پەروەردە چیە و کێ لێی بەرپرسیارە؟
4/2/2021 10:18:00 PM
ڕەهێڵ دزەیی
چەمکی پەروەردە چەمکێکە ئاسان نییە کۆدەنگی لەسەر هەبێ و پێناسەیەکی یەکگرتووی بۆ بکەین. پێناسەی پەروەردە لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر دەگۆڕدرێت، ئاستی هۆشیاری، جۆری بیرکردنەوە، گەشەکردنی مرۆڤەکان، جیاوازی بیروبۆچون، پێداویستیەکانی ژیان، بەرز و نزمی ئاستی ئابووری، و جۆری سستمی حکومڕانی کاریگەریان دەبێ لەسەر پێناسە و فەلسەفەی پەروەردەی هەر کۆمەڵگایەک.
پەروەردە کار دەکات لەسەر پەرەپێدانی تاک لە ڕێگای پرۆسیەکی سستماتیکی مەبەستدار لە پێناو ئامانجێکی دیاریکراو کە لە نێوان نەوەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
ئامانج لە پەروەردە، پەرەپێدان و گەشەکردنی تواناکانی تاک لە سەرجەم لایەنەکان، لایەنی زهنی، دەروونی، جەستەیی، کۆمەڵایەتی، سۆزداری، مەعرفی، هەڵس وکەوت و کەسایەتی تاک، لە پێناو گەشەپێدانی و پەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا.
پەروەردە و سستمی پەروەردەی بەردی بناغەی پێشکەوتنی وڵاتانن، گرنگی هەیە لەسەر گەشەکردنی لایەنی ئابووری وکەلتووری وڕامیاری وکۆمەڵایەتی گەلان.
یەکەم لانەی منداڵ خێزانە کە لەوێوە یەکەم وانەی پەروەردە وەردەگرێت، بەلام خێزان تاکە لایەن نییە کە بەرپرسیاربێت لە پەروەردە کردنی منداڵ. هەروەک باسمان کرد شێواز وجۆری پەروەردە کاریگەری دەبێت لەسەر کایەکانی حکومڕانی وڵات و گەشکردنی کۆمەڵگا، بۆیە ناکرێ پرۆسسی پەروەردە بەتەنها بخریتە ئەستۆی دایک وباوک.
بەرپرسیاری سەرەکی لە داڕێشتنی شێواز و دەستنیشان کردنی ئەو فەلسەفە پەروەردەییەی کە دەگونجێ لەگەڵ داب و نەریتی و کەلتووری کۆمەڵگاکەمان، سیاسەتمەداران و حکومەت و پەرلەمانە.
ئایا تا ئێستا لە پەرلەمانی کوردستان بۆ یەک جاریش باس لەوە کراوە چی جۆرە فەلسەفەیەکی پەروەردەیی گونجاوە لەگەڵ کەلتوور فەرهەنگی ئێمە و بیکەن بە پرۆژەیاسا وکاری لەسەر بکەن؟ بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکەمان ببێت بە خاوەن پەروەردەیەکی یەکگرتوو سەردەمیانە. ئەم بابەتە گرنگترین بابەتە کە دەوبوو پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەکان کاتی زۆر و توانای زۆرتری بۆ تەرخان کردبا.
سستمی پەروەردە و فێرکردن و ڕادەی گەشەکردن و سەردەمیانەی ئەم سستێمە کاریگەری بەرچاوی هەیە لە بووژانەوەی ئابووری و ئاسایشی گشتی و بەرەوپێشچوونی پیشەسازی وکشتوکاڵی وجولانەوەی فەرهەنگی هەر کۆمەڵگایەک.
لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا نەتوانراوە یان هەوڵنەدراوە فەلسەفەیەکی پەروەردەی یەکگرتوو داڕێژن و پەیڕوی بکەن و شۆڕی بکەنەوە بۆ قوتابخانەکان ولەڕێگای پەیوەندی و هاوکاری نێوان خێزان و قوتابخانەکانەوە بگەێندرێتە دایک و باوک بۆ ئەوەی پەروەردەیەکی یەکگرتوومان هەبێ و بتوانین پێناسەی پەروەردەی کۆمەڵگای کوردی بکەین، لە ئێستادا ئاسان نییە پێناسەی جۆری پەرەوردەی کۆمەڵگاکەمان بکەین. هەر خێزانەو بە گوێرەی ئاستی هوشیاری وڕۆشنبیری وتێڕوانینی بۆ بەهاکانی ڕەوشت وژیان منداڵەکانی پەروەردە دەکات، خێزان لە هەرێمی کوردستان هیچ هاوکاریەک ناکرێت بۆ ئاشنا بوونییان بە شیوازی پەروەردەی سەردەمیانە وچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریە زۆر و بە پەلانەی ڕوودەدات لەم سەردەمە کە کاریگەری زۆری هەیە لەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵگا. خێزان بەتەنها توانای ئەوەی نییە پەروەردەیەکی سەردەمیانە پێشکەش بە منداڵەکانی بکات، بۆیە پێویستی بە هاوکاری و ڕێنمایی هەیە، ئەمەش لە ڕێگای کردنەوەی سەنتەری (هاوکاری خێزان) لە زۆربەی شوێنەکان بۆ ئەوەی ڕێنمایی دایک و باوکان بکەن و هاوکاریان بن لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان، ئەمەش ئەرکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە.
لەگەڵ ئەوەی زۆر باس لە پشتگوێ خستنی لایەنی پەروەردە لە سستمی خوێندن دەکرێت، بەڵام پرۆسەی پەروەردەی (ئەرێنی و نەرێنی) بوونی هەیە لە ناو هۆڵی خوێندن و قوتابخانەکان. ئەوەی بوونی نییە (پێداگووگیک)ە نەک پەروەردە ( پێداگوگیک واتا بیر و تیۆری، بەڵام کاتیک ئەم بیر وتیۆریانە بە پراکتیکەکردن دەکرێت بۆ کردار و ئاکار دەگۆڕدرێت بۆ پەروەردە).
پەروەردە بابەتێک نییە کاتی بۆ دیاری بکرێت وەک وانەکانی ماتماتیک، زانست، وەرزش یان هەر بابەتێکی تر، بەڵکوو پەروەردە بوونی هەیە لە هەموو وانەکان.
مامۆستا پێشڕەو و نمونەیە بۆ قوتابیەکانی، هەڵس و کەوت و شیواز و ئاستی قسەکردن و ڕێزگرتنی لە خۆی و قوتابیەکانی و شیوازی وانە بێژی ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێ لەسەر قوتابیەکانی، لە مامۆستاکەیان فێردەبن و دەبێتە بەشێک لە پەروەردە وکەساییەتیان. لە نەبوونی بەرنامەیەک و فەلسەفەیەکی دیاری کراو لەلایەن پەرەلەمان و وەزارەتی پەروەردە کە قوتابخانە و مامۆستاکان پابەندبکرێن پێیوەی، دەبیتە هۆی ئەوەی پەروەردەیەکی نەرینی و بێ بەرنامە لە ناو قوتابخانەکان پەیڕەوبکرێت.
وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەرکێکی گرنگی هەیە شان بە شانی دەزگاکانی تری حکومەت. ئاستی بلاوکراوە ئەدەبی وفەرهەنگیەکان و ئەم دڕامایانەی کە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پەخش دەکرێن، پێش بڵاوکردنەوەیان دەبێ لەلایە وەزارەتی ڕۆشبیری کۆنتڕۆڵ بکرێت و ڕێگا بەو درامانە نەدرێت کە کاریگەری نەرێنی وناگونجێت لەگەل ڕەوشت و کەلتووری کۆمەڵگاکەمان. ئاستی زمانەوانی بێژەر ودۆبلاج کردنی دراماکان و بەکارهێنانی وشەی نەشیاو ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر شیوازی قسەکرد وئاستی زمانەوانی تاکی کۆمەڵگا بەتایبەتر منداڵان.
بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو سەرکەوتوومان هەبێ، بۆ ئەوەی حکومڕانێکی ڕەشید و دادپەروەرمان هەبێ، گرنگە پەرلەمانی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کاری جدی بکەن و بە گرنگەوە کار بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسایەک کە تێدا پێناسەی چۆر و ئەو فەلسەفەیەی گونجاوە بۆ کۆمەڵگاکەمان و مندال و نەوەکانمانی لەسەر پەروەردە بکرێت، لە پێناو گەشەپیدان وبەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا وسستمی حکومڕانی هەرێمەکەمان.