو لە هەڵکشان بکات، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە رێکارەکانی تەندروستیی لە نێو بەندییەکان جێبەجێ ناکرێت.

بەیاتی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە چەند رێکارێکی پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئازادکردنی ئەو گیراوانەی کە تێوەنەگلاون بە کردەی تیرۆریستی و ئەو تاوانانەی کە زیان بە ئاسایشی دەوڵەت دەگەیەنن.

عەلی بەیاتی روونیکردەوە توانای ئێستای بەندیخانەکان سێ هێندەی ئەو ژمارەیەیە کە لە بنەڕەتدا دەبێ تیایدابن.

لەلای خۆیەو سەرۆکی بەرەی رزگاری نیشتمانی عێراق، ئوسامە نوجێفی داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کرد رێکاری بەپەلە بگرێتەبەر بۆ ئازادکردنی گیراوان، ئەمەش لەپێناو پاراستنی سەلامەتییان.

نوجێفی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "لە ئێستادا ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە نێو بەندیخانەکان، داوا لە کازمی دەکەم هەنگاوی خێرا بگرێتەبەر بۆ ئازادکردنی گیراوان بە دەستەبەری".

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتووەتە ٥٣ هەزار و ٧٠٨ کەس، لەنێویاندا دوو هەزار و ١٦٠ گیانلەدەستدان هەبووە و ٢٧ هەزار و ٩١٢ نەخۆشیش دوای چارەسەری پزیشکیی، چاکبوونەتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن