414 کوردستان

فراکسیۆنى گۆڕان داوا دەکات پەرلەمان رۆڵى جدى هەبێت لەم قۆناغەدا

05:36 - 03/04/2020

"زەمەن"

ئەندامێکى فراکسۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت، داوایانکردووە، پەرلەمانى کوردستان کۆببێتەوە و رۆڵى جدى هەبێت لەم قۆناغەکە کە ڤایرۆسى کۆرۆنا بڵاوبوەتەوە.


شاخەوان رەئوف بەگ ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسۆنى گۆڕان بە دیجیتاڵ میدیاى "زەمەن"ى راگەیاند، هەرێمى کوردستان لە ئێستادا لە قۆناغێکى هەستیاردایە، لەلایەک مووچەى فەرمانبەران دوادەکەوێت و لەلایەکى دیکە، ڤایرۆسى کۆرۆنا بەرۆکى گرتوین، بۆیە پێویستە پەرلەمانى کوردستان کۆببێتەوە و رۆڵى جدى هەبیت لەم قۆناغەدا، بڕیارێک بدرێ بچینە قۆناغێکى ترەوە.

وتیشى، ناكرێت په‌رله‌مان وه‌ك گرنگترین دامه‌زراوه‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ خۆی توشی ئیفلیج بوون بكات و هیچ رۆڵێکى نەبێت لەم کاتە هەستیارەدا.

شاخەوان رەئوف بەگ بە پێویستى زانى سەرۆکایەتى پەرلەمان میکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەى بەزوترین کات پەرلەمان کۆببێتەوە و رۆڵى خۆى هەبێت، لەم قۆناغەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکات و چاودێرێکى تەواو بێت.

ئەو پەرلەمانتارەى گۆڕان ئاماژەى بەوەشکرد، بۆ ئەوەى کۆبوونەوەکە مەترسى کۆرۆنا دروست نەکات، پێویستە کە پەرلەمانتاران لەلایەن تیمێکی پسپۆرەوە بەرلەوەی بچنە کۆبوونەوەوە خاوێن بکرێنەوە و سەرجەم پێداویستییە پزیشکییەکانیشیان بۆ دابین بکرێت، ئەمە جگە لەوەی کە پێویستە پلەی گەرمیشیان وەربگیرێت و هەر گومانێک هەبوو ڕێگە بەو پەرلەمانتارە نەدرێت کە بچێتە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن