1188وتار

خوێندنی بنەڕەتی گرنگە ببێتبە زۆرەملێ

3/29/2019 6:46:00 PM
ڕەهێڵ دزەیی

بۆ دروستكردنی كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو و شارستانی، دەبێت گرنگی بدرێت بە خوێندن‌و دانانی سیستمێكی پەروەردەی سەردەمیانەو بگونجێت لەگەڵ كلتووری گەلەكەمان. ئەم وڵاتانەی گرنگیان بەخوێندن‌و پەروەردە داوە‌و دركیان بەگرنگی ئەم كەرتە كردووە بۆ گەشەكردن بەرەوپێشخستنی وڵاتەكەیان، توانیویانە وڵاتەكەیان ببەنە ئاستی وڵاتە گەورەو پێشكەوتوەكانی جیهان.


خوێندن كاریگەری زۆرو هەستیاری هەیە لەسەر زۆربەی بوارەكانی ژیان‌و هەر گۆڕانكارییەك لە سیستمی پەروەردەو فێركردن رووبدات كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر كۆمەڵگا تەنانەت كاریگەری دەبێت لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتیش، بە هەردوو روویەكەیەوە، باش‌و خراپ.


كەسێك خوێندەوارو خاوەن بڕوانامە ئاسۆیەكی روونتری لەبەردەمدایە بۆ بەرنامە داڕشتنی ژیانی‌و هەلی كار لەبەردەمی زیاتر دەبێت. رۆڵی بەرچاوی دەبێت لە بەشداریكردنی لە گەشەكردنی بوارەكانی سیاسی‌و ئابووری‌و كۆمەڵایەتی وڵات‌و هێنانەدی پاشەڕۆژێكی باشترو پێشكەوتووتر بۆ نەوەكانی داهاتوومان.


كەسی خوێندەوار هۆشیاری زیاتری دەبێت بۆ پاراستنی باری تەندروستی خۆی‌و دەوروبەری‌و لە ڕێگای بەخوێندەواریكردنی زۆرینەی تاكەكانی كۆمەڵگا، دەكرێت كۆمەڵگایەك بێتە بەرهەم لە ڕووی تەندروستیەوە لە ئاستێكی بەرزدا بێت. ئەو كۆمەڵگایانەی رێژەی نەخوێندەواری زۆر كەمە، ئاستی تەندروستی تاك‌و خێزان زۆر بەرز دەبێت تیایدا.


پێش راپەڕین یاسای خوێندنی زۆرەملێ بۆ خوێندنی سەرەتایی هەبوو، بەڵام دوای راپەڕین كار بەم یاسایە نەكرا چیدی، ئەمەش وای كرد كە خێزانەكان سەرپشك بن لەوەی منداڵەكانیان دەنێرنە بەر خوێندن یان نا.


ئەم رووداوانەی كە روویداوە لە دوای راپەڕین زۆربەیان ناخۆش‌و كارەساتبار بوون بۆ خەڵكی ئەم هەرێمە، وایكرد ژمارەیەكی زۆر لەمنداڵان بێبەشبن لە خوێندن، هەر لە شەڕی ناوخۆو دوو ئیدارەیی، ئەم گەندەڵییە زۆرەی لەلایەن دووحزبی دەسەڵات لە ئیدارەدان‌و بەڕێوەبردنی دەزگاكانی حكومەتدا ئەنجامیانداوە، دزینی داهات‌و دواتریان فرۆشتنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوەو ناشەفافی داهاتەكەی، هەموو ئەوانە وایكرد كە خەڵك لە هەژاری‌و نەبوونیەكی زۆردا ژیان بەسەر ببەن.


هەژاری‌و نەبوونی هۆكارن بۆ نەناردنی منداڵەكان لەلایەن خێزانەكانیان بۆ خوێندن، بەتایبەت لەلایەن ئەم خێزانانەی كە نەخوێندەوارو كەم دەرامەتن، ئەمەش وایكردوە كە رێژەی نەخوێندەواری لە ئاستێكی بەرزدابێت لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتتر لە لادێ‌و شارۆچكەكاندا رێژەی نەخوێندەواری زۆرە، هەژاری تاكە هۆكار نیە لەم شوێنانە، بەڵكو كەمتەرخەمی حكومەت لە دروستكردنی خوێندنگاو دابینكردنی مامۆستا بۆ لادێكان هۆكارێكی تری نەخوێندەوارییە.


ئەگەر سەیرێكی شێوازی حكومڕانی كابینە یەك لە دوایەكەكانی هەرێمی كوردستان بكەین بێخەمیەكی زۆریان پێوەدیارە بەرامبەر بەكەرتی پەروەردەو فێركردن، هەر لە نەبوونی یاسایەك بۆ شێوازی سیستەمی پەروەردەو فێركردن، لە دابیننەكردنی بودجە‌و دروستنەكردنی خوێندنگاو گرنگی نەدان بە دابینكردنی كادری پەروەردەیی باش، هەروەها لە دانانی كەسانی ناشارەزا وەك وەزیرو بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پەروەردەدا، هەموو ئەوانە وایكردووە كە ئاستی خوێندن‌و زانست زۆر نزم بێتەوە، خوێندن ئەم بەها گرنگەی خۆی لەدەست بدات.


دانانی كەسی حزبی‌و ناشارەزا لە كەرتی پەروەردە، وەك وەزیری پەروەردە، وای كرد كە پەشێویەكی زۆر لەم وەزارەتە دروست بێت، ئەوەندەی گرنگی بەدانانی كەسی حزبی لەخوێندگاكان دراوە، ئەوەندە گرنگی نەدراوە بەدابینكردنی كەسی پسپۆڕو پەروەردەیی لە خوێندنگاكاندا. كەرتی پەروەردە وەك تاقیگەیەكی لێهاتووە، هەر ماوەیەو بەرنامەیەك‌و سیستمێكی نامۆ بەكلتوری كوردەواری تاقیدەكەنەوە لەسەر خوێندكارەكان، ئەمەش وایكردوە كە خوێندكارەكان حەزو خولیاو ئارەزوویان نەمێنێت بۆ خوێندن.
سیستمی پەروەردە یەكێكە لە پایە گرنگەكانی هەر دەوڵەتێك، ئێمەی كورد كە ئاوات‌و ئامانجی سەرەكیمان ئەوەیە كە ببین بەخاوەن دەوڵەت‌و وڵاتی سەربەخۆی خۆمان، بۆیە دەبێت لەگەڵ بە سیستماتیككردنی دامودەزگاكانی حكومەت، گرنگیەكی زۆر بە كەرتی پەروەردەو فێركردن بدەین، بە چارەسەركردنی كێشەكانی كەرتی پەروەردە، هێنانی كەسانی شارەزاو پسپۆڕ لە بواری پەروەردەو فێركردن بۆ ئەوەی سیستمێكی باش‌و پوخت‌و سەردەمیانە كە لەگەڵ كلتوری كوردەواری بگونجێت دابڕێژین.


خوێندنی زۆرەملێ بە یاسا بكرێت بۆ قۆناغی بنەڕەتی. هەموو دایك‌و باوكێك دەبێت منداڵەكانی بنێرن بۆ خوێندن لەكاتی سەرپێچی بەپێی یاسا سزا بدرێن. خوێندنی زۆرەملێ قۆناغی بنەڕەتی بواری زیاتر بە خوێندكار دەدات كە بەردەوام بێت لە خوێندن‌و ببێت بەخاوەن بڕوانامەیەك لە بوارە جیاجیاكانی خوێندن،  بەمەش هەلی كار لەبەردەمی زیاتر دەبێت‌وتێڕوانینیبۆژیان‌وپێكەوەژیان‌ورۆڵیتاكلەكۆمەڵگاواقعیانەوسەردەمیانەتردەبێت. هەروەهاهێزوتوانایگەنجەكانیگەلەكەمانبەهەدەرناچێت.


لەكاتی بوونی یاسای خوێندنی زۆرەملێ، حكومەت دەبێت پێداویستی خوێندن بۆ هەر خوێندكارێك دابین بكات‌و خوێندن بەشێوەیەك بێت كە هیچ ئەركێكی ئابووری نەخاتە سەر خێزان.


بێگومان لە ئێستادا سیستمی پەروەردەو فێركردن‌و وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان كەموكورتیەكی یەكجار زۆری هەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن