14وتار

کورد لە عێراق؛ لە یەکرێزیی ڕووکەشەوە بۆ بونیادنانی دامەزراوە!

12/11/2025 1:37:00 PM
رابەر تەڵعەت

سیستەمی سیاسیی عێراق لەسەر بنەمای "موحاسەسە"ی تائیفی و ئیتنی داڕێژراوە، تیایدا دەسەڵات لە نێوان شیعە، سوننە و کوردا دابەش کراوە. ئەم سیستەمە هەرچەندە لە بنەڕەتدا بۆ مسۆگەرکردنی بەشداریی هەموو لایەنەکان هاتەکایەوە، بەڵام لە واقیعدا بووە مایەی سیستەماتیککردنی گەندەڵی، لاوازکردنی دەوڵەت و قوڵکردنەوەی جیاوازییەکان. لەم دۆخە ئاڵۆزەدا، کورد لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای دەستکەوتە مێژووییەکانی، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاریی ناوخۆیی و دەرەکیی چارەنووسساز بووەتەوە. دروشمە باوەکانی وەک "یەکڕیزیی ناوماڵی کورد" بەبێ خستنەڕووی میکانیزمی جێبەجێکردن، چیتر توانای وەڵامدانەوەی ئەم واقیعە نوێیەیان نییە.

لە دوای ساڵی 2014ەوە، بەغدا بە شێوەی بەرنامەبۆداڕێژراو هەوڵی سەپاندنەوەی دەسەڵاتی مەرکەزی دەدات؛ لەوانە بەکارهێنانی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسا و بڕیارەکانی هەرێم، بەکارهێنانی بودجە و مووچە وەک کارتی فشاری سیاسی، و سنووردارکردنی دەسەڵاتە ئیدارییەکانی هەرێم. ئامانجی سەرەکیش، لاوازکردنی پێگەی دەستوریی هەرێمی کوردستانە. هاوکات، ململانێی مێژوویی و بەردەوامی نێوان پارتی و یەکێتیی بۆتەهۆی لەتکردن و لاوازکردنی دامەزراوەکانی هەرێم، بەتایبەتیش هێزی پێشمەرگە، ئاسایش و داهاتە گشتییەکان. ئەم دابەشبوونە ناوخۆییە بە شێوەیەکی بەرچاو توانای دانوستانی کوردی لەگەڵ بەغدا و هێزە ئیقلیمییەکانی وەک تورکیا و ئێران سنووردار کردووە.

سەرکردایەتی کورد تا ئێستا قازانجی لە سیاسەتی سەربەخۆیی ئابووریی یەکلایەنە نەکردووە؛ لێرەوە پێویستە ستراتیژێکی نوێ و واقیعی پەیڕەو بکات کە دەکرێ ناوی بنێین "فیدرالیزمی پراگماتیک". ئەمەش لەسەر دوو پایە وەستاوە: 

یەکەم/ لەمەودوا دەبێت کورد لەبری خۆبەدوورگرتن لە دەوڵەتی عێراق، کار بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەناو دامەزراوە فیدراڵییەکاندا بکات. ئامانج دەبێت گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی و درێژخایەن بێت لەسەر دۆسیەکانی نەوت و گاز، بودجە، و ناوچە جێناکۆکەکان، نەک تەنها ڕێککەوتنی سیاسیی کاتی. ڕێککەوتنی نەوتیی تەمموزی 2025، وێڕای کەموکوڕییەکانی، دەکرێت وەک هەنگاوی سەرەتایی بۆ بونیادنانی متمانە سەیر بکرێت. بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی بەغدا چیتر نەتوانێت پرسی مووچە و شایستە داراییەکان وەک ئامرازێکی فشار بەکاربهێنێت.

دووەم/ بەهێزکردن دامەزراوەکانی هەرێم؛ پێویستە کۆتایی بە دابەشکاریی هێزەکانی 70 و 80 بهێنرێت و هەموو هێزەکان لەژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکبخرێن. دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو و پیشەیی، نەک هەر متمانەی هاوپەیمانان (وەک ئەمریکا) بەهێز دەکات، بەڵکو پێگەی کورد لە هاوکێشە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکەدا قایمتر دەکات. هەروەک چۆن پێویستە بە کردەوە کار بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات بکرێت. ئەمەش لە ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی  گەندەڵی، پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت دوور لە هەژموونی حیزب، و دامەزراندنی سندوقی نیشتیمانی بۆ داهاتەکانی نەوت و گاز؛ چونکە شەفافیەت لە داهات و خەرجییەکاندا متمانەی نێوان خەڵک و حکومەت بەهێز دەکات.

ئەنجام؛ چارەنووسی سیاسیی کورد لە عێراق چیتر گرێدراوی بانگەشەی درەوشاوەی سەربەخۆیی یان یەکڕیزیی ڕواڵەتی و رووکەش نییە. بەڵکو،بەندە بە کاری جددی و پراکتیکییەوە بۆ بونیادنانی دامەزراوەی بەهێز، شەفاف و نیشتمانیی لە ناوخۆدا، هاوتەریب لەگەڵ گرتنەبەری سیاسەتێکی ژیرانە و واقیعبینانە لەگەڵ بەغدا. بەهێزکردنی هەرێم لەناوەوە، باشترین گەرەنتییە بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی و مسۆگەرکردنی ئایندەیەکی سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن