167وتار

بەڕێز جەنابی وەزیری پێشمەرگە

7/1/2026 1:09:00 PM
لوقمان چاوڕەش


دوای سڵاو
ڕۆژی 30/6/2026 لەڕێوڕەسمێکدا لەدەڤەری یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان وتارێکت خوێندەوە :
بەندە گوێ بیستی تەواوی وتەکانت بوم بۆیە وەک ئەرکێکی پیشەیی ونیشتمانی بەپێویستم زانی بەزمانێکی پێشمەرگانە بەچەند دێڕێک لەگەڵتاندا بدوێم:
لەژێر ناونیشانی :
هێزی نیشتمانی تەنها بەناو گۆڕین دروست نابێت:
لەتەواوی وڵاتانی دیموکراسیدا هێزی چەکدار ئەرکی پاراستنی سەربەخۆیی وسەقامگیری ویاساو دەستورەکەیەتی،
بۆیە نابێت وناکرێت چەکدارەکانیان بەبەرگی سەربازییەوە هەڵگری هیچ ڕەنگ وپەیام وئەجێندایەکی حیزبی بن.
چونکە کاتێک دەڵێن پارێزەری سەروەریە نیشتمانیەکان.
واتە پارێزەری تەواوی دانیشتوانەکەی و سنوری ئەو خاکەیە کەتەواوی حیزب وپێکهاتەکانیش ئەتوانن کاروچالاکی بەشێوەیەکی ئازادانە تێدا ئەنجام بدەن.

چەندین ساڵە باس وخواس لەیەکخستنەوەو ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی حیزبەکان دەکرێت!
لێدوان و وتاری سەرشاشەو میمبەرەکان پڕ کراون لەوشەی پێشکەوتن وسەرکەوتن وپیاهەڵدان ونمایشی ڕەنگاو ڕەنگ کەلەو پێناوەدا خەرجیەکی زۆرو زەوەندی خەڵکی کوردستانی تێدا بەهەدەر دەدرێت بەبێ ئەوەی بەردێک خرابێتە سەرمەڵۆیەک کەسیمای هێزێکی نیشتمانی تێدا ببینرێت!
وەهەتا ئێستا پرسیاری سەرەکی خەڵک لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئەوەیە کەئایا یەکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان بەڕاستی ڕویداوە یان تەنها ناوەکان گۆڕاون؟؟؟

وەڵامە دروستەکە ئەوەیە:
لەناو وەزارەتێکدا ئەگەر سێ سوپا سالار بوونی هەبێت؟
ئەگەر وەزارەتێک بڕیارە سەربازیەکانی لەدوو ناوەندی جیاوازەوە لەدەرەوەی دامەزراوە فەرمیەکانەوە وەربگیرێن؟
ئەگەر تەواوی پلەو پۆستەکان لە جێگری عەریفێکەوە  تا سەروتر بەناسنامەی حیزبی دابەش بکرێن؟
ئەگەر ئەو ئەفسەرو پێشمەرگانەی کەشایستە بەکار کردنن تەنها لەبەر ئەوەی سەربەهیچ کام لەودوو حیزبە نین لەمافەکانی خۆیان بێ بەش بکرێن و لەبەرامبەر ناوەکانیان بنوسرێت زیادە میلاک؟
ئایا ڕەوایە ناوی لێ بنرێت هێزی نیشتمانی؟

ئەگەر یەکەکانی (٧٠) و(٨٠)  بەناوی دەڤەری یەک ودوو بناسرێن ،بەڵام هەمان پێکهاتەو هەمان فەرماندەو هەمان دڵسۆزی بۆ سەرۆک و حیزب وهەمان سیستەمی حیزبی بەردەوام بێت ئەوە پێی دەوترێت گۆڕینی تەنها ناوەکەی  یان ناوەرۆکەکەی؟
تەنانەت لەکاری ڕۆژانەی وەزارەتیشدا بەڕوونی دیارە و بەدەگمەن ڕووئەدات بەشێوەیەکی پرۆتۆکۆڵی وەک تیمێکی خاوەن دیسپلینی سەربازی پێشوازی بکرێت لەمیوانانی بیانی وقونسوڵ وڕاوێژکاران و تیمەسەربازیەکان!
بۆیە  وەک ئەرک وبەرپرسیارێتی سەرشانم بەپێویستم زانی داوات لێ بکەم :

