1446وتار

ڕۆڵی فەلسەفەی پەروەردە و پرۆسەی فێربوون لە کایەی سیاسیدا

6/28/2021 10:22:00 AM
ڕەهێڵ دزەیی

سستمی پەروەردە و پرۆسەی فێربوون لە هەموو بوارەکانی ژیانی تاک وکۆمەڵگەدا ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی هەیە. دەکرێ کۆمەڵگە بەرەو گەشەکردن و خۆشگوزەرانی ببات، هەروەرها دەشتکرێ بەرەو نادادی وگەندەڵیشی ببات. ئەوە فەلسەفەی پەروەردە و پرۆسەی فێربوونە، کە مۆڕاڵ و مرۆڤدۆستی یان توندڕەوی لە ناخی تاکەکانی کۆمەڵگەدا دەچێنێت. بەهەمان شێوە هەر فەلسەفەی پەروەردەیی و پرۆسەی فێربووە، کە ئاکار و موڕاڵی مرۆڤدۆستیی، یان توندووتیژیی لە ناخی مرۆڤەکاندا دەچێنێت.

پەیوەندی نێوان فەلسەفەی پەروەردە و پرۆسەی فێربوو و سستمی حکومڕانی پەیوەندیەکی لێکبەستراوە و جیاناکرێتەوە.

ناکرێ سستمێکی حکومڕانی دیموکراتت هەبێ و لەبەرامبەردا سستمێکی پەروەردەی کۆنەباو پەیڕەو بکەیت، پێچەوانەکەشی ڕاستە، ناکرێ سستمێکی حکومڕانی خۆسەپێن و نادیموکراتبیت و سستمێکی پەروەردە و فێربوونی سەردەمیانە و پێشکەوتووت هەبێ.

حکومڕانی هەرێمی کوردستان، حکومڕانێکی خۆسەپێن ونادیموکراتە. ئەمەش وایکردوە کە سستمی پەروەردە و پڕۆسەی فێربوون ببێت بە یەکێک لە ئامرازە هەرە سەرکیەکانی دەسەڵات بۆ مانەوەی خۆی، بۆیە بە هیچ شێوەیەک دەسەڵاتی سیاسی حوکمڕان، بە هیچ شێوەیەک، هەوڵنادات ئەم فەلسەفە پەروەردەییە کۆنەباوە بگۆڕێت بۆ فەلسەفەیەکی سەردەمیانە، کە فێرخواز تیایدا ببێت بە ناوەند و ڕۆڵی سەرەکی هەبێت لە پرۆسەی فێربووندا.

مێتۆدی ئەرگومێنت، یەکێکە لەو مێتۆدە هەرە چالاکانەی، کە هاوکاری زۆری گەشەسەندن و بەرزبووەوەی زانینی و فێرخواز دەکات، توانای خوێندەوەی بەرامبەر و بیرکردنەوەی، خوێندەوەی ڕەخنەگرانەی فێرخوا بەرز دەکاتەوە.


پرۆسەی فێربوونی دیموکراتیانە و سەردەمیانە، فێرخواز ناچار بە بیرکردنەوەی قووڵ دەکات، بەم جۆرە نەوەیەک دروست دەبێت، کە بە ئاسانی باوەڕ بە ڕووداوەکان ناکات،  پرسیار لەلای دروست دەبێت و بە دوای وەڵامە ڕاستەکان دەگەڕێت.

ئەگەر سسستمی پەروەردە وفێرکردنمان لەسەر بنەمای فەلسەفەی هاوچەرخ و پێشکەوتوو بنیادنرابا ئەوە ئێستا تاکەکانی کۆمەڵگاکەمان بە ئاسانی یاری بە هەستەکانیان نەدەکرا، پرسیارێکی یەکجار زۆر لەلایان دروست دەبوو کاتێک کەسێکی بازرگان خۆی دەکات بە پاڵەوان و بەنزین بە نرخێکی کەمتر لە بازار دابین دەکات، دەیان پرسی: کەسێکی بازرگان کە هەموو مەبەستی دەسکەوتی مادییە بۆ ئەم هەنگاوە دەنێت؟ چ سوودێکی مادی گەوەرە لە پشت ئەم هەنگاوەیەتی؟

 دەیان پرسی: تەنانەت دەست بردنی بۆ بواری سیاسی دەسکەوتی مادی لە پشتە؟ دەیان پرسی: نهێنی پەیوەندی دەسەڵات و ئەم بازرگانە چییە؟ بە ئاسانی باوەڕیان بە سیناریۆکانیان نەدەکرد، و بەدواچوونیان بۆ دەکرد.

 ئەم پرسیارانە و چەندی پرسیاری دی بێ وەڵام نەدەبوو لەلایان، بە دوای وەڵامەکان دەگەڕان تا نەگەیشتبان بە وەڵامی ڕاست و دروست ئارامیان نەدەگرد.

ئەگەر سستمێکی پەروەردە و فێرکردنی هاوچەرخمان دەبوو، شێخ و ئاغاکان نەدەبوو بە مافیا بە ڕۆژی ڕووناک گەنجان خەڵتانی خوێن بکەن و بێ شەرمانە بێن باسی سولحی عەشاییری بکەن لە کاتێکدا هەر کە دەمیان دەکەنەوە باس باسی دیموکراتی ومافی مرۆڤ دەکەن و خۆیان بە سەرکردەی حزبێکی دیمکراتی و سۆسیال دیموکرات و پێشکەوتنخواز دەناسێنن.

ئەگەر فەلسەفەیەکی باش وپێشکەوتووی پەروەردەمان هەبا، منداڵیکی دە ساڵان پەنای بۆ قۆپیە کردن نەدەبرد و دواتر بیر لە خۆکوشتن و بیرکردنەوەکەی جێبەجی بکات.

ئەگەر سستمی پەروەردە وفێرکردن لە هەرێمی کوردستان خاوەن فەلسەفەیەکی دیموکراتخواز و پێشکەوتنخواز بایە، ئێستا تاک بە تاکی کۆمەڵگا بەیەک دەنگ یەک بەیەکی گەندەڵکاران ودز و مافیەکانیان وخاک فرۆشەکانیان  بە سزای گەل دەگەیاند.

لەگەڵ بوونی فەلسەفەیەکی پەروەردەی پێشکەوتوو دیموکراتخواز دەسەڵات ناتوانێت خەڵک بە هەند وەرنەگرێت، ناچار دەبێت نەک تەنها موچە بەڵکو خزمەتگوزاری وئازادیەکانیانشیان بۆدابین بکات.

بۆ ئەوەی ببین بە خاوەن فەلسەفەیەکی پەروەردەی  دیموکراتخواز و هاوچەرخ دەبێ سەرەتا سستمی حکومڕانیەکی دیموکرات و دادپەروەو ومرۆڤدۆستمان هەبێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن