1234وتار

بازرگانی بە خوێندن ڕاگرن

5/25/2020 8:54:00 PM
ڕەهێڵ دزەیی

دابین کردنی هەلی خوێندن وداڕشتنی سستمێکی سەردەمیانە وپێشکەوتوو یەکێکە لە ئەرکە لەپێشینەکانی حکومەت. لەبەر گرنگی کەرتی پەروەردە وفێرکردن بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا و دروستکردنی تاکێکی ڕۆشبیر وبەرپرسیار، هەردەم ئەم حکومەتانەی کە دڵسۆزن بۆ خاک و خەڵکەکانیان وە لەپێناو خزمەت کردنی گەلەکەیان درووست بوون، گرنگی و بوجەیەکی زۆر بۆ ئەم کەرتە تەرخان دەکەن. هەوڵی زۆر دەدەن کە مامۆستای بەتوانا و قوتابخانەی پێویست بە هەموو پێداویستیەکانی وانەبێژی دروست بکەن، خوێندن دەکەن بە خۆڕایی و زۆرەملێ بۆئەوەی زۆربەی هاوڵاتیان بێ بەش نەبن لە خوێندن.

بەپێچەوانەوە لە هەرێمی کوردستان گرنگی زیاتر بە کەرتی تایبەت و خوێندنگا ئەهلیەکان دراوە، خەڵکانێکی زۆر لە دەست ڕۆیشتوەکانی ناو حزبەکان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ خاوەنداریەتی ئەم خوێندنگایانە دەکەن ولەپێناو بەرژەوەندی و دەسکەوتی مادی زیاتر کەرتی پەروەردە وفێرکردنی حکومی فەرامۆش کراوە.

لەبەر خراپی وئاست نزمی خوێندنگا حکومیەکان زۆرێک لە دایک و باوکان ناچارن لە پێناو پاشەڕۆژێکی باش و ڕۆشن منداڵەکانیان بنێرن بۆ خوێندنگا ئەهلییەکان، لەگەڵ ئەوەی بارگرانیەکی مادی زۆریان دەکەوێتە سەر.

لە ناوەڕستی مانگی دووی ئەمساڵ(ساڵی ٢٠٢٠) بە بڕیاری حکومەت خوێندنگاکانی هەرێمی کوردستان داخران بەهۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێگرتن لە بلاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیە، بەڵام لەگەڵ داخستنی خوێندنگا و نەچوونی خوێندکاران بۆ خوێندنگا، وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن ڕێگا بە خوێندنگا ئەهلیەکان دەدات کە ئەم ماوەیەی خوێندنگاکان داخراون و بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستاون پارەی ئەم ماوەیە لە کەس وکاری خوێندکارەکان وەربگرن، ئەوەی لەدەستی هات تەنها ٢٠% پارەکە دابشکێنێت.

جەنابی وەزیر پەروەردە و فێرکردن دەڵی:- با منداڵەکانیان نەنێرن بۆ خوێندنگا ئەهلیەکان، کە دەیاننێرن دەبێ پارەکە بدەن.

جەنابی وەزیر هاوڕاتم مادام منداڵەکانیان دەنێرن بۆ خوێندنگا ئەهلیەکان دەبێ پارەکەبدەن، بەڵام  ئەوان ئەم پارەیە بەرامبەر بەم ئەرکەی کە پێی هەڵدەستن دەیدەن بە خوێندنگا ئەهلیەکان، کە بە کار و ئەرکەکانیان هەڵنەستان ئەم پارەیە لەبەرامبەر چی پێیان بدرێت؟

بە کام یاسا مافی ئەوەیان هەیە پارەیەک لە کەس وکاری خوێندکاران وەربگرن کە ئەرک وکارەکەیان پێشکەش نەکردوون؟

لەجیاتی ئەوەی دایک وباوکی منداڵەکان ناچار بن منداڵەکانیان بنێرن بۆ خوێندنگا ئەهلیەکان، هەوڵی باشکردنی خوێندنی حکومی بدەن، ئەم جیاوازیە زۆرەی نێوان خوێندنگای حکومی وئەهلیەکان کەم کەنەوە یان مەیهێلن، ئەو کات دڵنیات دەکەمەوە جەنابی وەزیری پەروەردە و فێرکردن کە هیچ خانەوادەیەک منداڵەکانی نانێرێت بۆ خوێندنگا ئەهلیەکان.

ئەوا ئاست نزمی سستمی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردستانە بارگرانیەکی زۆری خستۆتە سەر خانەوادەی خوێندکاران کە پارە لە دەمی خۆیان بگرنەوە بیدەن بە خوێندنگا ئەهلیەکان بۆ ئەوەی منداڵەکانیان نەزان و نەخوێندەوار دەرنەچن و دواڕۆژێکی باشیان هەبی.

لەم هەرێمە بچوکەی ئێمە خەریکە خوێندنگا ئەهلیەکان زیاتر دەبن لە خوێندنگاکانی حکومی، لەبەرامبەردا بێباکیەکی زۆر بەرچاودەکەوێت لە خوێندنگاکانی حکومی و ئاستی خوێندن تێدا زۆر نزمە. ئەم پێداوێستیانەی کە زۆر گرنگن و یارمەتیدەرن بۆ فێربوون دەتوانرێ بڵێن بوونی نیە یان زۆر کەمن. ئەم سستەمە کلاسیکیەی پەیڕەودەکرێت لە وەزارەتی پەروەردە وفێردنی و شێوازی وانە وتنەوە یارمەتیدەرنیە کەسێکی هۆشمەند و پڕ لەزانست وسەربەخۆ و باوەڕبەخۆمان بۆ بەرهەمبێنێت.

کەرتی تایبەت ئەگەر سەرکەوتوبێت بۆ بوارەکانی تری کۆمەڵگا ئەوە سەرکەوتوونیە بۆ کەرتی پەروەردە وفێرکردن. تەنانەت لە وڵاتانی سەرمایەداری و  ووڵاتانی پێشکەوتوو کەرتی پەروەردە وفێرکردن قودسیەتی خۆی پاراستوە بە دەگمەن خوێندنگای ئەهلی بوونی هەیە، ئەگەر هەبێ بەڕێژەیەکی زۆر کەم ولە ژێر چاودێری وەزارەتی پەروەردە وفێرکردندا دەبێت و ئەم پارەیەی لە خوێندکاران وەردەگیرێت پارەیەکی کەمە، هۆیەکەشی ئەوەیە ئەم کەرتە بەرپرسیارە لە دروست کردنی تاکی کۆمەڵگا وئاڕاستەکردنی بەم لایەنەی کە کۆمەڵگا بەوەر پێشکەوتن و داهێنان دەبات، بۆیە ناکرێ بازرگانی بەم بوارە بکرێت.

بازرگانی بە خوێندن و خوێندکاران واتا تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا ونەمانی بەها جوانەکانی ناو کۆمەلگا، تێکدانی ڕەوشت وکەسایەتی تاکی کۆمەڵگا، نەمانی خۆشەویستی بۆ ووڵات و نیشتمان پەروەردی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن