9وتار

ئایا حزب شێوەی دەوڵەتی وەرگرتووە؟

7/29/2026 1:41:00 PM
رابەر تەڵعەت

رەنگە ئەمە پرسیارێکی قورس بێت، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێمە زۆر گرنگە. ناتوانین هەرێم بە هەمان ئەو تیۆر و پێوەرانە بخوێنینەوە کە بۆ دەوڵەتە مۆدێرنەکان دانراون. هەرێم خاوەن سەروەی نیە؛ قەوارەیەکی نادەوڵەتییە، پەرلەمان و حکومەتی هەیە، بەڵام حزب و خێزان تیایدا، لەگەلێک رووەوە لە دامەزراوە فەرمییەکان بەهێزترن.

لە دەوڵەتی مۆدێرندا، یاسا و دامەزراوەکان سەروەرن. بەڵام لە کوردستان، دەستگەیشتن بە کار، زەوی، گرێبەست، بازرگانی و سەرچاوە داراییەکان زۆرجار پەیوەستە بە نزیکایەتی و لایەنگیریی حزبییەوە . لێرەدا حزب تەنها ڕێکخراوێکی سیاسی نییە؛ بەڵکو بەشێکە لە ئابووری، کارگێڕی و دابەشکردنی دەرفەتەکان. ئەمەش بەرژەوەندی گشتی پشتگوێ دەخات و متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکان لەناودەبات.  

کێشەکان قوڵتر دەبنەوە؛ کاتێک یاسا سەروەر نەبێ و مافی خاوەندارێتی پارێزراو نەبێت. کاتێک هاووڵاتی یان بازرگان و خاوەن کار دڵنیا نییە لەوەی کە یاسا دەتوانێ مافەکانی بپارێزێ؛ سەرمایەگوزاریی درێژخایەن و سەرمایەداریی هاوچەرخی بازاڕ روو لە داکشان دەکات و مەحسوبییەت و پەیوەندی حزبی جێگای یاسا دەگرێتەوە. 

کۆمەڵگاش لەڕووی دابەشکاریی چینایەتییەوە، چونکە پشتبەستوو نیە بە ئابووریی بەرهەمهێنەر، و وابەستەیە بە داهاتی نەوت، دەروازە سنورییەکان و موچەی حکومەت، دەبینی لەبری کرێکار، یان چینی ناوەڕاستی خاوەن ئامراز و سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان، چینێکی فراوانی موچەخۆر دروست بووە کە قوت و ژیانی بەستراوەتەوە بە ئەو سەرچاوانەی لەژێر دەستی حزبی دەسەڵاتدارە. کۆنتڕۆڵکردنی داهات و دەرفەت، وابەستەیی چینێکی فراوانی موچەخۆر بە دامەزراوە گشتییەکانەوە، بە ئاسانی دەتوانێت ناڕەزایەتی و خۆڕاگریش سنوردار بکات! 

ئابووری دێوێکی کێشەکەیە؛ ئەویتر پەیوەندی هەیە بە خواست بۆ چاکسازی، دادپەروەریی و شەفافییەت؛ کاتێک هاوتا دەکرێت لەگەڵ مەترسی دەرەکی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان. ئەم گوتارە زۆرجار داواکاری ناوخۆیی وەک هەڕەشە بۆسەر یەکڕیزیی نیشتیمانی وێنا دەکات. خەڵکانێکیش رەنگە بەڕاستی لەژێر ناوی چاکسازیی، تا ئاستی لەناوبردنی هەرێم مەرام و هەوڵیان هەبێ! بەڵام بۆ زۆرینەی خەڵک؛ ناچارن هەم ماف بخوازن و هەم خۆیان لە تۆمەتی لاوازکردنی قەوارەکە بپارێزن. 

ئەنجام؛ تێگەیشتن لە هەرێمی کوردستان کارێکی ئاسان نیە و پێویستی بە خوێندنەوەی واقیعی، تێکەڵاو و فرەلایەن هەیە. خوێندنەوەیەک لە هەژموونی حزب و ئابووری کرێخۆریی تێبگات، و مەترسییەکانی سەر قەوارەکەش بەهەند وەربگرێ. سیاسەت، کۆمەڵگا و دەسەڵات لە هەرێم، لە چوارچێوەی زنجیرەیەک گۆڕاوی دژبەیەک و ناکۆکدا دەخولێتەوە و دەبێ بەم شێوەیەش مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ. 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن