زانستی پەروەردە لە وڵاتان و كوردستان
2/21/2019 8:15:00 PM
ڕەهێڵ دزەیی
پێداگۆگیك “زانستی پەروەردە” ئەم زانستەیە كە بەدوای شێوازێكی سەردەمیانە و پێشكەوتوودا دەگەڕێت بۆ گەیاندنی ئامانجەكانی فێربوون، هەروەها پەروەردەكردنی تاكی كۆمەڵگاو دروستكردنی تاكێكی ئازادو سەربەخۆو خاوەن ئیرادەیەكی بەهێز.
زانستی پەروەردەو زانستی فێركردن دوو زانستن لەیەك جیاناكرێنەوە، لەسەر بنەمای زانستەكانی فەلسەفەو دەروونناسیو كۆمەڵناسیو مێژوو دروستبوون. ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ كاریگەرییان هەیە لەسەر گەشەكردنی كۆمەڵگاو گەشەكردنی بوارەكانی ڕامیارییو ئابووریو كۆمەڵایەتی وڵات.
سیستمی پەروەردە كار دەكاتە سەر خەڵكو كۆمەڵگا لە ڕێگای فێربوون، پەرەپێدان، گەشەكردنی لایەنی كۆمەڵایەتی، فێركردن، ڕاهێنان، دروستكردن. هەروەها زانستی پەروەردە ڕۆڵی گرنگی هەیە لە گەشەكردنو بیركردنەوەی ئەكادیمیو كەسایەتی خوێندكار.
بەهۆی گرنگیو كاریگەریی زانستی پەروەردە لەسەر تاكو خێزانو كۆمەڵگا، دەسەڵاتەكان هەوڵ دەدەن لەم ڕێگایەوە تاكێك بەرهەم بهێنن كە لەگەڵ سیاسەتەكانی خۆیان بگونجێن.
لەڕێگای سیستمێكی پەروەردەیی تەندروستو پێشكەوتوو، دەكرێت كۆمەڵگا بنیات بنرێت بە داڕشتنەوەو ڕێكخستنەوەی بەهاو پڕەنسیپەكانیو ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگا بەشێوەیەك كە بگونجێت لەگەڵ كلتوورو دابونەریتەكانی، دروستكردنی تاكێك كە خاوەن بیرو بۆچوونی ئازادو سەربەخۆ بێتو پەروەردە بكرێت لەسەر بەها مرۆییەكانی جیهانی. هەر لەم ڕێگایەوە دەتوانرێت كۆمەڵگا بەرەو دیموكراتیەت ببەینو تاكێك بەرهەمبهێنین كە توانای بڕیاردانی هەبێت و دەسەڵات نەتوانێت بەسەریدا بسەپێنێت كە چی فێربێت، بەرنامەی خۆی بۆ دروستكردنی تاكێك كە لەگەڵ بەرنامەكەی خۆی بێتەوە، جێبەجێ بكات.
زانایان و فەیلەسوفەكان هەر زوو دركیان بە گرنگی ئەم زانستە كردووە، لە مەترسیەكانی بەخراپ بەكارهێنانی لەلایەن دەسەڵاتە خۆسەپێنراوەكانو كاریگەری لەسەر گەشەكردنو بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگا.
سوقراتو ئەفڵاتون كۆنترینن كە قسەی خۆیان لەم بوارە كردووە. ئەفڵاتون پێیوایە كە دەبێ كەسانی خاوەن بڕوانامەی بەرز، كە ئاستی مەعریفیان زۆر بەرزە لەدەسەڵات بن و حكومڕانی وڵات بكەن، ئەم پێیوایە مرۆڤەكان جیاوازن لە بیركردنەوەو تێڕوانینیان بۆ شتەكان، بۆیە دەبێت كەسی بیرمەندو زانا وڵات بەڕێوەبەرن.
فەیلەسوفەكانی دوای سوقڕاتو ئەفڵاتون ئەوانیش زۆربەیان گرنگی زۆریان بە بواری پەروەردەو فێربوونداوە دواتریان فەیلەسوفی چیكی جوهان كۆمینیوس كە زۆر بەگرنگی كاری لەم بوارە كردوەو لە ئێستادا زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا پەیڕەوی دیدو تێڕوانینەكانو بۆچونەكانی ئەم دەكەن لە داڕشتنی سیستمی پەروەردەی وڵاتەكەیان.
لەگەڵ ئەم هەموو گرنگییەی وڵاتان بەم بوارە دەیدەنو ساڵانە بوجەیەكی زۆر بۆ بواری پەروەردە تەرخان دەكەن بۆ ئەوەی نەوەیەكی ڕۆشنبیرو داهێنەر بەرهەم بێنن بۆ كۆمەڵگاكەیانو بتوانن خزمەتێكی زۆری خەڵكو وڵاتەكەیان بكەن، ئەم گرنگییەشیان لە خۆشەویستیو دڵسۆزیان بۆ وڵاتو خەڵكەكەیان سەرچاوەی گرتووە، بەڵام دەبینین كە ئەم بوارە لەهەرێمی كوردستان زۆر فەرامۆش كراوە.
سیستمی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان زۆر ناڕوونە، بەو مانایەی كە دیار نیە پەیڕەوی كامە فەلسەفەی پەروەردەیی دەكات. بەداخەوە كادری پەروەردەیی لە هەرێمی كوردستان یەكجار كەمە، كە دەڵێین كادری پەروەردەییمان كەمە بەو مانایەیە كە كۆلێژەكانی پەروەردە كەمتەرخەمن لە گرنگیدان بە زانستی پەروەردە (پێداگۆگیك)، كە ئەركی كۆلێژی پەروەردەیە كادیرێكی پەروەردەیی دروست بكات، بۆ ئەوەی پەرە بە سیستمی پەروەردە بدەنو قوتابیان بە شێوازیكی تەندروست پەروەردەو فێربكرێنو ببن بە ئەندامێكی سوودبەخش بۆ كۆمەڵگاكەی.
ئەوەی ڕوونو ئاشكرایە بۆ هەمووان كە دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان ئەم بوارەی بەكارهێناوە بۆ دروستكردنی تاكێك لەگەڵ بۆچوونەكانی ئەو بێتەوەو بەرهەمهێنانی كۆمەڵگایەكی نادیموكراتیو تاڕادەیەك زۆر لەدوا كۆمەڵگا پێشكەوتووەكانە. سیستمی پەروەردە لە كوردستان بەشێوەیەكە كە هانی قوتابی نادات ئازادو سەربەخۆ بێت لە بیركردنەوەو هەڵسوكەوتی، ئەمەش وادەكات تاكێكی باوەڕ بەخۆ نەبوو خاوەن ئیرادەیەكی لاواز بەرهەمبهێنێتو نەتوانێت لە داهاتوودا ببێت بەكەسێكی داهێنەرو بەسوود بۆ كۆمەڵگاكەی.
ئەركی ئەم لایەنو حزبانەی كوردستان كە خۆیان بەدڵسۆزو لە بەرەی خەڵك دادەنێن لەئێستادا كاری سەرەكیان گرنگییدانە بە سیستمی پەروەردە، لەدەست دەسەڵاتی حزبی دەربهێندرێتو بكرێت بەنیشتمانیو كەسانی دڵسۆزو بە ئەمەك بۆ خەڵكو خاكەكەیان، پسپۆڕ لە بواری پەروەدەو فێركردن سیستمێكی پێشكەوتوو و سەردەمیانە بێننەكایەوە كە لەگەڵ كلتوورو دابو نەریتە كوردەوارییەكان بگونجێت، وڵات بەرەو پێشكەوتن ببەنو نەوەكانی دواڕۆژمان لە خۆشگوزەرانیو ئازادیو سەربەستی بژین، ببن بە ئەندامێكی سوود بەخش بۆ كۆمەڵگا.