عێراق و هەڵبژاردن...!
10/23/2025 6:23:00 PM
رابەر تەڵعەت
هەڵبژاردنی ئەمجارەش بۆ پەرلەمانی عێراق، هیچ دەروازەیەکی نوێ بەڕووی
بونیادنانی دەوڵەت و بەهێزکردنی پایەکانی نەتەوەسازیی و چەسپاندنی رۆڵی یاسا و
دەستور، بەرووی عێراقدا ناکاتەوە! زیاتر رکابەرییەکی مەترسیداری نێوان ئەو نوخبە
دەسەڵاتدارەیە کە ساڵانێکە دەوڵەت و سەرچاوەکانیان کۆنتڕۆڵ کردووە. سیستەمی بەش – بەشێنە، موحاسەسە؛ دەسەڵات لەسەر بنەمای
ئینتیما مەزهەبی و ئیتنیکییەکان دابەش دەکات؛
ئەمەش رێگریی یەکەمە لەبەردەم دامەزراندنی حکومەتێکی لێپرسراو، چونکە لێپرسینەوە
تیایدا ئەستەمە! حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی، ئەوەی جارێک سەدر هەوڵی بۆدا؛
نایەتەدی، تاکە بەدیل، حکومەتی ئیتیفاقی مەزهەبی و ئیتنیکییە و دەنگی خەڵک تەنها
بۆ پڕکردنی دەفری هێزە تائیفییەکانە، لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین بەش لە هەزار
پۆستی بەرزی حکومی و خەسخەسەی حزبی!
عێراق
لەبەردەم شکستی سیستەماتیکی مۆدێلی حوکمڕانی دایە. ئەو نوخبە سیاسی و دەسەڵاتدارەی
لە ئەنجامی پشک – پشکێنە، موحاسەسەوە دەستی بەسەر وڵاتدا گرتووە، هاندەر و
خوڵقێنەری زیاتری قەیرانە، نەک چارەسەریی! ئەگەرێکی لاوازە ئەم هەڵبژاردنەش
بتوانێت ئەم داینامیکە بگۆڕێت؛ بەڵکو، ئەگەرێکی زۆرە ببێتەهۆی بەرپاکردنی تەوژمێکی
دیکەی بەهێزی ناسەقامگیریی. پرسی گروپە چەکدارەکان، قەیرانی ئابووری و
دەستێوەردانی ئیقلیمی، فاکتەرە بەهێزەکانی پشت ئەم چاوەڕوانیەن! رابەر تەڵعەت