8وتار

پێکدادانی بەڵێنەکان و بونیادە تەقلیدییەکان، لاجان – لاناز وەک نمونە

11/30/2025 6:41:00 PM
رابەر تەڵعەت

! ڕووداوەکەی بەردەم پاڵاوگەی لاناز لە گوندی لاجان، کە تێیدا هاووڵاتیەک بووە قوربانی، تەنها ڕووداوێکی توندوتیژیی نییە، بەڵکو نیشانەی قەیرانێکی قوڵی سۆسیۆ-سیاسییە لە هەرێمی کوردستاندا. ئەنجامی پارادۆکسێکی ئاڵۆزە: تیایدا دامەزراوەیەکی مۆدێرنی ئابووری (پاڵاوگە) دەبێتە هۆی پێکدادان، و بەهۆیەوە خەڵکی ناڕازی پەنا دەبەنە بەر شێوازە تەقلیدییەکانی خۆڕێکخستنەوە (وەک عەشیرەت و ناوچەگەریی). ڕەهەندە شاراوەکانی ئەم ڕووداوە پەیوەندی بە داینامیکی هەڵبژاردن و سروشتی دەسەڵاتدارییەوە هەیە لە هەرێمدا. پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە میکانیزمی "پاترۆن-کلایەنت" (Patron-Clientelism) دەبەستێت.
حیزبە سیاسییەکان بۆ مسۆگەرکردنی دەنگی خەڵک، کۆمەڵگا خۆجێییەکان، عەشیرەتەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکان؛ پەنا بۆ بەڵێنی ڕاستەوخۆ و کورتخایەن دەبەن. داواکاریی سەرەکیی خۆپیشاندەرانی لاجان، کە بریتی بوو لە دامەزراندن و هەلی کار لە پاڵاوگەکە، نموونەیەکی زیندووی ئەم دیاردەیەیە. ئەم بەڵێنانە، کە زۆرجار لە دەرەوەی توانای جێبەجێکردن یان پلانی ستراتیژیی حکومەتن، "سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتیی" کاتی دروست دەکەن کە لەسەر بنەمای چاوەڕوانیی دامەزراوە. کاتێک ئەم چاوەڕوانییە بەدی نایەت، ئەو وزە کۆمەڵایەتییەی کە بۆ دەنگدان کۆکرابووەوە، دەگۆڕێت بۆ وزەیەکی ناڕەزایەتیی تووڕە.
کاتێک سیاسەت دەبێتە ئامرازی دابەشکردنی دەستکەوتی کاتی لەبری بونیادنانی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی بەردەوام، سەرەنجام هەر بەڵێنێکی هەڵبژاردن ئیمکانی ئەوەی هەیە ببێتە بۆمبێکی تەوقیتکراو! لە هەرێمی کوردستاندا، گوتاری ناسیۆنالیزم وەک رێکخستنی سیاسی خەریکە شوێن بۆ گوتاری ناوچەیی، خێڵەکی و حزبی چۆڵ دەکات؛ حزبە دەسەڵاتدارەکان لە ڕووکەشدا گوتارێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی گشتگیر بەکاردەهێنن، بەڵام لە واقیعدا، دابەشبوونی سیاسی و ئابووریی دەیان ساڵەی ڕابردوو، بووەتە هۆی ئەوەی بونیادە خۆجێی و عەشایەرییەکان نەک هەر لاواز نەبن، بەڵکو وەک میکانیزمێکی بەرگری و خۆڕێکخستنەوەی کۆمەڵایەتی، بەهێزتر دەرکەونەوە.
 کاتێک دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت (حکومەت) لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و دادپەروەریدا شکست دەهێنن، هاووڵاتیان پەنا بۆ ئەو بونیادانە دەبەن کە متمانەیان پێی هەیە و ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیانی تێدا دەبیننەوە. ئاماژەکردن بە ناسنامەی عەشیرەتیی خۆپیشاندەران لە ڕاگەیاندنەکاندا، بەڵگەیە لەسەر ئەم واقیعە. ئەمە دۆخێکە کە ئیبن خەلدوون بە "عصبیة القبیلة" ناوی بردووە، کە تیایدا هاوپشتیی و هەماهەنگی گروپیی ناوخۆیی لە هاوپشتیی گشتیی دەوڵەت بەهێزترە. پەیمانی کۆمەڵایەتی نێوان حاکم و مەحکوم، نابێ لەسەر بنەمای بەڵێنی پاداشتکردن یان زەبروزەنگی بێسنوردا رێکبخرێت، چونکە دەبێتە هۆی شکست بۆ هەردوولا! رووداوی لاجان – لاناز، تەنها شەڕی نێوان چەند هاوڵاتییەک و هێزێکی ئەمنی نەبوو، بەڵکو پێکدادانی دوو لۆژیک بوو: لۆژیکی "مافی بەدەستهێنانی دەسکەوت لەسەر بنەمای بەڵێن " لەروانگەی خەڵکی ئەو شوێنەوە، و لۆژیکی "پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییە گەورەکان و سەپاندنی هەیبەتی دەوڵەت" لەلایەن دەسەڵاتەوە. لەم هاوکێشەیەدا، قوربانیدان بە ژیانی مرۆڤ دەبێتە ئاسانترین ڕێگەچارە! دەرەنجام؛ رووداوەکە زەنگێکی ئاگادارکەرەوەیە بۆ سیستەمێکی سیاسی دامەزراو لەسەر بنەمای کڕینی دڵسۆزییی کاتی، سیستەمێک تیایدا پڕۆژەی نیشتیمانسازیی شکستی هێناوە و خەڵک بەرەو ناسنامە خۆجێی و خێڵەکییەکان پاشەکشە دەکەن.

بەردەوامبوون لەسەر ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی، کە تەنها لەنێوان دابەشکردنی دەستکەوت و بەکارهێنانی هێزدا دەخولێتەوە، قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە و ڕووداوی هاوشێوە دووبارە دەبێتەوە! چارەسەر لە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی کاتیدا نییە، هەرچەندە داواکارییەکی ڕەوایە، بەڵام پێویستی بە چاکسازیی بنەڕەتی هەیە. هەرێمی کوردستان پێویستی بە گواستنەوەیەکی ریشەیی و مانادار هەیە لە ئابووریی سیاسیی پاداشت و بەڵێنەوە بەرەو ستراتیژی بونیادنانی دامەزراوە، هەمەجۆرکردنی ئابووری، و دروستکردنی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینە کە تیایدا هاوڵاتی، بەبێ گوێدانە ناسنامەی ناوچەیی و عەشیرەتی، هەست بە خاوەندارێتیی دەوڵەت و دادپەروەری بکات. ئەگەرنا، هەر پاڵاوگەیەک، هەر پڕۆژەیەکی گەورە، و هەر هەڵبژاردنێکی داهاتوو، دەتوانێت ببێتە گۆڕەپانێکی نوێی پێکدادانی خوێناوی!

رابەر تەڵعەت


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن