16وتار

بۆ کوڕانی کاک نەوشیروان مستەفا

8/3/2026 1:07:00 PM
لوقمان چاوڕەش

سڵاو وڕێز
لەپێناو پاراستنی شکۆی تێکۆشەران.
لەم قۆناغەدا ئەرکی خۆتان ئەنجام بدەن

باهەمووخەڵک ئەو ڕاستیە بزانێت
 تا ئەندازەی دابڕان لەئێوە زویرم و لێتانەوە دورم بەڵام
لەکۆتاییدا ئێوە کوڕی کاک نەوشیروانن.

بۆیە  پێشنیار ئەکەم  کە هەنگاو بنێن بۆ دامەزراندنی دامەزراوەیەکی گشتگیری نیشتمانی و سەربەخۆ کە ئامانجی سەرەکیی ئەو دامەزراوەیە پاراستنی مێژووی تێکۆشان و کۆکردنەوەی بەڵگە و دۆکۆمێنتە ڕاستەقینەکانی قۆناغەکانی ڕابردوو بێت.
ئەم دامەزراوەیە بکرێتە مینبەرێک بۆ ئەوەی بانگەوازێکی فراوان بکات بۆ هەموو ئەوانەی کە لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی کاک نەوشیرواندا هاوڕێ و هاوسەنگەر و بەشداربووی ڕاستەقینە بوون لەو وێستگە جیاوازانەی  کە کاک نەوشیروان تێیدا  سەرکردەو بڕیاردەرو داهێنەربووە .
چونكه‌ له‌ ئێستادا كه‌سانێكی ئاراسته‌كراوی (دەغیلە دەم)
 ده‌یانه‌وێت كاك نه‌وشیروان به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ پیشان بده‌ن.
ده‌كرێت ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌، سەرکردەو فەرماندەو پێشمەرگە و نووسەر و ڕۆژنامەوان و هەموو ئەوانەی کە بە چاوی خۆیان ڕووداوەکانیان بینیوە !  دەتوانن بەئەمانەتەوە گێڕانەوەیەکی دروست پێشکەش بکەن.

وە ئامانجەكه‌ فراوانتر بێت لەوەی کە ته‌نیا بۆ پاراستنی ناوی باوکتان بێت.
 بەڵکو پێویستە بکرێتە ناوەندێکی ئەکادیمی و دامەزراوەیەکی نیشتمانی
کە مەبەست لە پاراستنی مێژووی تەواوی ئەو نەوەیە بێت کە بە خوێن و قوربانی و تێکۆشان بەشداری لە شۆڕشی ڕزگاری نیشتمانی و قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی سیاسی  ومەدەنی  گەلی کوردستاندا کردووە.
ئەمڕۆ لە دونیایەکی خێراو چالاکدا لەگەڵ فراوانبوونی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتار و بیرۆکە و لێدوانەکان بە خێرایی دەگەنە هەزاران کەس.
 ئەوەی ئەمڕۆ لە لاپەڕەی ڕۆژنامە یان ماڵپەڕ و کتێبێکدا دەنووسرێت، سبەی دەکرێت ببێتە سەرچاوەی مێژوو.
 بۆیە هەر هەڵەیەک لە تۆمارکردنی ڕووداوەکانی ئەمڕۆو دوێنێ بکرێت
 یان پشتگوێ خستنی بەڵگە و شاهیدە ڕاستەقینەکان  دەتوانێت کاریگەرییەکی درێژخایەن لەسەر تێگەیشتنی نەوەکانی داهاتووماندا دروست بکات.
لەبەر ئەوە پێویستە هەموو ئەوانەی کە بەشداری ڕاستەقینەیان لەو قۆناغانەدا هەبووە، بێدەنگ نەبن ،
هەموان وەک ئەرکێکی نەتەوایەتی،
 بیرەوەری و بەڵگە و وێنەو نامە و تەواوی دۆکۆمێنت و تۆمارەکانی خۆیان کۆ بکەنەوە ، بۆ ئەوەی ئەرشیفێکی گەورەو گشتگیر بۆ ئەو دامەزراوەیە دابین بکەن.
 چونکە ئیتر کاتی ئەوەهاتووە کە  مێژوو بە زمانی زیندوە خاوەن بەهاکان و شاهیدان بنووسرێت چونکە
ڕاستیەک هەیە کە دەڵێن:
هەر سەرکردەو نەتەوەیەک نەتوانێت مێژووی خۆی وەک  ئەمانەتێک بپارێزێت ئەواکەسانی تر وەک سەماکارە سیاسیەکانی ئەمڕۆ هاوتەریب بۆ شەرعیەت پێدانی  بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەینووسنەوە.

دڵنیابن لەوەی ئەگەر مێژووی گەلی باشوور نەوشیروان مستەفای تێدا بسڕێتەوە
ئێمە دەبین بە گەلێک کە مێژومان  هەتیوو بکەوێت
هاوشێوەی ئێستا  کە هەمان لەنازو گەورەیی سەرکردەیەکدا بێ بەش کراوین ..!
هەموان ئەزانین کە هیچ سەرکردەیەک هاوشێوەی نەوشیروان مستەفا سوارچاکی قۆناغەکانی خۆی نەبوەو    هیچ سەرکردەیەک نەیتوانیوە لەژێر دروشمی ستراتیجێکی نەتەوەیی ونیشتمانیدا گۆڕەپانی سیاسی و شەقامی کوردی جوڵە پێ بکات ،هەر لەسەردەمی کۆمەڵەوە تا دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان!
  ئەگەر  مێژوو لەسەر بنەمای بەڵگە و ڕاستی نەبێت  ئەوا نەوەکانی داهاتوو لە ڕاستییەکان دوور دەکەونەوە و ڕوانگەو تێڕوانینێکی هەڵەیان بۆ دروست دەبێت.کەئەمەش خواستی ئەو تاقم وگروپە بەرژەوەند خوازانەیە کە ئەمڕۆ تەواوی گەلی ئێمەیان توشی نائومێدی
 کردووە و تەواوی سێکتەرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی وئابوری وسیاسیان شێواندوە.
پاراستنی مێژوو پاراستنی شکۆی سەرجەم تێکۆشەرانە.
ئەم کارە نابێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندی حیزبێک یان کەسێکدا بکرێت بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەی ئەخلاق و  بنەمای زانستی ، وەک  ئەمانەتێکی مێژوویی ئەنجام بدرێت.
ئەگەر ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ نەکەین، سبەی مێژوو بە دەستی ئەوانە دەنووسرێت کە لەوانەیە لە ناو ڕووداوەکاندا خیانەتکار و تاڵانچی و تێکدەرو جاشکۆی وڵاتانی ئیقلیمی بوون
یان هەر ئامادە نەبووبن.

تەماشاکەن لەئێستادا چۆن ڕۆژانه‌ له‌ میدیای سێبه‌ر و ئەو په‌یجانەی کە بابه‌تەکانیان بەپارەو داهاتی دزراو سپۆنسه‌ر دەکەن ،  کەسانی ڕق لەدڵ و تۆڵەئەستێن بەربونەتە شێواندنی لاپەڕەدرەوشاوەکانی ڕابردومان و کەسیش خۆی ناکات بەخاوەنی! بۆیە پاراستن و نوسینەوەو پاک کردنەوەی لاپەڕە تەڵخ کراوەکانی کاک نەوشیروان
 ڕێزلێنانە لە سەرجەم مێژووی تێکۆشەرانی ڕاستەقینەی ئەم نیشتمانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن