1291 کوردستان

رێکەوتنی عێراق و ئەمریکا لە بەرژەوەندی خەلکی کوردستانە

02:23 - 14/06/2020

رەعد رەفعەت
پێش هه‌رشتێك، ده‌بێ له‌مه‌ودوا دوو جۆره‌ به‌رژه‌وه‌ندی لێكجودابكه‌ینه‌وه‌:

یه‌كه‌م: به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ی هه‌رێم كه‌ به‌ناوی شه‌رعیه‌تی هه‌رێم قسه‌ ده‌كات وكار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سه‌ركرده‌ دز وداروده‌سته‌ وحزبه‌كانی ده‌كات.

دووه‌م: به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ زۆر جودایه‌ یان زۆر جار دژیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی چینی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا هیچ لایه‌ن وكه‌سێك نه‌یتوانیوه‌ نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی ئه‌م چینه‌ سته‌ملێكراوه‌ بكات.

بۆنمونه‌: ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم وحزبه‌كان بۆ پۆستی وه‌زیر وئیمتیازاته‌ دارایی وحزبیه‌كانیان له‌عێراق به‌ناوی شه‌رعیه‌تی دامه‌زاوه‌كانی هه‌رێم قسه‌یان كرد، به‌ڵام نه‌مانبیستوه‌ تا ئێستا له‌به‌رژه‌وه‌ندی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان هیچ هه‌ڵوێستێكی جدیان هه‌بێت.

به‌پێچه‌وانه‌ی رای زۆربه‌ی توێژه‌ر وچاودێران، پێمویه‌ رێكه‌وتنی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به‌قازانجی خه‌ڵكی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؛ چونكه‌ سه‌رانی هه‌رێم تا ئێستا سودی زۆریان بینیوه‌ له‌و یاریه‌ دوفاقیه‌ی هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ-عێراقی فیدراڵ.

سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمیان كردۆته‌ پاساوی زوڵم وسته‌م له‌ هاولاتیان وبه‌حزبیكردنی زانكۆ ودادگا وپێشمه‌رگه‌ وپۆلیس وئاسایش وگشت سێكته‌ره‌كانی هه‌رێم، وبه‌ناوی ئه‌و سه‌ربه‌خۆبونه‌ش رێگا نادرێت دامه‌زراوه‌ چاودێریه‌كانی عێراق وه‌كو په‌رله‌مان ودیوانی چاودێری ودادگا و وه‌زاره‌تی دارایی لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان.

عێراقی فیدراڵیشیان كردۆته‌ پاساوی به‌ده‌ستهێنانی بودجه‌ وموچه‌ وپۆست وئیمتیازات وهه‌ر كاتێكیش شكستیانهێنا له‌ ئیداره‌دانی هه‌رێم، شكسته‌كه‌ بخه‌نه‌ پاڵ عێراق وپێنه‌دانی مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌.

پێموایه‌ رێكنه‌كه‌وتن زیان به‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێ وله‌به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ی هه‌رێمه‌؛ چونكه‌:

1- ململانێ سیاسی وئه‌منی وئابوری ئه‌مریكا وئێران وعێراق ده‌كه‌وێته‌ هه‌رێم، وخاك وخه‌ڵكی كوردستان ده‌بنه‌ سوته‌مه‌نی ئه‌و ململانێیه نێوده‌وڵه‌تی وئیقلیمیه‌.

2- زیاتر ئه‌مریكا ئیشی به‌ هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵات ده‌بێت ونازیان هه‌ڵده‌گرێت ورێگا نادات نه‌یاره‌كانیان سه‌رهه‌ڵبڕن وكورسیه‌كانیان پێچۆڵ بكه‌ن؛ چونكه‌ ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ هه‌رێمێكی سه‌قامگیره‌ ئه‌گه‌ر هاتو له‌سه‌ر حسابی دیموكراتیه‌ت ومافی مرۆڤیش بێت.

3- رێكنه‌كه‌و‌تن ده‌بێته‌ هۆی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی چینی ده‌سه‌ڵاته‌ گه‌نده‌ڵه‌كه‌ی هه‌رێم له‌سه‌ر حیسابی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك.

رێكه‌وتن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمه‌ نه‌ك ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی؛ چونكه‌:

1- ئه‌و رێكه‌وتنه‌ ده‌بێته‌ هۆی دروستكردنی عێراقێكی به‌هێز له‌ سه‌روه‌ره‌ی یاسا وده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات وسه‌ربه‌خۆیی دادگا وزیاتر ئه‌كتیڤكردنی رۆڵی په‌رله‌مان له‌ چاودێركردن ولێپرسینه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی وگه‌نده‌ڵكاران، ئه‌مانه‌ش هه‌موی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستانه‌.

2- رێكه‌وتن رۆڵی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم كه‌مده‌كاته‌وه‌ وچاوه‌كان له‌روی دیپلۆماسی وسیاسی وئه‌منی وسه‌ربازی وئابوری روده‌كه‌نه‌ به‌غدا نه‌ك هه‌ولێر وكۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پشتگیری حكومه‌تێكی نیشتمانی وچاكساز ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێم نه‌ك گه‌نده‌ڵ.

3- رێكه‌وتنه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستانه‌؛ له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌توانرێ له‌ رێگای عێراقه‌وه‌ لێپرسینه‌ له‌ موچه‌ وبودجه‌ وداهات وده‌رامه‌ته‌كانی كوردستان بكرێت وچیتر به‌تاڵان نه‌دزرێ له‌لایه‌ن گه‌نده‌ڵه‌ ده‌سترۆیشتوه‌كانی كوردستان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن