85وتار

کاتێک کاک نەوشیروان نەخشەی ڕاپەڕینی دانا

10/2/2024 2:24:00 PM
لوقمان چاوڕەش

هەرچی هێزە خاوەن چەکدارە ئاوارە کوردەکانی ناو ئێران هەیە بانگهێشتنی کردن بۆ ئەوەی  بەشداری ڕاپەڕین بکەن و پرۆسەکە بکرێت بە ئەمری واقیع و لە ناو نێوەندەجیهانی و ئیقلیمیەکاندا ناووناوبانگی گۆڕینی نەخشەی سیاسی عێراق و کوردستان بسەلمێنرێت.

 تەنانەت لەگەڵ جاش وپیاوانی ڕژێمیشدا  ئاشتبونەوەی نیشتمانی ڕاگەیاند تابتوانێت هەستێکی نیشتمانی بخاتە ناو دڵ ودەرونی کوردانی باشوورو بیکاتە سەرەتایەک بۆ پێکەوەبون و یەکتر قبوڵ کردن و چیتر شەڕی کورد بەکورد حەرام بکات .

بەڵام ئەوانەی کە هەر لەعەزەڵەوە لە ژیانی شارستانیانە یاخی ببون وئەو وەرچەرخانەیان پێ هەزم نەکرا بەفیت وپلانی دوژمنە لەمێژینەکانی گەلەکەمان.

 دوبارە لولەی چەکەکانیان لەدوژمن وەرگێڕاو ئاگرێکی کڵپەسەندوی شەڕی ناوخۆی نەفرەت لێکراویان بەجۆرێک هەڵگیرساند کە هەرچی سیمای کوردایەتی وئەخلاقی پێشمەرگانە هەبوو لەناو ڕۆح و ڕوخساری چەکدارەکانیاندا نەما و مێشکی هەرچی ئەوگەنج ومێردمنداڵانەی کە بەناوی کوردایەتیەوە چەکیان هەڵگرتبوو پڕ پڕ کران لەڕق کینەو سڕینەوەی حیزبەکەی بەرامبەری.

بەعس و میت و ئیتلاعات کە هەرسێکیان دوژمنێکی لەمێژینەی گەل و نیشتمانەکەمان بوون کران بەدۆست وبراو پشتیوان .

 لەوێوە  بانگەوازێکی سەرتاسەری کرا بۆ حەڵاڵ کردنی ڕشتنی خوێنی ئەو گەنجانەی کەکراسی سەوزو زەردیان لەبەردەکرد.

لێرەوە لەلایەن حیزبەکانەوە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی خرایە قۆناغی دوژمنایەتی و خوێن ڕێژییەوە.

دراوسێ دەچوو بەگژ دراوسێدا و ماڵەکەی تاڵان دەکرد.

ئامۆزاکان بەشەڕ دەهاتن .

ژن ومێردەکان لەیەک جیادەبونەوە.

کوڕو باوک دەبون بەدوو ڕەنگ .

وەستا شاگردەکەی خۆی دەکوشت.

خوێندکار شەقی لەمامۆستاکەی هەڵ دەدا.

دکتۆر دەرزی ژەهراوی لە نەخۆشەکەی  دەدا.

کتێبەکانی مێژویان پڕ کرد لە درۆی مێژوی کوردایەتی و چەواشەکاری.

 هەرچی چین وتوێژ هەیە کران بەدووبەشەوە.

تەنانەت  دایەنگاو قوتابخانەونەخۆشخانەو مزگەوت وملوانکەو تەزبیح ودیواری تەوالێت ونەعل و دەسماڵی سەرشانی سەماکارو مێزەری مەلای مزگەوتەکانیشیان والێکرد کە پێویستە ڕەنگ بکرێن بۆئەوەی ئاڵای تسلیم بون بدەن بەو لایەنەی کە ستەمکاری ئەو سنورەن.

لەدوای ڕاپەڕینەوە هەتا ئێستا زیاتر لە 35000 هەزار کوردیان لەیەک کوشت و دواتر ناویان لێنا شەهید کە هەتا ئێستا بازرگانی بەخوێنی ئەو شەهیدانەوە ئەکەن بۆ شەرعیەت پێدان ومانەوەیان.

کەلەبنەڕەتدا هیچیان شەهیدی نیشتمان نین بەڵکو کوژراوی ئەو دەسەڵات وخێڵ وبنەماڵەو حیزبانەن کە هەتا ئێستا درێژە بە سڕینەوەی ئەوانی تر ئەدەن.

چونکەشەهیدی ڕاستەقینەی نیشتمان ئەوانەن کە لەزیندانەکانی بەعس و لەسەنگەری بەگژاچونەوەی بەعسەکان و ڕژێمی ئاخوندی  ئێران بەچەکی دوژمنەکان دەپێکران.

هەتا ئێستا بەناوی شەهیدو خوێن وخەباتەوە یاری بەهەست و ویژدانی خەڵک ودەنگدەرەوە ئەکەن بۆ ئەوەی خێروبێرو داهاتی گشتی بکەن بەمیراتێک و بیدەن بەدەست مناڵ وکوڕو نەوەکانیانەوە.
کوڕە جاش و مستەشارەکان بوون بە فەرماندەو پاسەوانیان بۆدانرا.

بەڵام ماندونەناسانی سەردەمی مەردایەتی تێرۆر ئەکرێن و پەراوێز ئەخرێن.

پێشمەرگە کە پێویستە بەرگریکاری سنورو سەروەریەکانی هەرێم بێت لەهەموو توێژەکانی تر  ڕق ئەستورترن بەرامبەر یەک و لەملانێیەکی سەخت و ناعەقڵانیدان لەبەرامبەر هاوزمانەهاوبەشەکەی خۆی کەچی شانازی بەخیانەتی گەورەی سەرکردەکانی خۆیانەوە ئەکەن و میز ئەکەن بە وێنەی ئەوانی تردا.

چونکەلەلایەن سیاسیەکانەوە بەجۆرێک پەروەردەکراون کەمێشکیان سڕاوەتەوە لەبەرامبەر ئەرکە نەتەوایەتی ونیشتمانیەکانیان.

وا ڕاهێنراون کە ئەرک وبەرپرسیارێتی ئەوان ئەوەیە کە کوردەهاوپیشەکەی خۆی دوژمنە ڕاستەقینەکەیەو پێویست و واجبە کەدژایەتی پلان وپرۆژەو جوڵەکانی ئەوانە بێت کە کۆدی حیزبەکەی خۆی پێوە نەکراوە.

هەموو ئەو ڕاستیانە کاتێک سەلمێنران کە هەرجارەی لەژێر ناونیشانێکدا سوپای عێراق وئێرانیان هێنایە سەرخاکی پیرۆزی نیشتمان و پێشمەرگەکان نەک ڕوبەڕویان نەبونەوە بەڵکو بەچەپڵە ڕێزان و خۆشحاڵیەوە بوون بە پشتیوان وپارێزەریان کەچی ئەم مێژووە نەک نەفرەتی لێ نەکرا بەڵکو بوو بەشانازیەکی گەورەو وەک مەدالیایەک ئەکرێت بە مل وگەردنی چەکدارەکانی حیزبەکانیاندا.

لەئێستادا هێزی داگیرکەری تورک وئەردۆگان پێشێلی خاکی پیرۆزی باشوری کردووە و دەیان هەزار چەکداری دوژمن لێرەیە.

دەیان بنکەی هەواڵگری وسیخوڕی لەم باشورەیە.

ڕۆژانە بە درۆنەکانیان تیرۆرمان ئەکەن.

بەڵام هیچ سەرکردەو سیاسیەک جورئەتی ئەوەیان نیە کە دان بەوڕاستیەدا بنێن و نەفرەتێکیان لێ بکەن.

بەڵام لەبەرامبەر ئەوەشدا بۆ ڕازی کردنی دڵی دوژمنەکانمان لەژێر ناونیشانی چەندین سیناریۆی جۆراو جۆردا هەوادارانی پەکەکە تاوانبار ئەکەن و وەک دوژمنێکی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان وێنای ئەکەن.

بەمەرجێک پەکەکە لە سەخت ترین ڕۆژگاری تەنگەتاویماندا  لەمەخمورو شنگال و حەویجەو کرکوکدا خوێنیان بەخشی و پارێزگارییان لە وجودی کوردبون دەکرد.

بۆیە لێرەوە داوا ئەکەم لەهەموو ئەو پێشمەرگەو چەکدارانەی کە تا ئێستا درک بەو ڕاستیانە ناکەن و هەموو تەمەنیان بەخشی لەپێناو نیشتمانەکەیاندا دەنگ ومتمانەی خۆیان نەبەخشن بەو نوێنەرانەی کەئەیانەوێت درێژە بەدەسەڵاتێک بدەن کە ماوەی سی وسێ ساڵە بەناوی کوردایەتیەوە خیانەت ئەکەن.

بەناوی  کوردایەتەوە نەوت وداهات وخێروبێری وڵات ئەبەن وئەفرۆشن.

بەناوی کوردایەتیەوە فێری ڕق وکینەو سڕینەوەی هاوزمانەکەت دەکەن.

تەنها وتەنها بەراوردێک لەنێوان ژیانی خۆت و کوڕە جاشێکدا بکە.

بەراورد لەنێوان ژیان وموچەو داهاتی خۆتدا بکە لەگەڵ ئەوانەی کە لەشاشەی مۆبایلەکەتەوە ڕەتڵی ئۆتۆمبێل و پاسەوانەکانی ئەبینیت.
تۆ پێشمەرگەیت و
ئەویش کوڕە مەسئول
خۆت مەکە بەقوربانی گیرفانی مناڵە وردکەی جەنراڵە بێ شەهامەتەکان
کوردبەو مەردبە
دەنگت ویژدانتە
عەقڵتە
ئایندەو چارەنوستە.

بەڵێ دەنگ بدە بە پرۆژەکەی نەوشیروان مستەفا
لیستی 114ی گۆڕان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن