59147 کوردستان

هەرێم بە مەرجەکانى عێراق رازى بوو

03:17 - 23/05/2020

"زەمەن" 

وەزارەتى دارایی عێراق هەفتەى رابردوو رایگەیاند، رەزامەندییان لەسەر خەرجکردنى ٤٠٠ ملیار دینار دەربڕیوە و چەند خاڵێکى وەک دواکاریش بۆ رێکەوتنى نێوان هەردولا ئاڕاستەى مەسرور بارزانى کرد و وەزارەتى دارایى هەرێمیش رەزامەندى لەسەر مەرجەکان نیشاندا.


رۆژی 19ـی ئەم مانگە، عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی مەسرور بارزانى سەرۆک وەزیرانی ‌هەرێمی کوردستان کرد کە چەند خاڵێکی لەخۆگرتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دارایی نێوان هەولێر و بەغدا.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 400 ملیار دیناری مانگی نیسان بۆ هەرێمی کوردستان خەرجدەکات. 

 وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، دیوانی چاوێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی (گومرگ و داهاتی خاڵە سنوورییەکان) حیساب دەکەن و وردبینی تێدا دەکەن.

لاى خۆیەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش لە وەڵامی ئەو نووسراوەدا کە ژمارە 802ـە و لە 19-5-2020 دەرچووە، رەزامەندی هەرێمی کوردستانی نیشانداوە لەسەر ناوەڕۆکەکەی.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک کە واژووی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستانی بەسەرەوەیە، وەڵامی حکومەتی عێراقی داوەتەوە و رازیبووە بەو مەرجانەی حکومەتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان.

بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق "ئەو پارەی ماوەتەوە لە مانگی نیسان دوای گەیشتن بە رێککەوتن لە کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا خەرجدەکرێت". 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن