بۆ کۆرمۆر؟!
11/27/2025 2:33:00 PM
رابەر تەڵعەت
کێڵگەی گازی کۆرمۆر؛ دڵی وزەی هەرێمی کوردستان، جارێکی تر کرایە ئامانج. هێرشەکە بووە هۆی پەکخستنی بەرهەمهێنانی گاز و بڕینی ٨٠٪ ی کارەبای هەرێمی کوردستان. هێرشەکە تەنها کردەوەیەکی تیرۆریستی ئاسایی نیە، بەڵکو لوتکەی ململانێیەکی ستراتیژیی ئاڵۆزی چەند رەهەندی؛ ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت!
کێڵگەی کۆرمۆر لەلایەن کۆمپانیای (داناگاز) ی ئیماراتییەوە بەڕێوەدەبردرێت و خاوەن ٨.٢ ترلیۆن پێ - سێجا گازی یەدەگە و بەرهەمی رۆژانەی دەگاتە ٥٢٥ ملیۆن پێ – سێجا. ئەم بەرهەمهێنانەش نەک هەر سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمە، بەڵکو توانایەکی گەورەشی هەیە بۆ فرۆشتن و هەناردەکردنی کارەبا بۆ دەرەوەی هەرێم. کۆرمۆر، جگە لەوەی دڵی ئاسایشی وزەی هەرێمە، توانایی هەناردەکردنیشی ئەوەندە بەهێزە، کە هەرێمی کوردستان وەک ئاکتۆرێکی گرنگ دەخاتە سەر نەخشەی وزەی نێودەوڵەتی. بەم شێوەیە، کۆرمۆر لە تەنها کێڵگەیەکی گازەوە بووەتە کارتی فشار و خاڵی پێکدادانی بەرژەوەندییە جیاوازەکان.
فاکتەرەکانی پشت بە ئامانجگرتنی سێکتەری وزەی هەرێم، بەتایبەت دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ٢٠٢٢ زۆرن؛ یەکێک لەوان: لاوازکردنی ئابوری سەربەخۆی هەرێم و سەپاندنی دەسەڵاتی بەغدایە. فاکتەری تر، پەیوەندییان بە یارییە ژیۆپۆلەتیکییەکانەوە هەیە!
عێراق ساڵانە ١٠ ملیار مەتر سێجا گاز لە ئێران هاوردە دەکات. گەشەکردنی کەرتی گازی کوردستان و توانایی پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆی عێراق؛ هەڕەشەیە بۆسەر ئەم بازاڕە!
لەسەر ئاستی نەخشەی وزەی نێودەوڵەتیش؛ ئەگەریی خۆئامادەکردن بۆ هەناردەکردنی گازی هەرێم بەرەو بازاڕەکانی ئەوروپا، لە روانگەی ئێران و روسیاش، رەنگە وەک هەڕەشە سەیر بکرێت، و نیگەران بن لەوەی کە هەرێمی کوردستان ببێتە مۆڵگەیەکی نوێی بەرهەمهێنان و رەخساندنی وزە لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهاندا! فاکتەرێکی تر؛ پەیوەندی بە ململانێی ئێران و ئەمریکاوە هەیە، رەنگە ئەمە پەیامێک بێت بۆ ئەمریکییەکان؛ " بەرژەوەندییەکانتان لە هەرێم، پارێزراو نیە"!
بوونی ئاکتۆری نادیار لە پشت ئەم هێرشانەوە؛ دۆخەکە ئاڵۆزتر و دووبارەبوونەوەی هێرشەکان زیاتر دەکات و لێپرسینەوەش ئەستەمە! سەرەڕای گومانەکان لە حەشدی شەعبی، کە ئێران پاڵپشتییان دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نیە هەمیشە بە فەرمانی ئێران بجوڵێنەوە! بەڕای چاودێران دەکرێ هۆکاری تر هەبن لەپشت ئەم کردەوەیە: وەک پاڵنەرێکی سەربەخۆ، هەندێک لەو گروپانە بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی تایبەت بە خۆیان هەیە و ئەمە وەک فشار بۆسەر حکومەتی ناوەند بەکاردەهێنن.
لێدان و لاوازکردنی پێگەی سودانی؛ ئەمەش هەر رەنگە پەیوەندی بە ناکۆکی ناو ماڵی شیعەوە هەبێت، هەروەها ئیحراجکردنی سودانی، بەوەی هیچ کاریگەرییەکی بەسەر گروپە چەکدارەکانەوە نیە! یان تەسفیە حساباتی ناوخۆیی هێزە عێراقییەکانە!
لێککەوتەی ئەم جۆرە هێرشانە بۆ هەرێم قورس دەبێت! پڕۆسەی گەشەپێدانی کەرتی وزە خاو دەکەنەوە. سیاسەتی گەشەپێدانی خزمەتگوزاریی وزە و کارەبا بۆ هاوڵاتیانی هەرێم لاواز دەکەن یان رایدەگرن. بەردەوامی هێرشەکان، هەژموونی ناوچەیی بەسەر سەروەری عێراقەوە زیاد دەکات. پەیامێکیشە بۆ رۆژئاوا؛ " کوردستان ناتوانێ ببێتە جێگرەوەیەکی متمانەپێکراوی وزە"، دیارە تا ئەو کاتەی کێشە ئەمنییەکان چارەسەر نەکرێن!
ئەنجام؛ ئەم هێرشە تەنها رووداوێکی ئەمنی نیە، بەڵکو بەشێکە لە جەنگێکی ستراتیژی فرەلایەن لەسەر ئایندەی وزە و هەژموون لە عێراق و ناوچەکەشدا. ئەم جەنگە لەنێوان؛ خواستی هەرێم بۆ پەرەپێدانی سەربەخۆیی ئابووری، هەوڵەکانی بەغدا بۆ ملکەچکردنی هەرێم، ستراتیژی ئێران بۆ هێشتنەوەی هەژموونی خۆی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا، لەسەر خاک و حسابی کەرتی وزەی هەرێم بەڕێوەدەچێت! چارەسەریی ئەم دۆخە تەنها بە ڕێوشوێنی ئەمنی ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە ڕێککەوتنێکی سیاسی قووڵی ناوخۆیی (نێوان هەولێر و بەغدا) و لێکتێگەیشتنێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ دابەشکردنی بەرژەوەندییەکان و گەیشتن بە هاوسەنگییەکی نوێ. تا ئەو کاتە، لەوانەیە ئاسمانی کۆرمۆر بە ناسەقامگیری بمێنێتەوە و دڵی وزەی کوردستان بەردەوام لەژێر هەڕەشەدا بێت.