بفەرموون بەوتنی ئەو ڕاستیانەی کە دەبن بەبنەمایەک بۆ دروست کردنی هێزێکی نیشتمانی مۆدێرنەی هاوچەرخ کەدەیان ساڵە خەڵکی کوردستان لەبەدی هێنانی ئەو خەونەدان.
هێزی نیشتمانی تەنها بەو مەرجانە دروست ئەبێت کەهیچ سەربازێک لەناو وەزارەت وتەواوی یەکە سەربازیەکاندا هەست نەکات کەپێویستی بە پشتگیری حیزب هەیە تامافەکانی وەربگرێت،
وەئەفسەرو فەرماندەکانیش بگەنە ئەوبڕوایەی کەسەرچاوەی دەسەڵاتەکانی تەنها لەژێر فەرمانی وەزارەت ویاسا کارپێکراوەکاندایە نەک لەسەر مەحسوبیەت و باڵی دەست ڕۆشتوی فڵان بەرپرس یان فشارو تەکلیف و کاریگەری باڵی بەهێزی تەکەتولی ناو حیزبەکەی.

هێزی نیشتمانی پێویستی بەئیرادە وبڕیار دانە چونکە چارەسەرەکان ڕونن:
کەپێویستە یەک سەرکردایەتی بڕیاردان ویەک سیستەم  بۆ دامەزراندن و پێدانی پلەوپایەو سزادانەسەربازیەکان ، ویەک یاسا بەرقەرار بێت بۆ هەموان دادپەروانەکاربکات.
وەپێویستمان بە دەرکردنی بڕیارێکە بۆ ڕێگری کردن لە دەست تێوەردانی حیزبەکان لەکاروبارە کارگێڕی ویاسایی وسەربازیەکان.
چونکەلەتەواوی ئەزمونی وڵاتاندا ئەو ڕاستیە سەلمێنراوە کە هیچ ناوچەو هەرێمێک بەهێزی چەکداری حیزبی هەرگیز پارێزراو نابێت!
تەنها بەو هێزە نیشتمانیانە ئەپارێزرێت کە دڵسۆزی سوپاکانیان بۆ خاک وئاڵاو دەستورو پیرۆزی گەلەکەیان دەبێت.

وە دڵنیابە لەناو تەواوی شانازیەکانی ئێستاماندا ولەناو هەردوو دەڤەرو وەزارەتەکەتدا
هەزاران ئەفسەرو چەکداری بن دیوارو بێ پایەو بێ ئەرک
هەتا ئێستا کراون بەخزمەتکاری تەکیەو دیوەخانی بەرپرسە حیزبیەکان و لەجیاتی ئەرکی پێشمەرگایەتی بوون بە پاسەوانی ئەو باخ وڤێلایانەی کەبەخوێن و عارەقی ئەو پێشمەرگانە بەدی هێنراوە کەساڵانی پێش ڕاپەڕین خەبات وشەونخونیان ئەکرد بۆ ڕزگار کردنی هەرچوارپارچەکەی کوردستان.
جێگای نەنگییە جۆرە چەکدارێک ئەبینم بەناوی پیرۆزی پێشمەرگەوە کراون بە دەرگاوانی کۆنەبەعسی وشازادەو ملیاردێرەکانی ئەم هەرێمە، کەلەژیانێکی شاهانانەدا ئەژین وشانازی بەناوی پیرۆزی پێشمەرگایەتیەوە ئەکەن و جگە لەوەی چەندان ملیۆنێرو ملیاردێری تێک سمڕاوی تریش لەکەناڵەکانەوە لەناو کەژاوەی ئۆتۆمبێلە گران بەهاکانیانەوە وەک پاڵەوانی داستانەکان خۆیان نمایش ئەکەن.
کەلەبەرامبەر ئەوانەشدا سەدان پێشمەرگەی ماندونەناسی سەردەمی پێش ڕاپەڕین و ئەوانەی ڕووبەڕووی گەلەکۆمەی داگیرکەران وتراژیدیای ئەنفال ئەبونەوە لەژیانێکی کولەمەرگیدا ڕۆژەکانی تەمەن بەڕێ ئەکەن.
بۆیە داواکارم هەنگاوەکانتان بەرەو بونیات نانی سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتوو بێت

لەگەڵ  ڕێزدا
          عمید
لقمان عزیز کریم
30/6/2026

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن