673 کوردستان

ئیلهام ئەحمەد؛ ئەو ژنەی رەنگەكانی لە رۆژئاوا تێكەڵكرد

03:25 - 02/11/2019

هێمن حەسەن

خاتونێكی هێمن و لەسەرخۆیە، بەڵام توندە لە مامەڵەدا، بە ئارامی دەستەواژەكان دەدركێنێت و دەزانێت چۆن هەڵیاندەبژێرێت. ئەو ئەندازیاری بەشدارپێكردنی نەتەوەو ئاینە جیاوازەكان بوو لە ئیدارەی خۆسەری. ئێستاش وڵاتان و كیشوەرە جیاوازەكان دەبڕێت بۆ مانەوەی ئەو قەوارەیەو پاراستن و هێشتنەوەی خەڵكەكەی لەسەر خاكەكەیان.

ئەو ژنە سیاسەتوانە ئیلهام ئەحمەدە كە لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا، زیاتر دەركەوت، سەردانی ئەوروپاو ئەمریكای كرد بۆ پاڵپشتی و ناساندنی تاوانەکانى تورکیاو گروپە چەکدارەکانی بە دونیا. 

ئیلهام ئەحمەد دەمێک نییە لەسەر شاشەى میدیاکان و روپەڕى رۆژنامەکان دەبینرێت. بەڵام خەبات و تێکۆشانى مێژویەکى کۆنى هەیە كە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ئاشنابونی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان.

ئیلهام ئەحمەد ساڵى ١٩٧١ لە گوندى “زەرکا”ى سەر بە ناحیەى “راجۆ”ى کانتۆنى عەفرین لەدایکبووە، خوێندنى سەرەتایی و ناوەندى لە عەفرین تەواوکردوەو بۆ زانکۆ چۆتە حەلەب و لەبەشی ئەدەبی عەرەبی دەخوێنێت.

دوو ساڵ لە زانکۆ دەمێنێتەوە، بەڵام كاری سیاسی رێگەی پێنادات خوێندنەکەى تەواو بکات و دوای قۆناغى دووەمى زانکۆ دادەبڕێت و كاری سیاسیی دەكات.

خاتونێكی چالاكی سیاسی دەبێت و ژیانی خۆی بۆ داكۆكیكردن لە مافی ژنان و تەرخان دەکات سەرەتای نەوەدەكان پەیوەندى بە رێکخستنەکانى پەکەکەوە دەکات و بەنهێنی لە عفرین كاریان لەگەڵدا دەكات.

ساڵى ٢٠٠٣ بەتۆمەتى کارى سیاسی و دژایەتیکردنى دەوڵەت دەستگیردەکرێت و دوای ساڵێك ئازاد دەکرێت.

چەند جارێک لە رۆژئاواى کوردستان چاوى بە عەبدوڵا ئۆجەلان دەکەوێت و بۆ کارکردن لە بوارى ژنان و سیاسیش رێنمایی و ئامۆژگارى لێوە وەردەگرێت.

ئیلهام لە بنەماڵەیەکى سیاسى و تێکۆشەر بووە، باوکى چەند جارێك لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلاندا یەكتریان بینوە و گفتوگۆیان كردووە.

خوشکێکى ئیلهام، بەناوى “لەیلا” وەک شەڕڤانێک بەرگرى لە شارەکەى دەکرد لە عەفرین، بەڵام دوای چەند رۆژ بەرگرى لە زێدى خۆی شەهید دەبێت. 

وەک یەکێک لە هاوڕێیەکانى بۆ “زەمەن” باسى دەکات ئیلهام ژنێکى لەسەرخۆیەو کارەکانى بە زیرەکانەو ئارامى دەکات، لە کارەکانیدا بە کەسێکى جدى و کەمێک توند دادەنرێت کەمتر پێدەکەنێت و زیاتر کار دەکات.

یەکێک لەو تایبەتمەندیانەى ناوبراو وەک سیاسیەکى ژن لە رۆژئاواى کوردستان هەیەتى ئەو پەیوەندییە باشەیە کە لەگەڵ عەشیرەت و هۆزە عەرەبەکانى رۆژئاوا هەیەتى، ئەم پەیوەندیەش بووەتە هەوێنى بەیەکەوە ژیانى پێکهاتەکان، هاوکات خۆشى ئەندازیارى بەشداری پێکردنى پێکهاتەکان بوو لە ئیدارەى خۆسەردا.

ئێستا ئەو سەرۆکى لیژنەى تەنفیزى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات (مەسەدە)‌یە كە وەك - وەزارەتى دەرەوە دەبینرێت -.
لەگەڵ دەستپێکردنى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان، ئیلهام ئەحمەد بەرەو ئەوروپا بەڕێکەوت، لە ١٠ى ئەم مانگە وتارێکى لە پەرلەمانى ئەوروپا پێشەکەش کردو توانى پشتیوانى نوێنەرانى ئەوروپا بەدەستبهێنێت.

بە ئاماژەکردن خراپى دۆخى “کریستیان”ەکان سەرنجى ئامادەبووانى بۆ پێکەوەژیانێکى سەرنجڕاکێشى پێکهاتەکانى باکورى سوریا راکێشا، ئەوان ستایشى ناوبراویان کرد وەک ژنێک توانیویەتی هەمەڕەنگى پێکهاتەکانى باکورى سوریا بپارێزێت. دواتر لە ناو چەپڵەرێزانێکى بەجۆشداو وێنەگرتن لەگەڵیدا ماڵئاوایى لێکرا.

ئیلهام ئەحمەد لەماوەى ئەم ٢٠ رۆژەدا کە لە ئەوروپاو ئەمریکایە توانى سۆزى ئەوروپیەکان و ئەمریکیەکان بۆ رۆژئاواى کوردستان رابکێشێت، بەڵام ئەو  لەبارەى ئەو هاوسۆزییەوە لەبەردەم پەرلەمانى ئەوروپا وتی: “ئێمە بە هەڵویستی وڵاتانی جیهان دڵخۆشین، بەڵام پێویستمان بە چالاکی بەپەلە هەیەو پێویستە کارێک بکرێت کە تورکیا بکشێتەوەو گەمارۆی بخرێتە سەر، هاوسۆزى بەس نیە، بەڵکو پێویستە تورکیا لەسەر ئەو کردەوانەی سزا بدرێت”.

هەر لەسەرەتای ئەم مانگەدا ئیلهام ئەحمەد لە کۆشکى ئەلیزێ چاوى بە ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆکى فەڕەنسا کەوت و دۆخى باکورى سوریاى تێگەیاند، دواتر کۆشکى ئەلیزێ دیدارەکەى ماکرۆن و ئیلهامى بە سەرکەوتوو ناوبرد.


دواى سەردانەکەى ئەوروپا، ئیلهام ئەحمەد لە ٢٣ى ئەم مانگە چووە ئەمریکاو لەبەردەم کۆنگرێس وتارێکى پێشکەشکرد، بۆ روونکردنەوەى ئەو دۆخەى لە باکورى سوریا دروست بووە هەروەها بە ئامانجى رازیکردنى سیاسیەکانى ئەمریکا بۆ رازیکردنى ترەمپ تا کارێک بۆ کورد بکات، بۆ ئەو مەبەستەش بە رووخسارێکى خەمناک و هیلاکەوە وتارێکى لە کۆنگرێس پێشکەشکرد.


ئەو کاتێک وتارەکەى پێشکەش دەکرد وەک دیبلۆماتکارێکى هێمن و ژیر دەردەکەوت کاتێک بێ هەڵچوون و بەبێ هێرشکردنە سەر ئەمریکا قسەکانى خۆی دەکردو وەک سیاسیەکى بە ئەزموون بە وریاییەوە دەستەواژەکانى بەکاردەهێنا، بەتایبەت کاتێک سوپاسى ئەمریکای کرد کە لە رابردوودا پشتیوانى کوردیان کردووە.


کۆنگرێسمانەکان لە وتەکانیاندا سەرسامی خۆیان بە تواناکانى ئیلهام نیشاندا کە وەک ژنێکى کورد توانیویەتى بەرگرى لە مافەکانى گەلەکەى بکات.
بەشێك لە کۆنگرێسمانەکان لەبەردەم ئیلهامدا رەخنەیان لە سەرۆكەكەیان (ترەمپ) گرت.


وتارەکەى ئیلهام کاردانەوەیەکى خێراى لەناو کۆنگرێس و میدیاکانى ئەمریکاو جیهان دروست کرد، بەڵام وا دەردەکەوێت ئەم وتانەى هێشتا کاریگەریان لەسەر ترەمپ نەبووە بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانى.


ئیلهام ئەحمەد بەڵێنەکەى ترەمپى بیری ئەمریکایەکان هێنایەوە کاتێک لە ٣٠/١/٢٠١٩ لە یەکێک لە خواردنگەکانى کۆشکی سپى چاوى بە ترەمپ کەوتبوو کە بەڵێنى ئەوەى پێدابوو نەهێڵێت تورکیا هێرش بکاتە سەریان.


لەو کاتەدا دیدارەکەى ئیلهام ئەحمەدو ترەمپ تەنها سێ خولەکی خایاندو ئەو کاتە کەمەى قۆستەوەو خۆى پێ دەناساندو داواى هاوکارى لێکرد، ترەمپ لەو سی خولەکەدا بەڵێنى ئەوە بە ئیلهام دا کە قسە لەگەڵ ئەردۆغان دەکات و ناهێڵێت هێرش بکاتە سەریان.


ئیلهام بە یەکێک لەو سەرکردانەى رۆژئاواى کوردستان کە دژى داواکارییەکانى ئەنەکەسە بۆ دامەزراندنى دوو هێزى سەربازى لە رۆژئاوا رەتدەکاتەوەو پێیوایە نابێت وەڵامى ئەو داواکاریانە بدرێتەوە کە دەیانەوێت ئەزموونى هەرێمى کوردستان لە رۆژئاوا دووبارە بکەنەوە.


ئیلهام ئەحمەد وەک زۆرێک لە سەرکردەکانى دیکەى رۆژئاواى کوردستان بەهۆى خەبات و تێکۆشانیان لەپێناو مافەکانى گەلەکەیان هاوسەرگیرى نەکردووەو نەپەرژاونەتە سەر ئەوەى ژیانى تایبەت بە خۆیان لەبەرچاو بگرن. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن